شارپرێس:
دادوەرێکی فیدراڵی لەویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی هیندۆراسو نیپاڵو نیکاراگوای ڕاگرت کە پاراستنی یاساییان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە هەڵوەشاوەتەوە.
دادوەر ترینا تۆمپسۆن لەبڕیارێکی 37 لاپەڕەیدا وتی:"ئازادی ژیان بەبێ ترسو دەرفەتی چێژوەرگرتن لەئازادییو خەونی بەئەمریکیبون، تەنها شتێکە کە داواکاران داوایدەکەن".
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کۆچبەرانە داوایان لێدەکرێت بەهۆی ناوو ڕەگەزەوە دەبێت دیپۆرتبکرێننەوە، دادگا لەگەڵ ئەوەدانییە.
تۆمپسۆن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاراستنی بۆ کۆچبەرانی هیندۆراسو نیپاڵو نیکاراگوا هەڵپەسارد تا لە 18ی ئەم مانگەدا دانیشتنێک ئەنجامبدرێت.
دادوەرەکە بڕیاریدا کە کۆتاییهێنان بەپاراستنی کاتیی دەبێت لەسەر بنەمای پشتبەستن بەبڕیارێکی پێشوەختەی دیاریکراوبێت، نەک لەسەر بنەمای پێداچونەوەی بابەتیانە بەمەرجەکانی وڵاتەکە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ڕەنگە ئەو بڕیارە بەهۆی دوژمنایەتی ڕەگەزپەرستیەوە بوبێت، بەئاماژەدان بەلێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا کە وتبوی، "کۆچبەران خوێنی وڵاتەکەمان ژەهراوی دەکەن".
دادوەر تۆمپسۆن جهختیكردهوه، "ڕەنگ نە ژەهرەو نە تاوانیش".
مانگی ڕابردوو ئیدارەی ترەمپ پاراستنی کاتیی زیاتر لە 51 هەزار هاوڵاتی هیندۆراسو سێ هەزار نیکاراگوای هەڵوەشاندەوە کە دوای ڕودانی زریانی میچ لەساڵی 1998دا کە وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاستی گرتبوەوە، هاتبونە ئەمریکا.
کیرستی نۆیم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا پاساوی بۆ ئەوە هێنایەوەو ڕایگەیاند، "دۆخی ئەو وڵاتانە بەڕادەیەک باشتر بوە کە هاوڵاتیانیان دەتوانن بەسەلامەتی بگەڕێنەوە".
کیرستی نۆیم، دەشڵێت، "پێگەی پاراستنی کاتیی، بەشێوەیەک داڕێژراوە کە تەنها کاتیی بێت".
ئەمریکا، پاراستنی کاتیی بەو هاوڵاتییە بیانییانە دەدات کە ناتوانن بەهۆی شەڕ، کارەساتی سروشتی، یان دۆخی نائاسایی بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
ئیدارەی ترەمپ-یش پاراستنی کاتیی بۆ ملیۆنان (ئەفغانی، کامیرۆنی، هایتیو ڤەنزوێلی) هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەش ڕوبەڕوی ئاستەنگی یاسایی دەبنەوە.
ترەمپ بەڵێنیداوه، گەورەترین هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوە لەمێژوی ئەمریکادا جێبەجێبکاتو کۆچبەران بەتایبەتی لەوڵاتانی ئەمریکای لاتین سنوردار بکات.
