شارپرێس:
وهزارهتى دهرهوهى ڕوسیا لهڕێگهى وتهبێژهكهیهوه هۆشداریى بهئهمریكاو ئیسرائیل دهدات لهههر جوڵهیهكى سهربازیى دژى ئێران، دهشڵێت، "زۆر نیگەرانین لەبەرانبەر هەڕەشەکانو ئەگەری وەشاندنی گورزێکی نوێی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران"، ڕاشیگەیاند، "داوا لەو سەرگەرمانە دەکەین، خۆیان لەپەرەسەندنی گرژییەکانی دژ بەئێران بەدوربگرن".
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لهڕاگهیهنراوێكدا دهڵێت، "ئەو لێدوانە شەڕانگێزەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، سەبارەت بەئەگەری هێرشی نوێی سەربازیی دژی ئێرانو بەتایبەت بۆسەر ژێرخانی وزەی ئەتۆمیی، جێگەی نیگەرانییە".
زاخارۆڤا ئهوهشى نوسیوه، "ئەو جۆرە لێدوانانەو تۆمەتی ئایدیۆلۆژی دژە ئێرانی، بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندینجارو بێ دوو دڵی، ئەو جۆرە خواستانەی ڕەتکردوەتەوە، کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانو جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتوەکانە، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کارەساتێکی گەورە دەباتو ئەگەری کاردانەوەو لێکەوتەی خراپی دەبێت".
وتهبێژهكهى وهزارهتى دهرهوهى ڕوسیا ئهوهشى باسكردوه، "هەوڵدان بۆ ناچارکردنی وڵاتان بەقبوڵکردنی ئەگەری چارەسەرکردنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە، جێگەی ناڕەزاییە، بەتایبەت هەوڵی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەکاتێکدا، کە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان".
هۆشداریدهداتو دهڵێت، "سەرکێشییەکی نابەرپرسانەی لەمجۆرە، کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ڕێککەوتنی جیهانی بۆ قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت، کە بەردی بناغەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT)یە، چونکە ئەو هەڕەشانەی پێشتر ئاماژەیان بۆکرا، لەلایەن وڵاتێکەوەیە کە هەرگیز پەیوەندیی بەو پەیماننامەیە نەکردوە، لەدژی دەوڵەتێک کە لایەنێکە لەناو ڕێککەوتنەکەو بەردەوام پابەندبونی خۆی بەمەرجەکانی دوپاتدەکاتەوە".
بهزمانێكى توندتر ههڕهشه دهكاتو وتویهتى، "بۆ ههموو نەیارانی ئێران، خۆتان لەدروستکردنی گرژییو ئاڵۆزیی بەدوربگرن، داوا لەم سەر گەرمانە دەکەین کە بەتەواوی قەبارەی زیانو وێرانکارییەکانیان بزاننو خۆیان لەپەرەسەندنی گرژییەکانی دەوروبەری ئێرانو بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەدوربگرن، واز لەدوبارەبونەوەی ئەو هەڵە کوشندانەی حوزەیرانی 2025 بێنن، کە بوە هۆی تێکدانی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەئێراندا".
نهیشاردوهتهوه، "ئەزمون پێمان دەڵێت، ڕوبەڕوبونەوە تەنها کارەسات دەخولقێنێو هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتیو ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستدەکات، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەیشتن بەچارەسەرەکان دوردەخاتەوە".
