سەرئەنجام سوننەکان لەسەر دەستنیشانکردنی هەیبەت حەلبووسی، وەك کاندیدی ڕێککەوتن لەسەر کراوی سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستنیشانکرا، هەیبەت ئامۆزای محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراقە، بەوەش خێزانی حەلبووسی گەڕانەوە سەر شانۆی پەرلەمانی عێراق.
هەیبەت حەلبوسی ناوی تەواوی هەیبەت حەمەد عەباس حەلبوسی-یە سیاسەتمەدارێکی عێراقییە و یەکێکە لە ئەندامە دیارەکانی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان بووە.
هەیبەت نوێنەرایەتی پارێزگای ئەنبار دەکات لە پەرلەمان و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025دا دەنگێکی زۆری لەو پارێزگایە بەدەستهێنا و زیاتر لە دۆسیەکانی پەیوەست بە وزە، گرێبەستە نەوتییەکان و یاسای نەوت و غازی فیدراڵی ناوی دەهێنرێت و زۆرجار لە میدیاکانەوە وەک داکۆکیکارێک لە مافەکانی سوننە لە حکومەتی عێراقدا دەردەکەوێت.
توڕەیە و ئامادەیە بۆ شەڕی دەستە و یەخەش
ڕۆژی 18ی ئایاری 2024 لەنێو پەرلەمانی عێراق گرژیی دروستبوو، چەند پەرلەمانتارێک بووە شەڕی دەستەو یەخەیان، بەگوێرەی میدیای عێراقیی لەو کاتەدا شەڕەکە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە هەیبەت حەلبووسی، هێرشی کردووەتە سەر موسەننا سامەڕائی، موسەننا-ش لەم خولەدا کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، بەڵام کشایەوە.
سەرسەختانە داوای نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکرد
هەیبەت حەلبووسی لەو دەنگانەی نێو پەرلەمانی عێراق بوو کە داوای دەکرد نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێت، ساڵی 2019 لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، بودجەمان بۆ هەرێم ناردووە بەبێ ئەوەی ئەوان بەرمیلێک نەوتمان ڕادەست بکەن.
نەیاری سەرسەختی شاخەوان عەبدوڵڵایە
ساڵی ڕابردوو کاتێک لە پەرلەمانی عێراق گرژیی دروستبوو، هەیبەت حەلبووسی ڕایگەیاند، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان "خۆ بەزلزانە" و "بەڵتەجی لەنێو پەرلەمان هەیە".
