پارتی‌و حەلبوسی بەئاگاداری ئەمریکییەکان هەوڵی لێکنزیکبونەوە دەدەن

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4878 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی بەرپرس لەپارێزگای ئەنبار، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی گرنگی بەبەشداری وه‌فدێكى باڵای ئەمریکی لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردەی دیاری کوردو سوننە کردوە.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبونەوەکە بریتی بوە لەچارەسەرکردنی ناکۆکییە قوڵەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان‌و یەکخستنی هەڵوێستەکان وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ‌و کارا لەعێراقدا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، شاندە ئەمریکییەکە، بەهەماهەنگی لەگەڵ بارزانی، هەوڵیداوە بۆچونە جیاوازەکانی نێوان هێزە کوردی‌و سوننەکان بگونجێنێت.

باسی لەوەشکردوە، ئەو هەوڵە بەتایبەتی دوای ئەو ناکۆکییانە هاتوە کە لەنێوان خودی بارزانی‌و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی هاوپەیمانی "تەقەدوم"، سەریهەڵداوە.

هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرایکردوە، زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئامانجی ئەم هەوڵە بریتییە لە جێبەجێکردنی پلانێکی ئەمریکیی گشتگیر بۆ قۆناغی داهاتوو، کە تێیدا لەژێر چاودێریی ئیدارەی ترەمپ، ڕۆڵەکان دابەشدەکرێن‌و دیدگاکان یەکدەخرێن.

سەرچاوەکە هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە ئەم جوڵانە ببێتە هۆی دابەشبونی سیاسیی زیاتر شەقامی عێراقیدا.