شارپرێس:
دوێنێ لوتکەیەکی سێقۆڵی لەسەر ئاستی باڵا لەقودس بەڕێوەچوو، تێیدا سەرکردەکانی ئیسرائیل، یۆنانو قوبرس بەشداربون، ئەو کۆبونەوەیە لەکاتێکدابوو کە گرژییە هەرێمییەکان لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا، لەهەڵکشاندان.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئامانجی سەرەکی لوتکەکە بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنییەو دروستکردنی سیستەمێکی هاوبەشی ڕێگرییە بۆ ئەوەی ڕێگە لەتێکچونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنكەرە بگرێتو نەگاتە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان کیریاکۆس میتسۆتاکیسو سەرۆکی قوبرس نیکۆس خریستۆدۆلیدیس، چونه ئیسرائیلو لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبونهوهیان ئهنجامدا.
لوتکەکە لەسەر پاشخانێکی گرژیی زۆری نێوان تورکیاو هەریەک لەیۆنانو قوبرس دێت، سەرەڕای ئەوەی کە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕەتیدەکەنەوە، مەبەست دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی فەرمی بێت، بەڵکو جەخت لەسەر دامەزراندنی "دیوارێکی ڕێگری" دەکەنەوە لەڕێگەی هەماهەنگیو ڕاهێنانی هاوبەشەوە، بۆ گەیاندنی پەیامێکی ڕون بەتورکیا بۆ وەستاندنی گرژییەکان.
لەبەشی وزەو ژێرخانیشدا، سەرکردەکان تاووتوێی پڕۆژەی بەستنەوەی سێ وڵاتەکە بەتۆڕێکی کارەبایی یەکگرتوو لەڕێگەی کێبڵێکی ژێردەریاوە دەکەن، کە لەوانەیە لەداهاتودا ئیسرائیل بەتۆڕی کارەبایی ئەوروپا ببەستێتەوە.
هەروەها هاوکاری لەبواری گازی سروشتی، بەتایبەتی کێڵگەی "ئەفرۆدێت"ی هاوبەش لەنێوان قوبرسو ئیسرائیل، دەخرێتە بەرباس.
هەروەها لوتکەکە باس لەدەستپێشخەریی (IMEC)ی ئەمریکی دەکات کە ئامانجی دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئابورییە بۆ بەستنەوەی هیندستان بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەوروپا.
لەلایەنی ئەمنییەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دوپاتیدەکەنەوە، سەرنجیان لەسەر زیادکردنی هەماهەنگیی سەربازی، فراوانکردنی ڕاهێنانە هاوبەشەکانو ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە، نەک دروستکردنی هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو.
هەروەها تاووتوێی گرێبەستی چەکی گریمانکراو دەکرێت، چونکە ئیسرائیل یەکێکە لەدابینکەرە سەرەکییەکانی چەک بۆ یۆنان.
باس لەوەشدەکرێت، ئیسرائیل پەیامی توندی لەبارەی هەڵسوکەوتی تورکیاوە گەیاندوهتە بەرپرسانی ئەمریکی، بەڵام هەرسێ لایەنەکە جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی سەقامگیریی هەرێمییەو ڕێگریکردنە لەهەر گرژییەک کە هەڕەشە لەئاسایشی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بکات.
