شارپرێس:
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، شاندی باڵای حزبەکە بە نوێنەرایەتی بارزانی لە بەغدایە بۆ ئەوەی بە لایەنە عێراقییەکان بڵێن نابێت ئەزموونی شکستخواردووی ڕابردوو دووبارە بکرێتەوە.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەمیدیای نزیک لەحزبەکەی وتوە، ناردنی ئەو شاندە باڵایە بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سوننە و شیعەکان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ڕا و بووچوونی یەکتر سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق بزانین؛ هاوکات بۆ ئەوەی کە ئەو لایەنانەی ئاگادار بکەینەوە، کە چیتر نابێت ئەزموونی شکستخواردووەکانی پێشووتر دووبارە بکرێنەوە.
مەحمود محەمەد ڕاشیگەیاند، دەبێت ئەزموونێکی نوێ لە سەر بنەمای هاوبەشی هەموو پێکهاتەکان وڵات بەڕێوە ببردرێت و بەیەکەوە بۆ سەرکەوتنی داهاتووی ئەو وڵاتە بڕیار بدەین.
هەروەها دەڵێت، پارتی سەنگی خۆی لە بەغدا هەیە و شاندەکەش نوێنەرایەتی بارزانی دەکات، لایەنەکانی بەغدا بە تامەزرۆوە چاوەڕێی سەردانەکەی پارتی بوون، چونکە دەیانویست لە نزیکەوە ڕا و بووچوونی حزبەکەمان سەبارەت بە ئایندەی وڵات و پێکهێنانی حکوومەت بزانن.