نەخشەی نوێی جەنگ.. ترەمپ کورد دەخاتە ناو هاوکێشەی ڕوبەڕوبونەوەی ئێران

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کتوپڕو ستراتیژیدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەستیاری لەگەڵ هەریەکە لەمەسعود بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی سەرکردەکانی دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، وه‌كو ئاكسیۆس ئەم پەیوەندییە تەنها ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی بۆردومانە چڕەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دێت.


کورد کارتە شاراوەکەی ناتانیاهۆ
سەرچاوەکان بۆ ئاكسیۆس-ى ئه‌مریكى ئاشکرایانكردوه، ئەو نزیکبونەوەیە ئەنجامی مانگێك لۆبیکردنی بەردەوامی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە، ناتانیاهۆ لەکۆبونەوە تایبەتەکانیدا لەکۆشکی سپی، ترەمپی قایلکردوە کە کوردەکان دەتوانن ڕۆڵی سەرهەڵدەرو هێزی زەوینی یەکلاکەرەوە بگێڕن بۆ گۆڕینی ڕژێم لەتاران.

بۆچی کورد گرنگن؟
هێزی زەمینی، پێشمەرگە کە بەئەوانەی ڕوبەڕوی مەرگ دەبنەوە دەناسرێن، خاوەن ئەزمونێکی دەیان ساڵەی شەڕن، بەتایبەت لەتێکشکاندنی داعش، جوگرافیای ستراتیژیی: کورد بەدرێژایی سنورەکانی ئێران‌و عێراق جێگیرن‌و کۆنتڕۆڵی ناوچەگەلێکی هەستیار دەکەن، پەیوەندی نەتەوەیی: کوردانی عێراق پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ کەمینەی کوردی ئێران هەیە، ئەمەش دەرفەتی سەرهەڵدانی ناوخۆیی لەناو ئێران زیاتر دەکات.

بەرەو سیناریۆکەی ئەفغانستان؟
ستراتیژی نوێی واشنتۆن‌و تەلئەبیب هاوشێوەی جەنگی 2001ی ئەفغانستانە، بەکارهێنانی پشتیوانی ئاسمانیی چڕ بۆ پاراستنی مانۆڕی هێزە نەتەوەییە ناوخۆییەکان لەسەر زەوی بەمەبەستی ڕوخاندنی دەسەڵاتی ناوەندیی، تەنها شەش ڕۆژ پێش جەنگ، پێنج لایەنی کوردی ئێران هاوپەیمانییەکی نوێیان بۆ ئەم مەبەستە ڕاگەیاندوە.

کۆسپەکان‌و مەترسییەکان
سەرەڕای ئەم پلانە، چەند خاڵێکی گرژیی بونیان هه‌یه‌ ئه‌وانیش، ئەنكەرە بەهەستیارییەوە دەڕوانێتە هەر بەهێزبونێکی کوردو ئەمە دەکرێت پەیوەندییەکانی ناتۆ ئاڵۆز بکات، ناکۆکی لەنێوان لایەنە کوردییەکان‌و لایەنگرانی ڕەزا پەهلەوی (شازادەی پێشوی ئێران) لەسەر ئایندەی وڵاتەکە سەریهەڵداوە.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەیە کە ناتانیاهۆ قەبارەی ڕاستەقینەی سەرهەڵدانی کوردەکانی زیاد لەپێویست نیشاندابێت، بەڵام وەک بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، "ئەم هێزە شتێکی کەم نییە"، ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا کورد دەبێتە کلیلی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

بەپەلە