شارپرێس:
سوپای ئیسرائیل زیاتر لەهەزار بارهەڵگری تێکدا کە دەیان هەزار تۆن هاوکاری مرۆیی، لەوانەش بڕێکی زۆر خۆراک بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززەیان پێبوو، ئەم هاوکارییانەش چەندین هەفتە بوو لەبەشی فەڵەستینی دەروازەی کەریم ئەبو سالم مابونەوەو خراپ ببون.
ئاژانسی هەواڵی نۆڤای ئیتاڵی، بەپشتبەستن بەدەستەی پەخشی ئیسرائیلی "کان"، ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، سەرچاوە سەربازییەکان کێشەیەکی جدییان لەدابەشکردنی هاوکارییەکاندا پشتڕاستکردوهتەوە.
بەوتەی هەمان سەرچاوەکان، سوپای ئیسرائیل خۆراکو پێداویستیی پزیشکییو بوتڵی ئاوی تێکشکاندوە، سەرچاوەیەکی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هەموو شتێکمان لەژێر زەویدا ناشتوەو هەندێکیشمان سوتاندوە."
ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا هەزاران بار لەژێر خۆردا چاوەڕواننو ئەگەر نەگوازرێنەوە بۆ کەرتی غەززە، ئەوا ناچاردەبن ئەوانیش تێکی بدەن، سەرچاوەکە جەختی لەوەکردەوە، "میکانیزمەکە بەسادەیی کارناکات".
سەرچاوەکە گومانی لەسەرکەوتنی فڕێدانی هاوکاری لەڕێگەی ئاسمانەوە بۆ غەززە دەربڕیوەو وتویەتی:"هەوڵێکی هاوشێوە پێشتر دراوەو بەتەواوی شکستیهێناوە، وەک ئەو بەندەرەی کە دروستکرا".