نوسینى ڤیان سیروان
وەرگێرانی کازیوە
بابەتی توندوتیژی یەکێکە لەو بابەتانەی کە بەشێوەیەکی
بەرچاو لە جیهان دا بەڕێوەدەچێت و شەرعییەتێکی گەورەی بەدەستخستووە . بە شێوەیەک
ڕێژەی توندوتیژی هێندە بەرزبووەتەوە کە کاریگەری لەسەر هۆشیاری و ژیانی ڕۆژانەی
مرۆڤایەتی بەدیدەکرێت بە جۆرێک کە هەموو وردەکارییەکانی ژیان توندوتیژی لەخۆدەگرێت
و جێگەی بۆ جوانی نەهێشتووەتەوە. تەنانەت منداڵانی ئەم سەردەمەش تووشی نەخۆشی
توندوتیژی بوون ئەمەش لەکاتێکدایە کە جیهانی منداڵان جیهانێکی پاک و سادەیە ،
بەڵام ئەم عەقڵییەتە وەکوو ڤایرۆسێک کەوتووەتە ناو مێشک و هۆشی منداڵان . ئەمەش
لەبەرئەوەیەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو توندوتیژی بەرامبەر بە ژن
بەڕێوەدەچێت و هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە .هەرچەندە توندوتیژی لەلایەن پیاوەوە شێوەی
خۆی گۆڕیبێت ، بەڵام لە جەوهەردا هەرهەمان توندوتیژییەیە بەردەوامە لە نوێنەرایەتی
کردنی هەمان شت .
لەم سەردەمەی ئێستاماندا توندوتیژی بەڕێبازگەلێکی ورد
بەدیاردەکەوێت . پیاو تەنها لەڕێگەی توندوتیژی جەستیەیی و لێدان و کوشتن توندی دژ
بە ژن بەرکارناهێنێت بەڵکو لە ڕێگەی بەرزکردنەوە دەنگ ، سەیرکردن و ئەو
دەستەواژانەی کە بە شایەنی ژنی دەزانێت توندوتیژی بەڕێوەدەبات ، بۆ ئەوەی ژن
لەچوارچێوەی سەروەری و هەژموونی پیاو دەرنەکەوێت و هێزی موڵکدارێتی ژن هەمیشە
لەژێر دەستیدا بێت هەموو ڕێبازێک بەکاردەهێنێت . هەربۆیەش خاڵیکی گرنگ هەیە کە
پێویستە هەڵسەنگاندنی لەسەر بکرێت ئەویش سایکۆلۆژیای ئەو ژنەیە کۆ خۆی وەک موڵک
سەیر دەکات .لەم بوارەشدا پێویستە ژن خۆی لە بارودۆخی موڵکایەتی دەربهێنیت و بەبێ
ئەوەی پێویستی بە پیاو هەبێت بتوانێت ژیانێک بۆ خۆی دروستبکات . دەستەواژەی "
ژن بەبێ پیاو نابێت " عەقڵییەتێکە کە دروستکراوە . ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : ژن
گەردوونەو پیاویش ئەستێرەی گەڕۆکی دەورییەتی . لەهەمان کاتیشدا ئەو پیاوەی پەنا
بەر بەکارهێنانی توندوتیژی دەبات زۆر بەباشی ئاگادارە لەو هێزەی کە ژن خاوەنییەتی بەڵام بۆ ئەوەیکە ئەم هێزە به
نەبینراوی بمێنێتەوە و بە هۆشمەندی نکۆڵی لە بوونی ئەو هێزە بکات ، لە چوارچێوەی
ئەو توندوتیژییەی کە وەک پیرۆزییەک باسی لێوە دەکرێت لەدژی ژن بەکاریدەهێنێت و بەم شێوەیەش ژیان دەگۆڕێت بۆ هەڕەشە و گوڕەشە . بەم جۆرەش شتێک بە ناوی ژیان بۆ ژن نامێنێتەوە . ئەم سیستەمەی کە لە ئێستادا بەسەر گەردووندا
زاڵە و لەچوارچێوەی پیاودا دامەزرێندراوە هیچ جێگە و پێگەیەکی بۆ ژن نییە ئەمەش
خۆی لە خۆیدا توندوتیژییە .بەڵام پێویستە ئەوەشمان
بیر بێت گەر شتێک بە ناوی ژن بوونی نەبێت نایەتە واتای کە هەر بەڕاستی بوونی نییە
بەڵکو شتێکە لە شوێنێکی نادیاردایە بەڵام هەر بوونی هەیە .
