ئێران مۆبایلی بەڕێوەبەری نوسینگەی ناتانیاهۆی هاککرد

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە سەبارەت بە هەواڵی هاککردنی مۆبایلی تساحی براڤەرمان، بەڕێوەبەری نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، لەلایەن گرووپێکی هاککەری ئێرانییەوە.

 
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، نووسینگەی ناتانیاهۆ سەرقاڵی پشکنینی بابەتەکەیە. ڕۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست" لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاندووە: "تا ئێستا هیچ نیشانەیەک بۆ هاککردن نییە، بەڵام لێکۆڵینەوە بەردەوامە".

گرووپی هاککەری ئێرانی ناسراو بە "حەنزەلە" هەڕەشەی کردووە کە بەمزووانە زانیاریی و بەڵگەنامەی هەستیار لەسەر ناتانیاهۆ بڵاودەکاتەوە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەستیان بەسەر مۆبایلی جۆری "ئایفۆن 16 پرۆ ماکس"ی براڤەرماندا گرتووە.

بۆ سەلماندنی قسەکانیان، ئەم گرووپە چەند وێنەیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە دەڵێن لە مۆبایلەکەوە دەرهێنراون، لەوانە وێنەی دیدارەکانی براڤەرمان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن. هاککەرەکان بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە دەستیان بە تەواوی نامە تایبەت و گفتوگۆ نهێنییەکانی ناو مۆبایلەکە گەیشتووە.