شارپرێس:
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ‌و چالاکوانان کوژرانی خێزانێکی کوردی حەوت کەسی کە سێ منداڵیشیان تێدایه ئاشكراده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى ڕۆژئاواى كوردستانیش ده‌ڵێت، "ته‌واوى ئه‌ندامانى ئه‌و خێزانه بنه‌ماڵه‌و خێزانى من بون‌و له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانى شه‌رعه‌وه كۆمه‌ڵكوژكراون".
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ‌و چالاکوانان ئاشكرایانكردوه، خێزانێكى حه‌وت كه‌سى لهگهڕهكى شێخ مه‌قسود کوژراون كه كوردن.
ئه‌وه‌ش باسكراوه، ئەو کۆمەڵکوژییە کە بوەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئه‌و حەوت هاوڵاتیه مەدەنیه لەیەک خێزان بون‌و هیچ چه‌كدارێكیان تێدانهبوهو سه‌رجه‌میان سڤیل بون، ته‌نانه‌ت منداڵیشیان تێدابوه.
لاى خۆیشیه‌وه ئیلهام ئه‌حمه‌د سه‌ركرده‌ى دیارى ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، ئه‌و حه‌وت كه‌سه ئه‌ندامى خێزانى ئه‌و بونه‌و له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانى شه‌رعه‌وه كۆمه‌ڵكوژكراون.
وه‌كو ئیلهام ئه‌حمه‌د كه ئێستا به‌سه‌ردانێك له‌وڵاتانى ئه‌وروپایه، وتى، "سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى خێزانه‌كه‌م له‌ناو مینى پاسێكدابون، به‌ڵام له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كانى ئه‌حمه‌د شه‌رعه‌وه به‌تۆپ لێیاندراوه‌و سه‌رجه‌میان شه‌هیدبونه".
گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لەڕۆژی سێشەممە 6ی ئه‌م مانگه‌وه تاوه‌كو ئێوارەی 10ی ئه‌م مانگه كه‌وته به‌ر په‌لامارێكى توندى گروپه چه‌كداره‌كانى ئه‌حمه‌د شه‌رعى سه‌رۆكى سوریا، ڕێكخراوه‌كانیش باس لهوهدهكهن، له‌هه‌ردوو گه‌ڕه‌كى ئهشرهفیهو شێخ مه‌قسود هه‌م كۆمهڵكوژیىو هه‌میش تاوانى جه‌نگ ئه‌نجامدراوه.