لە سیستەمێکی وەهادا کە بو سنوور و
عەقڵییەت و توندوتیژی پیاو دەوردراوە کاتێک کە ژن دەیەوێت دەنگی هەڵبڕێت و بەرزی
بکاتەوە یاخود جەوهەر و هۆشیاری خۆی بێنێتە سەر زمان ، یەکسەر لەلایەن پیاوەوە
توندوتیژی لەدژی ئەنجامدەدرێت ، ئەگەر توندوتیژیشی لەبەرامبەر ئەنجام نەدرێت ئەوا
بەبەردەوامی ژیانی لەژێر هەڕەشە و گوڕەشەی پیاودا دەبێت و دیار نییە ئاخۆ کەنگێ
کۆتایی بە ژیانی دەهێنرێت . خۆی لە خۆیدا ئەم یاسایانەی بەرکارن زۆربەی لەژێر بیر و
عەڵییەتی پیاودا دامەزرێندراون و لە وڵاتاندا یاساو ڕێساکان لە بەرژەوەندی
ژنان دا نین بەڵکو لە چوارچێوەی بەرژوەندییەکانی پیاو دروستکراون . ڕێبەر ئاپۆ
لەسەر ئەم بابەتە وەها دەدوێت: لەناو یاساکانی پیاودا ژن هیچ شوێنێکی نییە
هەربۆیەش پێویستە ژنان خاوەنی یاسایەکی تایبەت بەخۆیان بن ، لەم چوارچێوەیەشدا
ڕێبەر ئاپۆ بابەتی ژنانی پشتگوێ نەخستووە دەڵێت : من بابەتی ژن دەکەمە بابەتی سەرەکیم و لە سەرەتادا دایدەنێم .ئەگەر سەیر بکەین
دەبینین ژن هیچ جێگەیەکی لەم سیستەمەی ئێستادا نییە . لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان
وپەروەردەیی و دامودەزگاکان هیچ ژنێک بەشدار نییە تەنها پیاو بوونی هەیە .گەر ژنیش
بوونی هەبێت لەبەرئەوەیکە سیستەم لەچوارچێوەی عەقڵییەتی پیاودا دامەزراوە هەر وەک
نەبوون وەهایە و هیچ جێگەیەک بۆ ژن بوونی نییە . گەر سیستەم جێگەش بۆ ژن دابین
بکات و لەناو سیستەمیشدا جێگە بگرن پێویستە یان بەگوێرەی سیستەمەکە بێت یاخود هیچ
کاریگەرییەکی نەبێت ، گەر لەدەرەوەی عەقڵییەتی پیاو بێت ئەوا هیچ جێگەیەکی نییە .
هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت : بەگوێرەی من هەڵەترین شێوازی ژیان ئەو
ژیانەیە کە ژنی تێدا نییە .
جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بەم شێوەیەن : توندوتیژی
جەستەیی ، توندوتیژی دەروونی ، توندوتیژی ئابوری ، توندوتیژی سێکسی ، توندوتیژی
کۆمەڵایەتی و توندوتیژی ئەلکترۆنی . ئەم توندوتیژییانەی کە لە سەرەوەدا باسمان
کردووە بەهەزاران نمونەیان لەسەر هەیە ، ئەمەش چ لە ڕووی مێژووییەوە بێت یاخود چ
لەم سەردەمەی ئێمەدا بێت کۆمەڵێک نمونەگەلێکی زۆر ترسناک لەبارەی توندوتیژی دژ بە
ژنان بوونیان هەیە .
