شارپرێس:
سیاسهتمهدارێكى ناسراوى سوننه‌كان هێرشێكى توند ده‌كاته‌سه‌ر كاندیده‌كه‌ى محه‌مه‌د حه‌لبوسى بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق‌و به‌نوێنه‌رى هۆزێكى دهزانێتو ده‌ڵێت، "ئه‌وه‌ى ڕویدا سه‌ره‌تایه‌كه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حزبى ته‌قه‌دوم".
له‌دواى ڕاگه‌یاندنى شه‌وى ڕابردوى ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی سوننەکان كه جه‌ختیكرده‌وه له‌سه‌رئه‌وه‌ى، هه‌یبه‌ت حه‌لبوسى كاندیدیانه بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق، مه‌شعان جبوری كه‌سایه‌تى سیاسیى ناسراوى سوننه‌كان هاتهدهنگو ده‌ڵێت، "ڕه‌خنه‌ى توند‌و زۆرم هه‌یه لەکاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان، ئه‌و لایەنگریی بەرامبەر بەهۆزێك هه‌یه‌و نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات، نەک ته‌واوى پێکهاتەی سوننە".
جبوری جەختیکردەوە، "کاندیدکردنی هه‌یبه‌ت حەلبوسی بۆ سەرۆکی پەرلەمان نوێنەرایەتی، سەرەتایهكه بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبى ته‌قه‌دوم".
مه‌شعان جبوری باسى فه‌رامۆشكردنى پارێزگاكانى كه‌ركوك‌و سه‌ڵاحه‌دین دهكاتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌داخه‌وه ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی نه‌یتوانیى دادپه‌روه‌ریى ده‌سته‌به‌ربكات له‌دیاریكردنى كاندید بۆ پۆسته‌كان، چونكه كه‌ركوك‌و سه‌ڵاحه‌دین دوو پارێزگاى قورسى سیاسیینو پاڵپشتێكى باش بون بۆ لایه‌نه سوننه‌كان، به‌ڵام فهرامۆشكرانو پشكى خۆیان پێنه‌درا".
جبوری پرسیارى ئهوهشیكردوه، "ئایا دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای هاوبەشی یان بەرژەوەندی تەسکى حزبیى دیاریكراون؟، چونكه لهدادپەروەریدا بڕیارەکان لەبەرژەوەندی هەموان ده‌بن، نەک لەبەرژەوەندیی گروپێک یان هەرێمێک لەسەر حسابی ئەوانی دیکە".
