شارپرێس:
پڕۆژهى پردى (توهقوت) لهسنورى پارێزگاى ههڵهبجه، زیاتر لە22 مانگه مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی دوای دانانی بەردی بناغەکەی، بەڵێنیاندا کە هەموو کارئاسانییەک بکەن بۆ تەواوکردنی، بەڵام ههر بهبڕیارى حكومهتى ههرێم خۆى، کارەکانی ڕاگیراو جێبهجێنهكرا.
ڕۆژی 22ی شوباتی ساڵی 2024، سەرۆکو جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم چونه پارێزگای هەڵەبجەو لەئاپۆرایەکی جەماوەری گەورەدا، بەردی بناغەی پرۆژەى پردى (توهقوت)یان دانا.
بڕیاربوو لەماوەیەکی کەمی دیاریکراودا، پرۆژەکە جێبەجێبکرێتو حکومەتیش هەموو کارئاسانییەک بکات بۆ زوو تەواوبونی کارەکانی، چونکە بەڕێگەیەکی ستراتیژی نێوان پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان دادەنرێت، بەڵام نەک کاری تێدا نەکرا، بەڵکو بەفەرمانێکی وەزاریی کارەکانی کۆمپانیاکە لەپڕۆژەکەدا وەستاون.
هاوڵاتیانی سنورەکە باس لەوەدەکەن، ئەو پڕۆژەیە یەکێک لەپێویستییە سەرەکیەکانی سنورەکەیەو دڵخۆشبون بەدانانی بەردی بناغەکەی، بەڵام وەستانی پرۆژەکە ئەوانی بێهیواکردوە لەتەواوبونی کارەکانی.
چالاکوانانی پارێزگای هەڵەبجە پێیانوایە، بێبەرنامەیەیی حکومەت لەڕاگەیاندنی پڕۆژەکە وایکردوه، پرۆژەکە جێبەجێنەکرێتو پارەی بۆ تەرخان نەکراوەو توانای کۆمپانیای جێبەجێکاریش باش هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە، بۆیە کارەکانی ڕاگیراوەو هاوڵاتیانی ناوچەکەش، باجی بێ پلانی حکومەتو دەزگا پەیوەندیدارەکان دەدەن.
پرۆژەی پردی توەقوت یەکێک لەو پڕۆژانەیە ساڵانێکی زۆرە هاوڵاتیانی سنورەکە داوادەکەن جێبەجێبکرێتو تائێستا سێجار بەردی بناغەی دانراوەو تەواونەکراوە، زیاتر لە 22 مانگیشە مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی دوای دانانی بەردی بناغەکەی، بەڵێنیاندا کە هەموو کارئاسانییەک بکەن بۆ تەواوکردنی، بەڵام ئێستا کارەکانی وەستاوە.
بهگوێرهى وتەی بەرپرسانی ناوچەکە، کەمتر لەسەدا پێنجی کۆی کارەکانی پرۆژەکە ئەنجامدراوەو کۆمپانیاکە بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارەکەی ڕاگرتوەو جێیهێشتوە.