جۆر و ئەو شێوازە توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان
بەکاردەهێنرێن :
توندوتیژی جەستەیی : ئەم
جۆرە توندوتیژییە لە ڕێگەی لێدان یاخود کوشتن دەگاتە ئامانج . بەشێوەیەکی ڕێکخراو
لەلایەن باوک، برا یاخود مێردەوە لەدژی ژن ئەنجامدەدرێت . گەلێک ژن لە ژیانی
ڕۆژانەیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی دەبنەوە ئەمەش لەکاتێکدایە کە باشوری کوردستان
ڕێژەیەکی زۆری لە ڕێکخراوی ژنانی تێدایە بەڵام دیسانیشەوە ڕێژەی توندوتیژی جەستەیی
بەرامبەر بە ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە . لەلایەکی تریشەوە لەبەر زاڵبوونی کلتوری
هۆز و عەشێرەت لە هەندێک ناوچەدا بەشێک لەو ژنانەی نابن بە خاوەنی منداڵی کوڕ
ڕووبەڕووی توندوتیژی و بەکەم سەیر کردن دەبنەوە و لەهەمان کاتیشدا گەر منداڵەکە کچ
بێت بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازی دەخرێتە نێوانیان . یەکێکی تر لە نمونەکانی
توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر بە ژنان ئەوەیە کە لەبەشێکی زۆر لە گوندەکانی باشوری
کوردستان دا لەناو هەموو ئەو کچانەی کە لەدایک دەبن یەکێکیان نانێردرێت بۆ
قوتابخانەو تەنانەت ڕێگەی پێ نادرێت کە ژیانی هاوسەرگیریش پێکبهێنێت بەبیانووی
ئەوەیکە خزمەتی باوک و براکانی بکات لە ماڵەوە، ئەو کچە پێویستە هەموو تەمەنی لە
ماڵەوەدا بمێنێتەوە و کاری ماڵەوە بکات . هاوکات پێویستە سەرنج بخەینە سەر خاڵێکی
تری گرنگ کە هێشتاش لە باشوری کوردستان دا بەردەوامە و هێشتاش لەلایەن هەمووانەوە
پشتگوێ دەخرێت ئەویش پرسی ژنکوژییە . لە باشوری کوردستان دا ڕێژەی کوشتنی ژنان لە
ئاستێکی بەزردایە و ئەم کوشتانەش هەمووی لەژێر ناوی ناموس و خاوێنکردنەوەی
شەڕەفەوە ئەنجامدەدرێن و کاتێکیش ئەو ڕووداوە ئاشکرا دەبێت و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە
ئەنجامدەدرێت ئەمجارە لەژێر ناوی خۆکوشتنەوە پێشکەش دەکرێت .زۆربەی ڕووداوەکانی
کوشتنی ژنان و کچان وەک ڕووداوی خۆکوشتن بەناو دەکرێن. بەڵام لەڕاستیدا بەم شێوەیە
تاوانبارەکە پەردەپۆش دەکرێت و دەپارێزرێت وهیچ حسابێک لە پیاو ناخوازرێت و
لەپێناو ئەمەشدا هەموو کارێک دەکەن . یەکێکی تر لەو دیاردانەی کە بەشێوەیەکی
بەرچاو لە باشوری کوردستان دا سەرهەڵدەدات خەتەنەکردنی کچانە . بەپێی ئەو
لێکۆڵینەوانەی کە ئەنجامدەدراون زۆرکەس خەتەنەکردنی کچان وەک بابەتێکی دینی یاخود
کلتوری سەیر دەکەن ، بەڵام هەردوو ئەم ئەنجامانەش دروست نین ڕاستییەکی وەها بوونی
نییە ، تەنانەت لەڕووی دینییەوە ئەم شتە وەک گوناح سەیردەکرێت .هەرچەندە کۆمەڵە
یاسایەکیش لە دژی ئەم دیاردەیە هەموارکرابێتەوە بەڵام دیسانیش لە زۆر شوێن
بەشێوەیەکی شاراوە خەتەنەکردنی کچان ئەنجامدەدرێت. ئەم دیاردەیە لەڕووی جەستەیی و
دەروونییەوە زیان بەکچان دەگەیەنێت و ئەمەش سەلمێنراوە .
