ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراق ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لایەنە شیعیه‌كانى ناو چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگى، لەسەر دیاریکردنی كاندیدێك بۆ پۆستى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێکناکەون، وتەبێژی هاوپەیمانییەکەی عەبادیش ئاشكرایكردوه‌، نوری مالیکی سازش بۆ محەممەد شیاع سودانی ناکات‌و سودانیش بەڕێگەچارەی دیکە ڕازی نییە، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "سه‌ربارى ئه‌و مشتومڕانه‌، به‌ئه‌گه‌رى زۆره‌وه‌، سودانى ویلایه‌تى دوه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه‌".


به‌گوێره‌ى وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى، محه‌مه‌د شیاع سودانی، توانیویەتی بڕوا به‌ئەندامانی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ بهێنێت بەپێویستی دانانەوەی له‌پۆسته‌كه‌ى، ئه‌ویش بەئاماژەدان بەتوانای خۆی بۆ گەڕاندنەوەی ئابورییه‌كى به‌هێز.

ئەمڕۆش بەها ئەعرەجی په‌رله‌مانتارى هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆکایەتی دەکات 
ئاشكرایكردوه‌، "دوو كاندیدى سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران هەن، ئه‌وانیش سودانی‌و مالیکین".
 
وتوشیه‌تى، "سودانی‌و مالیکی خاوەنی گەورەترین هێزی نێو چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگین، بۆیە گونجاو نییە کە هیچکام لەو دوانە نەبنە كاندیدو کەسێکی دیکە دیاریبکرێت".

به‌وته‌ى ئه‌عره‌جى، "دیاریکردنی كاندید بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەبێت، ئینجا بەسازان‌و ڕێککەوتن بێت یان دەنگدان، ئێستاش چاوەڕێی برا کوردەکانمانین بۆئەوەی پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، بۆئەوەی ئێمەش دوای ئەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر سەرۆک وەزیران بدەین".
 
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عەقیل فەتلاوی وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكردوه‌، "دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەناو چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگى بەڕێککەوتن‌و سازان دەبێت، نەک دەنگدان، به‌ڵام ته‌نها دوو كاندیدمان هه‌یه‌، ئه‌وانیش سودانى‌و مالیكییه‌".
  
پێچه‌وانه‌ى قسه‌ى وته‌بێژانى ده‌وڵه‌تى‌و یاساو هاوپه‌یمانیه‌كه‌ى سودانى كه‌ باس له‌ته‌نها دوو كاندید بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن، سەلام زوبێدی وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکات جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "حەیدەر عەبادی-ش كاندیده‌ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".
 
زوبێدی ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "مالیکی‌و سودانی خۆیان لەلایەن حزبەکانیانەوە كاندیدکراون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام عەبادی وەک ڕێگەچارەی ناوەند لەلایەن چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگیه‌وه‌ پێشنیازکراوە".
 
وه‌كو زوبێدى ده‌ڵێت، "نە مالیکی ئامادەیە سازش بکات‌و ڕازی بێت کە سودانی ببێتە سەرۆک وەزیران، نە سودانیش بەو ڕێگەچارە ناوەندییە ڕازییە کە چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگى پێشنیازیکردوە، بۆیە ئەگەر هاوکێشەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، ڕەنگە جگە لەوان، کەسێکی دیکە هەڵبژێردرێ کە بەهێزترینیان حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراقە".
 
دوێنێ سێشەممە، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای خۆ كاندیدكردنى بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوەو بەگوێرەی دەستور، دەبێت لە 15 ڕۆژدا پەرلەمان سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێ، دوای ئەوەش سەرۆک کۆمار فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ ڕادەسپێرێت.

بەپەلە