شارپرێس:
پۆلیسی کەرکوک ڕەتیدەکاتەوە داعش په‌لامارى بازگه‌ى دارەمانى دابێت، ڕاشیدهگهیهنێت، "شەڕە تەقەکە لەگەڵ بازرگانانى مادەی هۆشبەر بوە، ده‌شڵێت:"پۆلیسێكیش له‌و شه‌ڕه‌دا كوژراوه‌و دوانى دیكه‌ش بریندارن".
درەنگانی شەوی ڕابردوو لەبازگەی دارەمان لەنێوان شاری کەرکوکو ناحیه‌ى پردێ، دەنگی تەقە بیسترا، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە داعش په‌لامارى بازگهكهى داوه، بەڵام پۆلیس ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك لهپۆلیسى كه‌ركوك به‌شارپرێسى وت، "درەنگانی شەوی ڕابردوو لەگوندی بیرەسپان، لەکاتی ئاڵۆزیی‌و ڕوبەڕوبونەوەی نێوان هێزەکانیانو بازرگانانی مادەی هۆشبەر، پۆلیسێکی فەوجی سوات بەناوی لەیس حیکمەت کوژراوەو دوو پۆلیسی دیکەش برینداربون".
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس، "هێزه‌كانیان توانیویانه بازرگانێکی مادەی هۆشبەر بکوژنو یەکێکی دیکەش به‌بریندارى ده‌ستگیربكه‌ن".
سەبارەت بەناسنامەی تۆمەتبارەکە، پۆلیسی کەرکوک ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەوەی هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن‌و دۆسیەکە دانەخراوە، جارێ ناوی ئەوکەسە ئاشکراناکەن.