توندوتیژی دەروونی : یەکێکی تر لەو توندوتیژییانەی کە
زۆر بەشێوەیەکی هەستیارانە ئەنجامدەدرێت توندوتیژی دەروونییە . ئەم جۆرە لە
توندیژییەش هەر لە ماڵەوە سەرهەڵدەدات و هەتاوەکوو ئاستی ژیانی و کۆمەڵایەتی
پەرەدەسێنێت و بەربڵاو دەبێتەوە ، لە ماڵەوەدا ژنان و منداڵان و بەتایبەتیش
منداڵانی کچ لەبەر ئەو توندوتیژییەی کە باوک و برا ئەنجامی دەدەن و لەژێر ئەو
توندوتیژییەدا گەورە دەبن ، ئەمەش کاریگەری لەسەر دروونییان دروستدەکات . ئەو
توندوتیژییەی کە لەلایەن باوکەوە ئەنجام دەدرێت دەبێتە هۆکاری سەرکوتکردن و
چەوساندنەوەیەکی قوڵ .لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییەی کە لەسەر کۆمەڵگا بەڕێوەدەچێت و
فەڕز دەکرێت کۆمەڵە نەخۆشیگەلێکی دەروونی سەرنجڕاکێش سەرهەڵدەدەن . لەئێستاشدا
بەشێوەیەکی بەرچاو ژنان و منداڵان سەردانی پزیشکانی دروونی دەکەن . لەچاو ساڵانی
پێشووتر نەخۆشییە دەروونییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە زیادبوون کردووە و
لەئەنجامی بەکارهێنانی داو دەرمانە دروونییەکان کۆمەڵە نەخۆشییەکی سەرنجڕاکێش
لەناو کۆمەڵگادا سەریانهەڵداوە. بەتایبەتیش لە تەمەنگەلێکی بچوکەوە منداڵان تووشی
نەخۆشی دەروونی دەبن و خێزانەکانیان ناچار دەبن منداڵەکانیان ببن بۆ لای پزیشکی
دەروونی ، هەروەها لە ئەنجامی توندوتیژی دەروونییانەی کە ژنان و کچان ڕووبەڕووی
دەبنەوە هەردێت ڕێژەی خۆکوشتنی ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات . هەموو ئەم گیروگرفتە
دەروونییانەی ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ئەنجامی کردارەکانی پیاودا دروست دەبن .
لەساڵانی ڕابردوودا گەلێک نمونەی وەها لە باشوری کوردستان دا ڕوویان لە زیادبوون
کردووە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا سێ کچ کە یەکترییان دەناسی لە هەمان کات و ساتدا خۆیان کوشت
، لەهەمان ساڵدا پیاوێک لە ڕانیە هەر پێنج لە ئەندامانی خێزانەکەی دایە بەر گولەو
کۆتایی بە ژیانیان هێنا. ڕووداوەکانی خۆکوشتن لەم چەند ساڵەدا تەنها لە چوارچێوەی
کچان و ژنان دا نەماوەتەوە تەنانەت ئیتر کوڕانیش بەجۆرێک کە هۆکارەکەی نازانرێت
دەست دەدەنە خۆکوشتن .
