شارپرێس:
فەرماندەی گشتیی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هەسەدە) وه‌ڵامى لێدوانى وه‌زیره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ده‌داته‌وه سه‌باره‌ت به‌لامه‌ركه‌زیى له‌سوریادا، عه‌بدى ده‌ڵێت:"سوریا تەنها لەڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "كاردەكەین بۆ فراوانكردن‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ڕابردوو، بەڵام لەئێستادا كار لەسەر وردەكارییەكان دەكەین".
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیى هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) بۆ ڕۆژنامەی ئیندیەن ئێکسپرێس قسه‌یكردوه‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 10ی ئاداری 2025 لەگەڵ حکومەتی سوریا واژۆکراوە، گرنگییەکی زۆری هەیە".
وتوشیه‌تى، "لەئێستادا کار بۆ فراوانکردن‌و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەردەوامە بۆ دڵنیابون لەسەقامگیریی وڵات‌و ڕێگری‌کردن لەئیستغلالکردنی هەر بۆشایییەکی ئەمنیی".
عه‌بدى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، "ڕەزامەندیمان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەین بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت‌و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنیی نەقۆزێتەوە".
فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده جەختی لەسەر ئه‌وه‌كردوه‌ته‌وه، "پێویسته سوپای سوریا خاوەنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی بێت کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان بکات، دەبێت ڕۆڵی سوپا بەرگریکردن لەهەموو گەلی سوریا بێت‌و ملکەچی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت نەبێت، ئێمه جەختده‌كه‌ینه‌وه لەسەر پێویستی گرنگیدان بەڕێگه‌یەکی ڕون بۆ تێکەڵکردنی سەرجەم گروپە سەربازییەکان لەگەڵ سوپای سوریا، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی سەقامگیریی‌و ڕێگریی لەدوبەرەکیی".
مه‌زڵوم عه‌بدى ڕاشیگه‌یاندوه، "ئەزمونی ئیدارەی خۆسەر لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، به‌مۆدێلێکی ئەرێنی ده‌زانین بۆ حوکمڕانیی لەسوریای داهاتودا، ئەم ئیدارەیەش لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵدا توانیویەتی ئەو ناوچانە ئاوەدانبکاتەوە کە بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبون‌و ئاسایش لەوێدا جێگیربکاتەوە".
له‌كۆتاییدا عەبدی وتویه‌تى، "ئەمڕۆ سوریا دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ گواستنەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی‌و لامەرکەزیی، ئەمەش دوای داڕمانی سیستەمی ناوەندگەرایی‌و دیکتاتۆری لەسەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراو، کۆمەڵگەی سوریاش تەنها لەڕێگەی لامەرکەزییەوە دەتوانێت دیموکراسی بەدەستبهێنێت".
ئه‌م په‌یامه‌كه‌ى مه‌زڵوم عه‌بدى دواى ئه‌وه‌دێت، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌وه‌زیره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع، لامه‌ركه‌زییان ڕه‌تكرده‌وه‌و جه‌ختیان له‌ناوه‌ندگه‌رایی سوریا كردوه‌ته‌وه.
