هەڵسەنگاندنی سەربازی: بژاردەکان بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆسەر ئێران

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 39 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لەڕوانگەی تاکتیکی سەربازیەوە هیچ گومانێک نیە لە توانای ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بەڵام کێشەکە لە توانای ستراتیجیدایە. ئەگەر ئامانج لاوازکردنی دەسەڵاتی رژێمی ئێران بێت، یان ناراستەوخۆ پشتیوانی بێت لە بزوتنەوە نارەزایەتیە ناوخۆییەکان ، ئەوا هێرشی سنورداری ئاسمانی یان موشەکی بۆ ئەو ئەرکە ناگونجێت. لەکاتێکدا هێزی سەربازی دەتوانێت ژێرخانی ئابوری و سەربازی ئیران زۆر لاواز بکات، بەلام ناتوانێت شەرعیەتی سیاسی رژێمی ئێران تێکبدات بەبێ خوڵقاندنی ناسەقامگیری لاوەکی.
وەکو سەرۆک ترمپ بانگەواز دەکات چەند بژاردەیەکی لەبەردەستدایە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی رژێمی ئیران و پشتیوانی خۆپیشاندەران. بۆ نمونە فشاری سیاسی و ئابوری، هێرشی ئەلەکترۆنی بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت بە مەبەستی شێواندنی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵ ، هەروەها هەڵبژاردەی سەربازی.
بژاردە سەربازیەکان :
بەبێ دودڵی بژاردەی هیزی ووشکانی لەسەر مێزەکەی سەرۆکی ئەمەریکا نابێت، مەگەر هێرشی کورتی لەناکاوی هێزی تایبەتی وەک دەلتا ، چونکە ئەوە قسەی خۆیەتی. گونجاوترین بژاردە بۆ ئەم قۆناغە هێرشی ئاسمانی فرۆکە  یان موشەکیە.  دیارە کە ئەمەریکا چەندین بنکەی سەربازی گەورەی هەیە لە دەولەتانی کەنداو وە کو قەتەر و ئیمارات. ئەمانە بژاردەی ئاسانن بەلام ئەگەر لەبەر هەستیاری ئەو دەوڵەتانە ئەو بنکانە بەکارنەهێنێت ، ئەوا بنکەی ڕامشتین لە ئەڵمانیا و بنکەی ئەکۆرتیری لە قوبرس هەیە . هەروەها سێ فرۆکەهەڵگری دەریایی زەبەلاحی هەیە : فرۆکە هەڵگری جۆرج واشنتۆن کە ئێستا لە دەریای یابانە و  فرۆکەهەڵگری جێراردفۆرد لە کاریبیەن  و سێهەمیان کە نزیکترینە لە ئێران فرۆکەهەڵگری ئیبراهام لینکۆلینە کە لە ئێستادا لە دەریای باشوری چینە و پێویستی بە ٥ تا ٦ رۆژ هەیە هەتا نزیکەی ٣٥٠٠ میل ببڕێت و دەگاتە کەنداوی عومان.


ئەمە واتا راوێژکارەکانی سەرۆک ترەمپ چەندین بژاردە دەخەنە بەردەستی بۆ بڕیاردان لەسەر یەک یان دوو بژاردەی تەواوکەر. جا بۆ ئەوەی بزانین سەرۆکی ئەمەریکا چی بژاردەیەک هەڵدەبژێرێت، ئەوە پێویستە لەخۆی بپرسین.
لەلایەکی ترەوە بژاردەی سەربازی پێویستی بە دەستنیشانکردنی ئامانج و کاتی هێرشەکە هەیە ، کە لەم کاتەدا بژاردە قورسەکانە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا.
یەکێک لەو ئامانجانە سوپای پاسدارانە. بەڵام بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سوپای پاسداران سودێکی سنورداری دەبێت چونکە بارەگاکانییان بە زیرەکانە لە ناوچە مەدەنیەکاندا دابەشکراوە ، بۆیە لێدان لەو بارەگایانە قوربانی مەدەنی لێدەکەوێتەوە.  دەرەنجام رۆلیان لە ئاسایشی ناوخۆدا لاواز ناکات، بەلکو دەرەنجامە سیاسیەکانی سەرنجی گشتی لە نارەزایەتی ناوخۆییەوە دەگوازێتەوە بۆ دەستدرێژی دەرەکی.
ئامانجێکی تر ژێرخانی پیشەسازی نەوت وپاڵاوگەکانە کە دەرەنجامی ئابوری دەستبەجێی لێدەبێتەوە. بەلام بە پلەی یەکەم بارگرانی سەرشانی خەلک زیاتردەکات، چونکە هەروەکو راوێژکارێکی سەربازی ئەمەریکی دەڵێت: ئەگەر یەک بەرمیل سوتەمەنی بمێنێت ئەوا بۆ دەسەلات دەبێت نەوەک بۆ خەڵک. کەمی سوتەمەنی و گێژاوی ئابوری زیاتر - رەوایەتی نارەزایەتیەکان لاوازدەکات لەبەرژەوەندی حکومەت و کۆنترۆلی رژێم بەسەر جەماوەردا بەهێزتر دەکات.  
ئامانجێکی تر هێرشە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکان کە زۆرترین مەترسی رەمزی و پەرەسەندنی ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە، بەلام لەبەرئەوەی لە ناوخۆدا ئەم دامەزراوانە وەکو سامانی نیشتیمانی وێنا دەکرێن نەوەک پرۆژەی رژێم – بۆیە رێگە بۆ حکومەت خۆشتردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی جەماوەری  لەژێر ئاڵای بەرگری نیشتیمانیدا و سەرکوتکردنی نارەزاییەکان ئاسانتر ئەکات. لەوانەشە ئەم بژاردەیە دەرەنجامی ناهاوسەنگ بوروژێنێت بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی سیاسی ناوخۆیی بەدەست بهێنێت.
لە روانگەی سەربازیەوە لێدانی سنورداری سەربازی ڕەنگە سەرکەوتنی تاکتیکی بەدەست بهێنێت، بەلام دەرەنجامەکەی شکستی ستراتیجی دەبێت، کە بەئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆیەک بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی دەسەڵاتی ئێران و بچوککردنەوەی قەزای نارەزایەتی و زیاتر ناسەقامگیری بۆ ترکیا و دەولەتانی کەنداو. لەم چوارچێوەیەدا گورزی سەربازی هەڵبژاردەیەکی کاریگەر نیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران ، بەلایەنی کەمەوە بۆ ئەم قۆناغە. بەپێچەوانەوە گورزی سەربازی هۆکارێک دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئەو دەسەلاتەی کە هەوڵی لاوازکردنی یان گۆرینی دەدرێت. ئاشکراشە کە بوونی هەر جۆرە لینکێکی هێرشی سەربازی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا ، دەبێت بە پشتراستکردنەوەی ووتەکانی حکومەتی ئێران – کە ئەمشیان دژی ڕەوایەتی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکانە.

بەپەلە