قوباد تاڵەبانی: پێنج بەرپرسی چەمچەماڵ کەمتەرخەمبون و چواریان داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردوە

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 992 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، رێکار بەرامبەر بەرپرسە کەمتەرخەمەکانی چەمچەماڵ گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لەکۆی پێنج بەرپرسیش کە تۆمەتبارن بە کەمتەرخەمیکردن، چواریان داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردوە و داواکەشیان پەسەندکراوە، دەشڵێت، بەرپرسەکەی پێنجەمیش دەبەخشرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەئەنجامی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ و لە سۆنگەی هەستکردن بەرپرسیارییەتیان بەرامبەر بەو کارەساتەکە، هەریەک لە قائیمقامی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی شۆڕش و بەڕێوبەری پەروەردەی چەمچەماڵ داوای بەخشین لە پۆستەکانیان دەکەن ".

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد،" ئەو بەرپرسانەی داوای بەخشینیان کردوە داواکەیانم پەسەند کردوە و لەئایندەدا پۆستەکانیان بە کەسانی تر پڕ دەکرێنەوە".

هاوکات، قوباد تاڵەبانی لەوەڵامی پرسیارێکی چاوەڕوان مەحمود پەیامنێری شارپرێس وتی،" ئەو بەرپرسانەی دەبەخشرێن بەواتای ئەوە نییە کە کەسانی خراپ بنو ڕەنگە لەداهاتودا پۆستی دیکەی پێبدرێت، چونکە هەمومان رەنگە لە قۆناغێکدا هەڵەمان کردبێت و وانەمان لێوەرگرتبێت، منیش وەک جێگری سەرۆک وەزیران ڕەنگە لەهەندێک کاتدا بڕیاری هەڵەم دابێت و دواتر لێی پەشیمان بوبێتم لێی، بەڵام باوەڕ ناکەم ئەو هەڵەیەن دوبارە کردبێتەوە ".