باخچەلی: کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لیبیا جێگەی گومانە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی گشتی مەهەپە پەیامێکی لەبارەی روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی لیبیا و گیان لەدەستدانی سوپالاسار و فەرماندە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوەو دەڵێت،" ڕوداوەکە جێگەی گومانە".

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتی مەهەپە لەپەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد،" وێڕای ئەوەی کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە و گیان لەدەستدانی سوپاسالار و فەرماندەکانی دیکەی لیبیا ڕوداوێکی دڵتەزێنە، هاوکات ڕودانی لەم کاتەدا جێگەی گومان و بیرکردنەوەیە " .

ئەوەشیخستەڕوو، کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە لەکاتێکدایە کە گفتوگۆی دڵسۆزانە لەنێوان لیبیا و تورکیادا هەیە و هەردوو وڵات لە قۆناغی لێکنزیکبونەوەدان و دەیانەوێت بە هاوئاهەنگی بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکەن.

دوێنێ سێشەممە، محەمەد حەداد سوپاسالارى لیبیا سەردانی تورکیای کرد و لەئەنقەرە لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیاو دواتر بەفڕۆكه‌ تایبه‌ته‌كه‌ى خۆى لەفڕۆکەخانەی "ئەسەنبۆغ"وە بەرەو "ته‌رابلوس" فڕیى، به‌ڵام دوای ماوەیەکی كه‌م لەهەستانی فڕۆكه‌كه‌ى، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە فڕۆکەوانەکە هەواڵیداوە نیشتنەوەی ناچار ئەنجامبدات، بەڵام لەنزیک  ناوچەی"هایمانا" لەئەنقەرە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە سوپاسالار و پێنچ کەسی دیکەی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.