وه‌زیرى به‌رگریى ئیسرائیل له‌جه‌به‌ل شێخى سوریاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌شه‌رع ده‌كات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2330 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر سایەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیادا، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆسەر بنکەی ئەبوزھور لەسوریا لەهەفتەی ڕابردودا، سەرلەنوێ تیشکیخستەوەسەر ململانێی دیاریکردنی سنوری هەژمون لەسوریا لەدوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.


یسرائیل کاتس وەزیری به‌رگریى ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕوبەڕوی هەوڵێکی تورکیا بوه‌تەوە بۆ جێگیربون لەسوریا، بەوپێیەی ئەو هەنگاوە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلی خستوه‌تە مەترسییەوە.

لەبەسەرکردنەوەیەکدا كه‌ دوێنێ سێشەممە ئه‌نجامیدا بۆ لاى هێزەکانی سوپاكه‌ى لەناوچەی جەبەل شێخ لەناوخاکی سوریادا، کاتس پەیامێکی ئاراستەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کردو ڕایگەیاند، ئامادەیی سوپای ئیسرائیل لەوێ، بۆ پاراستنی شارۆچکەو سنورەکانی ئیسرائیلە.

کەرمیت ڤالێنسی توێژەر لەپەیمانگه‌ی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل (INSS) ئاماژە بەوەدەکات، دەستوەردانی تورکیا لەسوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی ناوخۆ، کاتێک ئەنكەرە پشتیوانیی سەربازیی‌و ئابوریی لەئۆپۆزسیۆن دەکرد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی کوردی.

ناوبراو ڕونیشیکردوه‌تەوە، دوای گۆڕانکاریی دەسەڵات لەدیمەشق، تورکیا کەڵک لەو بۆشاییە وەردەگرێت بۆ هاوکاریکردن لەسەرلەنوێ بونیادنانەوەی سوپای سوریا لەڕێگەی چەک، ڕاهێنان‌و ڕێنماییکردنەوە.

به‌گوێره‌ى هەڵسەنگاندنەکانی ڤالێنسی، ئیسرائیل نیگەرانی دەردەبڕێت لەئەگەری گەیشتنی چەکی ستراتیژی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان‌و سیستەمی بەرگریی تورکی بۆ سوریا، کە ئەمانە هەڕەشە لەئازادیی جوڵەی ئیسرائیل دەکەن، جگە لەمەترسی دروستبونی میحوەرێکی سوننەی توندڕەو کە هەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئیسرائیل هەبێت.

لەبەرامبەردا، گالیا لیندنشتراوس توێژەری پسپۆڕ لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیا هۆشداریدەدات لەوەی، جوڵەکانی ئیسرائیل ببنە زەبرێک لەخۆیان بداتەوە، چونکە ئامانجی تورکیا سەرکەوتنی ئەحمەد شەرع‌و یەکپارچەیی سوریایە.

ئەو ئاماژە بەوەشدەکات، لەوانەیە ئەنكەرە وەڵامی توند نەداتەوە، چونکە کردارەکانی ئیسرائیل بەبەشێک لەبانگەشەی هەڵبژاردنی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاھۆ دەبینێت، هاوکات ڤالێنسی داوادەکات، زێدەڕۆیی لەتوانای کۆنتڕۆڵکردنی سوریا لەلایەن تورکیایە نەکرێت، چونکە شەرع نایەوێت پاشکۆی هیچ وڵاتێک بێت.

لەڕوی ئاسایشەوە، کاتس جەختیکردوه‌تەوە، سوپا لەناوچەی ئاسایش نەکشێتەوە ئەگەر هەڕەشەی جیهادیی هەبێت، هاوکات ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپا دوپاتیکردوه‌تەوە، ڕێگە بەجێگیربونی هێزە دوژمنکارەکان لەسەر سنورەکان نادەن‌و لەدوری 35 کیلۆمەتر لەدیمەشقەوە ڕێگریی لەدروستبونی هەڕەشەی سەربازیی گەورە دەکەن.