توندوتیژی ئابوری : تا ئێستاش ژنانی باشوری کوردستان لە
بواری ئابوریدا پشت بە پیاو دەبەستن ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆربەی پیاوان بژێوی
ژیانیان یان پێشمەرگایەتی یاخود ئەندامی هێزە ئەمنییەکان پەیدا دەکەن.بەگشتی ژنانی
هەرێم دەرفەتی ئەوەیان نییە ئابوری تایبەت بە خۆیان بنیادبنێن هەربۆیەش تا ئێستا
لەڕووی ئابورییەوە پشت بە پیاو دەبەستن .دیارترین نمونەی توندوتیژی دژ بە ژنان
لەبواری ئابوریدا ژنانی ئەفغانین . لەباشووری کوردستان بە تایبەت لە شارەکانی
هەولێر و سلێمانی ژنانی ئەفغانی کاتژمێرگەلێکی زۆر کاردەکەن لەبەرامبەر
بەدەستهێنانی موچەیەکی کەم . لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دا دەبینرێت کە
ژنان تووشی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە .بەڵام لەبەرئەوەی ئەم ڕوودانی
ئەم توندوتیژییانە لە کاتی تۆمارنەکراودا ئەنجامدەدرێت ڕێژەی بەرزکردنەوەی سکاڵا
لە ئاستێکی کەمدایە .ڕووداوی هەراسانکردن و توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بە ژنانی
پەنابەر لە شوێنی مانەوەیاندا بەشێوەیەکی بەرچاو باوبووە .ئەو کێشانەی کە
ڕووبەڕووی ژنانی ئەفغان دەبنەوە دەچنە چوارچێوەی سێ دێڕەوە ئەمانیش : توندوتیژی لە
قاچاخچێتی و بازرگانیکردن وەک : هەڕەشە ، هەراسانکردن ، دەستدرێژی کردنەسەر و
قەرزدارکردن ، "سوکایەتی پێکردن لەشوێنی کاردا" وەک ڕەفتاری خراپ لە
کاتی ئەنجامدانی کاری ماڵاندا و پێدانی موچەیەکی کەم و دەستبەسەراگرتنی هەوییەو
جنسیە .
توندوتیژی جەستەیی : لەم سەردەمەدا ژن تەنها بووە بە
مەکینەیەک بۆ دروستکردنی منداڵ .ژن تەنها وەک ئامڕازێک بۆ تێرکردنی ئارەزووی
پیاوان سەیر دەکرێت . لەلایەکی تریشەوە وەکوو خاوترین ماددەی خاو بۆ بازرگانیکردنی سیستەمی سەرمایەداری سەیر
دەکرێت. لەشفرۆشی ژنان لە ڕاستیدا لەلایەن پیاوەوە بەڕێوەدەچێت کە بووەتە یەکێک لە
سێکتەرە هەرە گرنگەکانی بازرگانی کردن .بەڵام خراپترین بارودۆخ ئەو کاتەیە کە ژن
لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت بە تاوانی لەشفرۆشی کردن و یەکسەر سزا دەدرێت
بەڵام بەداخەوە ئەو کەسانەی کە جەستەی دەفرۆشن و ئەوانەی کە جەستەی لەبەرامبەر بڕە
پارەیەکدا جەستەی دەکرن هیچ لێپرسینەوەکیان لەگەڵ دا ناکرێت و هیچ سزایەکیان
بەسەردا ناسەپێنرێت . لەبەرئەوەیکە ئەو کەسەی کە جەستەی ژن دەکرێت و سزای دەدات
دیسانیشەوە هەر پیاوە . یەکێکی تر لە دیاردە هەرە گرنگەکان لە باشوری کوردستان دا
دیاردەی فرە ژنییە ئەمەش لەسەر ناوی ئایین ئەنجامدەدەرێت . جگە لەوەش ژنان لە
شوێنی کاردا ڕووبەڕووی چەندین ڕووداوی دەستدرێژی دەبنەوە بەڵام لەبەرئەوەیکە
ڕووبەڕووی کوشتن نەبنەوە بێدەنگی لێدەکەن .یەکێکی تر لە هۆکارەکانی فرە ژنی لە
باشوری کوردستاندا بەدونیا هێنانی منداڵی کوڕە بەڕێژەیەکی زیاتر ئەمەش بەشێوەیەکی
بەرچاو کە باشوری کوردستاندا دەبینرێت . هێشتاش زەواجی کچانی تەمەن بچوک لەگەڵ
پیاوی بەتەمەن لە باشوری کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دەبینرێت .
