شارپرێس:
دوابەدوای ڕاگەیاندنی چەند گروپێكى چەکداری عێراقی لەسەر ڕێککەوتنەکەیان بۆ سنوردارکردنی چەک‌و بڕواهێنانیان به‌ڕاده‌ستكردنى چه‌كه‌كانیان به‌ده‌وڵه‌ت، پرسیار سەبارەت بەمیکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە هاتە ئاراوە، ئایا به‌یه‌كجارى چه‌ك داده‌نرێت؟ یان تێکەڵ به‌هێزه ئه‌منی‌و سه‌ربازییه‌كان ده‌كرێت؟ یان فه‌رمانده‌ى گروپه‌كان تێكه‌ڵ به‌كارى سیاسیى ده‌بن له‌چوارچێوه‌ى دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانى عێراقدا.
هەفتەی ڕابردوو، چوار گروپى چەکداری عێراق، بۆ یەکەمجار ڕێککەوتنی خۆیان بەپرەنسیپی سنوردارکردنی چەک لەدەوڵەتدا ڕاگەیاند، بەیاننامە فەرمییەکان لەلایەن ئەمینداری گشتیی لیواکانی ئیمام عەلی شیبل ئەلزەیدی بڵاوکرایەوە، دواتر ڕاگەیاندراوێکی هاوشێوەی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق قەیس خەزعەلی لەگەڵ فراکسیۆنی ئەنساروڵڵا ئه‌لئه‌وفیه بەسەرۆکایەتی حەیدەر غەراوی‌و لیواکانی سەید شوهەدا بەسەرۆکایەتی ئەبو ئالا ئه‌لوه‌لائى.
ئەگەری زۆرترین ڕێڕەوی کارکردن، به‌گوێره‌ى بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکانی شرۆڤەکارانی سیاسی‌و ئەمنی عێراقی، چەکداماڵینی تەواوەتی لەخۆناگرێت، بەڵکو "ڕێکخستنەوەی" چەکەکانی گروپه چه‌كداره‌كان لەژێر چەتری حه‌شدى شه‌عبیدا ده‌بێت.
چاودێران پێیانوایه، چاوەڕواندەکرێت چەکەکان لەکۆگاکاندا لەژێر چاودێری حکومەتی عێراق یان هێزەکانی حه‌شدى شه‌عبى كه جه‌ختده‌كرێته‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى دامەزراوەیەکی فەرمی عێراقییە، هەڵبگیرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چەکی گروپه‌كان بەشێوەیەکی یاسایی دەستیان پێبگات‌و لەهەمانکاتیشدا پێگەیەکی فەرمییان پێدەبەخشێت.
له‌هه‌ڵبژاردنى خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى عێراقدا، گروپه چەکدارەکان نزیکەی یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە، ئەمە جگەلەوەی نوێنەرایەتی سیاسی‌و یاساییشیان هەیە، بۆیە چاودێران پێیانوایە، مەبەست لەگواستنەوەی جبەخانەی گروپه‌كان کە بریتین لەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و موشەک، بۆ دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی عێراق، ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی گۆڕینی گروپه‌كان بۆ قەوارەی فەرمی دەوڵەتی لەژێر فەرمانی حکومەتی عێراقدا، هەروەها فشاری ئەمریکی‌و نێودەوڵەتیش كۆتایی پێده‌هێنێت، كه داوای چه‌كدانان له‌گروپه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌كات‌و داوایكردوه، سه‌روه‌ریى بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌و چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ستى لایه‌نى فه‌رمیى عێراقى بكه‌ن.
لەدوو ڕۆژی ڕابردودا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان هەنگاوێکی فەرمییان ئاشکراکردوە بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە ئەرکی وه‌رگرتنه‌وه‌ى چه‌ك له‌گروپه‌كان ده‌كات، ئەو لیژنەیە دەسەڵاتی تایبەتی دەبێت بۆ چاودێریکردنی چەکی بێ مۆڵەت، لەوانە چەکی سوک‌و مامناوەندو قورس‌و هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
سەرەڕای ده‌نگى به‌رزى چه‌ند گروپێكى چه‌كدار كه ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه بۆ دانانى چه‌ك تا ئه‌وكاته‌ى ئه‌مریكاو توركیا له‌خاكى عێراق نه‌چنه ده‌ره‌وه، چاودێران پێیانوایه، پەیامەكانى ئه‌مدواییه‌ى واشنتۆن لەڕێگەی مارک ساڤایا-وه زۆر تونده‌و جه‌ختیشده‌كاته‌وه له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نها دانانى چه‌ك، به‌ڵكو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌شیان داواده‌كات.
ساڤایا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه، ئەو هەنگاوانەی کە گروپه چەکدارەکانی عێراق ڕایانگەیاندوە بەرەو چەکداماڵین، پێشهاتێکی ئەرێنی‌و پێشوازی لێکراون، کە نوێنەرایەتی وەڵامێکی ڕاستەقینە دەکات بۆ بانگەوازو داواکارییە لەمێژینەکانی دەسەڵاتدارانی ئایینی‌و سەرکردە ژیرەکان.
بەڵام ساڤایا جەختی لەوەشکردوه‌ته‌وه، تەنها ڕاگەیاندنی نیەت بەس نییە، به‌ڵكو، "دەبێت چەکداماڵین پرۆسەیەکی هەمەلایەنەو نەگەڕاوەبێت، لەچوارچێوەیەکی نیشتیمانی ڕون‌و پابەندکەردا جێبەجێبکرێت، ئەم پرۆسەیەش دەبێت هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سەرجەم گروپه چەکدارەکان لەخۆبگرێت‌و گواستنەوەی ڕێکوپێک‌و یاسایی ئەندامەکانیان بۆ ژیانی مەدەنی مسۆگەربکات".
نوێنەری ئەمریکا لەبەیاننامەکەیدا جەختی لەوەکردەوە، دەسەڵاتی تایبەت بۆ هەڵگرتنی چەک‌و بەکارهێنانی هێز، دەبێت تەنها ئەو دامەزراوە ڕەوایانە بێت کە ئەرکی ڕێکخستن‌و سەرکردایەتیکردنی هێزە چەکدارەکانیان پێسپێردراوە بۆ پاراستنی گەلی عێراق‌و داکۆکیکردن لەسەروەری نەتەوەیی ئه‌و وڵاته.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسه، لاى خۆیه‌وه ماڵپەڕی مۆنت كارلۆ لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوەدەکات، چه‌كدانانى گروپه چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هێزى فه‌رمیى عێراق، چوار ئاسته‌نگى گه‌وره‌ى لەبەردەمدایە.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاسته‌نگه‌كانى به‌مشێوه‌یه باسكردوه، "یه‌كه‌میان، هه‌ندێك له‌میلیشیاكان هێزێكى زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه، دوه‌میش، سوپاى پاسداران به‌چه‌كدانانیان ڕ‌ازى نییه‌و سێیه‌میش دۆسیه‌ى جبه‌خانه‌و كارگه‌ى دروستكردنى چه‌كه، كه ته‌نانه‌ت حكومه‌تى عێراقیش زانیاریى له‌سه‌ر نییه".
سه‌باره‌ت به‌خاڵى چواره‌م، مۆنت كارلۆ ئاشكرایكردوه، "بونى هه‌ندێك هێزى دیكه‌ى بیانییه له‌ڕیزى ئه‌و میلیشیایانه وه‌ك سوپای پاسداران‌و فاتیمییه‌كان كه میلیشیایه‌كى شیعه‌ى ئه‌فغانین".
