شارپرێس:
کەمێک لەمەوبەر کۆبونەوەی
ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی سوننەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی
عێراق کۆتاییهاتو زۆرینەی لایەنە سونییەکان لەسەر کاندیدکردنی هەیبەت حەلبوسی بۆ وەرگرتنی
ئەو پۆستە رێککەوتن، بەڵام هاوپەیمانی عەزم ئەو بڕیارە رەتدەکاتەوە و دەڵێت،" موسەننا سامەڕائی کاندیدی ئێمەیە ".
هەریەک
لە محەمەد حەلبوسی، خەمیس خەنجەر، سابت عەباسی و چەند سەرکردەیەکی دیکەی سوننەکان
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەکرد، لەکۆبونەوەی ئەمشەویاندا لەماڵی
خەمیس خەنجەر، بڕیاریاندا هەیبەت حەلبوسی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دیاری
بکەن.
هاوکات،
هاوپەیمانی عەزمی سوننەکان کە موسەننا سامەڕائی سەرۆکایەتی دەکات،
لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، کاندیدی ئێمە بۆ ئەو پۆستە تەنها موسەننا سامەڕائییە،
هەموو ئەو دەنگۆیانەش دورن لە راستییەوە کە باس لەوەدەکەن ناوبراو لە کاندیدبون
کشاوەتەوە.
ئەمەش
لەکاتێکدایە، بڕیارە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی سبەی دوشەممە، یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمانی
عێراق بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان
بەڕێوەبچێت، بەڵام تاکو ئێستا سوننەکان بە دوو کاندیدی جیا دەچنە کێبڕکێی وەرگرتنی
ئەو پۆستەوە.
