شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرنال"، دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ پارێزەری ناسراو ئالن دێرشۆڤیتز گفتوگۆی کردوە دەربارەی ڕەشنوسێکی کتێبێک کە دێرشۆڤیتز ئامادەیکردوەو پەیوەندیدارە بەوەی ئایا ترهمپ لەڕوی دەستورییەوە دەتوانێت بۆ جاری سێیەم بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی کاندیدبکات یان نا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو بابەتە نیگەرانییەکی زۆری هێناوەتە ئاراوە لای دژبەرانو پسپۆڕانی دەستور، چونکە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆی دەستوری ئەمریکایە، بەتایبەتی گۆڕانکاریی بیستودوهم کە دوای چوارجار هەڵبژاردنی فرانکلین ڕوزڤێلت پەسەندکرا.
ئەم گۆڕانکارییە ئەوە ڕوندەکاتەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت زیاتر لەدوجار بۆ پۆستی سەرۆک هەڵبژێردرێت، بەڵام دێرشۆڤیتز دەڵێت، "دەستور لەهەمولایەنەکاندا ڕون نییەو چەند سیناریۆیەکی جیاواز هەن کە لەوانەیە ڕێگهی کاندیدبونی جارێکی سێیەم بدەن.
ئەوهش باسدەکات، ترهمپ لەکۆبونەوەیەک لەکۆشکی سپی ڕەشنوسی کتێبەکەی وەرگرتوە کە وابڕیارە ساڵی داهاتوو بڵاوببێتەوەو وتویەتی، بابەتەکە لەڕوی تیۆرییەوە سەرنجڕاکێشە، بەڵام خۆی باوەڕی وایە ترهمپ بەڕاستی بۆ جارێکی سێیەم کاندید نابێت.
ئەم ڕاپۆرتە دوای ئەوەهات، میریام ئادێلسن یەکێک لەگەورەترین پشتیوانانی دارایی حزبی کۆماری وتی، "دێرشۆڤیتز پێی وتوە کاندیدبونەوەی ترهمپ بۆ جارێکی سێیەم دەستوری دەبێتو هەروەها ئامادەبونی خۆی بۆ پێشکەشکردنی 250 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند.
ترهمپ خۆی پێشتر ڕاگەیاندبوو، بۆ جارێکی سێیەم کاندید نابێتو سۆزی وایڵز گەورە فەرمانبەری کۆشکی سپیی، ئەم هەفتەیە لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "سەرۆک ترەمپ خۆی باشدەزانێت کە ناتوانێت جارێکی دیكه خۆی کاندید بکاتەوە".
