ئه‌ڵمانیا به‌فه‌رمى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازیى خۆى له‌هه‌رێمى كوردستان ڕاگه‌یاند

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2514 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەمەراسمێکی فەرمیدا لەکامپی (ستیڤان) لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سوپای ئەڵمانیا بەفەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لەهەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوە وەک یەکەم ئاماژەی کرداریی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق دەبینرێت کە بڕیارە لەکۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا جێبەجێبکرێت.



لەمەراسیمەکەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەڵمانیا ئامادەیبون، تیشکخرایەسەر میراتێکی سەربازیی دەوڵەمەند، ئەڵمانیا تەنها وەک هێزێکی شەڕکەر نەبوو، بەڵکو لەساڵانی ڕابردودا بوە بڕبڕەی پشتی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ پێشمەرگە، لەوانە بونیادنانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کە گەورەترین ناوەندی تەندروستیی سەربازییە، هه‌روه‌ها سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی پڕۆسەی ڕیفۆرم‌و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو کردنەوەی خولی باڵای ئەرکان بۆ ئەفسەرانی کورد لەئەکادیمیا سەربازییەکانی ئەڵمانیا.

له‌و مه‌راسیمه‌دا شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى پێشمه‌رگه‌ تەنها سوپاسی ئەڵمانیای نەکرد، بەڵکو داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی حکومەت‌و پەرلەمانی ئەو وڵاتەش کردو وتى، "پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پێشمەرگە بەهێزتر بکەن".

ئەم داوایە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی بەکشانەوەی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە ڕوبەڕوی بۆشاییەکی گەورەی لۆجستی‌و ڕاوێژکاریی ببێتەوە، بۆیە هەرێم دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا پەیوەندیی دوقۆڵی دەرەوەی چەتری هاوپەیمانان دروستبکات.

کشانەوەی ڕاوێژکارانی ئەڵمانیا لەکامپی ستیڤان پەیامێکی ڕونە بۆ بەغداو هەولێر کە وادەی مانگی ئه‌یلول (کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانان) جدییەو وڵاتانی ئەوروپا خەریکی پێچانەوەی بنکە سەربازییەکانیانن، ئێستاش پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا پێشمەرگە دەتوانێت بەبێ چەترە نێودەوڵەتییەکەو تەنها بەپشتبەستن بەڕێککەوتنە دوقۆڵییەکان، پارێزگاری لەو دەستکەوتە سەربازییانە بکات کە لەساڵی 2014وە بەهاوکاریی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا بەدەستهاتون؟

مەراسیمەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر تەنها ماڵئاوایی لەتیمێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی دەستپێکی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بوو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەقۆناغی "بێ هاوپەیمانان"دا.