توندوتیژی تەندروستی : لەبواری تەندروستیدا سیاسەتێکی
سەرکەوتوو لە باشوری کوردستان دا بەڕێوەناچێت . لەم ساڵانەی دواییدا هەمووان ڕوویان
لە نەشتەرگەرییە بەناو جوانکارییەکان کردووە ، بەڵام چەمکی جوانکاری چەمکێکی
جەستەیی نییە بەڵکو بابەتێکی هۆشیارییە . نەخۆشی هاوشێوەبوون و یەکڕەنگ کە لە
لایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە پەرەیپێدراوە بەشێوەیەکی بەرچاو لەباشوری کورستاندا
تەشەنەی سەندووە. چیتر ئێمە لە زۆربەی ژناندا ڕووبەڕووی جەستەیەکی سروشتی و
ڕوخسارێکی سروشتی نابینەوە . هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ڕازی کردنی دڵی پیاوە
لەبواری جنسی دا . سەرمایەداری پێوەرێکی لە جەستەو ڕوخساری ژن دروست کردووە ئەم
شێوەیەش دەکاتە پێوەر بۆ پیاوان هەربۆیەش ژنان ناچارن ئەو نەشتەرگەرییانە
ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی ئەو پێوەرانە بە جەستەیان بدەن . جگە لەمەش ئەو دەرمانانەی کە
بۆ زیادکردن یاخود کەمکردنی کێش بەکاردەهێنرێن بەپێی کات وا دەکەن ژنان ڕووبەڕووی نەخۆشی
جۆراوجۆر ببنەوە . زۆربەی ئەو ژنانەی دەرمانی کێش دابەزاندنیان بەکارهێناوە لەکاتی
سکپریدا تووشی کێشە دەبنەوە و بۆ ئەوەی کۆرپەلەکەیان لەدایکبێت ناچار دەبن بە
بەکارهێنانی کۆمەڵە دەرمانێکی تر . جگە لەمەش بەدونیا هێنانی منداڵی زۆر ئەمیش
لەڕێگەی نەشتەرگەری قەستەرە وادەکات جەستەی ژن هیچ بەرگرییەکی تێدا نەمێنێت ئەمەش
ڕێگە بۆ تووشبوونی نەخۆشی جۆراوجۆر و مەترسیدار دەکاتەوە زۆرجار ئەم نەخۆشییە وەک
شێرپەنجە دەردەکەوێت .
توندوتیژی کۆمەڵایەتی : لە کوردستاندا هێشتاش شەڕی نێوان
عەشیرەتەکان ماوەتەوە و گەلێک عەشیرەت هەنە کە شەڕی یەکترییان کردووە و خوێنی بە
دەیان کەسیان بەیەکەوە ڕشتووە توندوتیژی ئەم بابەتە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە ،
ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە هەڵسەنگاندندن بۆ ئەم بابەتە دەکات دەڵێت : " توندوتیژی بێ ئەخلاق'' و زۆرترین قوربانیی توندوتیژی لە کایەی کۆمەڵایەتیدا
ژنانن، چونکە تەنانەت ئەگەر خێزانێک بیەوێت لە یاسا و ڕێگا و داب و نەریتی هەبوو تێپەڕێت،
نەریتی کۆمەڵایەتی ڕێگە بەم گۆڕانکارییە نادات . لەباشوری کوردستان دا هێشتا ئەم کلتورە ئاینییە زۆر
زاڵە کە دەڵێت : پیاو چی بڵێت بەبێ لێپرسینەوە لێی پێویستە ئەنجامبدرێت و قبوڵ
بکرێت . خاڵێکی گرنگ بوونی هەیە کە پێویستە سەرنجی بخرێتەسەر ئەویش بابەتی بێدەنگ
بوونە بە واتایەکی تر ترساندن . بەعەیب زانین شەرمکردنی ژن لە وەستانەوە و
ناڕازیبوون لەبەرامبەر هەموو ئەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن پیاوەوە دەکرێتەسەر ژن
و بەسەریدا دەسەپێنرێت و ئەنجامدەدرێت . کاتێک کە ژن ئەو بوێرییە نیشان دەدات و
دەنگی ناڕازیبوون هەڵدەبڕێت لەلایەن کۆمەڵگاوە سەرکۆنە دەکرێت کە بۆچی کێشەکانی
ناو ماڵەوەی هێناوەتە دەرەوە . لەم ڕووەوە
فشارێکی کۆمەڵایەتی زۆر لەسەر ژنان لە باشووری کوردستان هەیە. بۆیە بەرخۆدانێکی
قووڵ و شاراوە هەیە بەرامبەر بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و پێویستی بە بوونی تێکۆشانێک
هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم توندوتیژییە .
