ئێران و عومان لە گفتوگۆكانیان لەسەر كردنەوەی ڕێڕەوێك لە گەرووی هورمز بەردەوامن

جیهان

58 خولەک پێش ئێستا‌ 58 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عومان، ئەمڕۆ سێشەممە، عومان و ئێران، ئەگەری دامەزراندنی ڕێڕەوێكی كاتی و هاوبەشی كەشتیوانی لە گەرووی هورمزیان تاوتوێ كردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕاوێژكارییەكان بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی كەشتیوانی سەلامەت لە گەرووەكەوە.

وەزارەتەكە ڕایگەیاندووە، بەدر بن حەمەد ئالبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، ڕاوێژی بنیاتنەری لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەكەی لە تاران ئەنجامداوە و تیشكی خستۆتە سەر گرنگی گەیشتن بەو ڕێكخستنانەی كە ڕێگە بە هەردوو وڵات بدات كەشتیوانی سەلامەت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەستپێبكەنەوە، هاوكات پارێزگاری لە سەروەری هەردوولا بكەن.

وەزارەتی دەرەوەی عومان ڕونیكردووەتەوە، هەردوو وەزیر تاوتوێی چوارچێوەیەكی قۆناغبەندییان كردووە كە بنەمایەكی پراكتیكی و جێبەجێكراو لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای گەرووەكە و كاردانەوەكانی شەڕی ئەم دواییە لەخۆبگرێت.