شارپرێس:
دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کردوە.
لەبەیاننامەیەکدا کە لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنانو نیکۆس خریستۆدۆلیدس سەرۆکی قوبرس پێشکەشیکرد، بنیامین ناتانیاهۆ ڕێککەوتنێکی ڕاگەیاند بۆ فراوانکردنی هاوکاریی سەربازییو ئەمنی لەگەڵ هەردوو وڵاتەکە.
لەبەیاننامەکەیدا، ناتانیاهۆ پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بەبێئەوەی ناوی بهێنێت، وتی، "بۆ ئەوانەی خەیاڵی دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتو کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەمان دەکەن، دەڵێم: لەخەیاڵی خۆتانی بەرنەدەرێ.. ئەوە ڕونادات.. تەنانەت بیریشى لێ مەکەنەوە."
ناتانیاهۆ هەروەک وتویەتی، "ئێمە پابەندینو توانای ئەوەمان هەیە بەرگریی لەخۆمان بکەینو هاوکارییەکەمان ئەم توانایانە بەهێزدەکات، پێکەوە، ئێمە دیموکراسییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستین، ئاسایشو خۆشگوزەرانیو ئازادی بەهێزدەکەین."
هەروەک، ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ی ئیسرائیلی ئاشکرایکردبوو، لوتکەیەکی سێقۆڵی ڕۆژی دوشەممە لەتەلئەبیب بەڕێوەچوە، لەکاتێکدا ڕاپۆرتەکانی یۆنانو قوبرس باسیان لە"داڕشتنەوەی" پێکهاتەی ئەمنی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدەکرد.
"مەعاریڤ" ئاماژەی بەوەداوە، ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە گۆڕانکاریی ئەمنیو ستراتیژیی قووڵ بەخۆوە دەبینێتو ئامانجی سەرەکییەکەی دوپاتکردنەوەی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان سێ وڵاتەکەو بەهێزکردنی تەوەرەی هاوکاریی سێقۆڵییە کە کۆیاندەکاتەوە.
