شارپرێس:
ئەمڕۆ دووشەممە، 834 هاوڵاتیی عێراقی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای
حەسەکەی سووریا بەجێهێشت و بەرەو خاکی عێراق بەڕێکەوتن. ئەم پرۆسەیە لەژێر ڕێوشوێنی
ئەمنیی توندی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەمپەکەوە ڕایگەیاند، ئەمە 32یەمین کاروانی
گەڕانەوەیە و 824 کەس لەخۆدەگرێت
کە دابەشبوون بەسەر 230 خێزاندا. ئەم گەڕانەوەیە بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەری
رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا نزیکەی 2500 عێراقی لە کەمپەکە
ماون، بەڵام دەیان خێزان هەن کە ئارەزووی گەڕانەوە ناکەن و ئەوەش بووەتە ئاڵنگاریی.
باس لەوەشکراوە کە بۆ گواستنەوەیان، زیاتر لە 20 پاس ئامادە
کراون تا لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی یەعرووبیەوە بیانگوازنەوە. کاروانەکە بە یاوەریی
زرێپۆش و فڕۆکە کۆپتەرەکانی ئەمریکا دەپارێزران بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنیان بە سەلامەتی
بۆ ناو عێراق.