توندوتیژی
ئەلکترۆنی : ئەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین سەردەمی تەکنەلۆجیایە، ئەوەندەی تەکنەلۆجیا
سوودی هەیە، دە هێندە دەوری نەرێنی لە تێکچوونی ئەخلاقدا دەگێڕێت . بەر لە هەموو شتێک لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە
چاوی مرۆڤایەتییان فێری توندوتیژی کرد ئەمیش لە ڕێگەی ڤیدیۆ و وێنەی کوشتن و خوێن
و کۆمەڵکوژییەکانەوە بوو ، هەرە زۆریش مێشکی منداڵیان پڕکرد لە دیمەنی کوشت و
کوشتار و خوێن ڕشتن . لەلایەکی تریشەوە هەموو ئەو هەڕەشە و گوشارانەی پیاو کە
نەیدەوێرا لەسەر ژن پیادەی بکات ، لەڕێگەی توکنەلۆجیاو خستنە ژێرعەقڵییەتی خۆیەوە
هەموو ئامانجە قێزەونەکانی لەسەر ژن لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە . لە ڕێگەی تەکنەلۆجیاوە کۆتایی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هێنراوە و لە
جیاتی کۆمەڵایەتیبوون مۆبایلێک خراوەتە دەستی خەڵکەوە. ئێستا مرۆڤایەتی لە ڕێگەی تەکنۆلۆجیا
و زنجیرەوە چووەتە دۆخی ژیانی ئەبستراکت و لەم ڕووەوە مادەی سەرەکی وەک ئۆبژەیەکی
مێینە لە میدیای خەیاڵیدا بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆ مەترسیدارترین چەک کە هەڕەشە لە پەیکەری
کۆمەڵایەتیبوون و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی دەکات دیجیتاڵ میدیایە. کە ئەمیش ناونراوە سۆشیال
میدیا ، بەڵام بە پێچەوانەوە دژە سۆشیاڵ مێدیایە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا توندوتیژی
زیاتر پەرەی سەندووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ حکومەتی عێراق بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر هاوسەرگیری
کچان لە تەمەنی ٩ ساڵیدا پەسەند کرد، سەرەڕای بوونی ناکۆکییەکی زۆر، بەڵام ئێستا ئەم
یاسایە کاری پێدەکرێت. لە سەردەمێکدا کە ئەوەندە ململانێ لە دژی هاوسەرگیری پێشوەختە
دەکرێت، بە فەرمیکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە تەنیا بە مانای قووڵکردنەوەی کۆیلایەتی
ژنان و لە هەمان کاتدا دروستکردنی گەورەترین نادادپەروەری بەرامبەر بە منداڵانە .
لە ئەنجامیشدا
نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە توندوتیژی عەقڵییەتی کۆیلایەتییە و کۆیلە دروست دەکات.
خەبات بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی دەبێت لە پیاوەوە دەست پێبکات، هەروەها ژنانیش
بتوانن هەموو ڕۆژێک لە سەفەری ئازادیدا بگەڕێنەوە بۆ خولیای خۆیان. نابێت وڵاتەکەمان
ببێتە گۆڕستانی ژنان و کچان ، با چیتر تەرمی ژن و کچ لە وڵاتی ئێمەدا نەنێژرێت. ئەگەر
بمانەوێت لەگەڵ ژندا بژین، سەرەتا دەبێت بە باشی لە واقیعەکانی ژنان تێبگەین ، نەک
تەنها وەک کەرەستەیەکی سێکسی سەیرییان بکەین. پیاوان پێوەریان داناوە کە ئەمەش ئەمڕۆ
بووەتە سیستەمێکی باڵادەستی هەژموون بەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا. ئەوان پێوەرێک
نین کە نەتوانرێت ببڕدرێن و بشکێنرێن. بۆیە بە پێچەوانەی قۆرخکاری پیاوان، پێکەوەژیانی
ئازاد چارەسەری هەموو کێشەکانی بنەماڵە و کۆمەڵگایە. بۆیە ئەو سیستمانەی لە ئازادی
ژن دەترسن، مەحکومن بە شکست .
