دەستوەردانی سەربازی شەرع لە لوبنان ناوچەكە روبەروی مەترسییەكی نوێ دەكاتەوە

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: كەنداڵ جودی

لە نێو هەلومەرجی دژواری ناوچەكەدا، پرسی ئەگەری دەستوەردانی سوریا لە لوبنان بووەتە یەكێك لە تەوەرە گەرمەكانی رۆژ. بەتایبەت دوای لێدوانەكانی ترەمپ بە هاندانی دەسەڵاتدارانی سوریا بۆ دەستوەردان لە لوبنان و شەڕكردن دژی حیزبوڵا.

لە نێوان لێدوانەكانی ئەمریكا و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا، پرسی ئەگەری دەستوەردانی هێزەكانی سوریا لە لوبنان و بەرەنگاربوونەوەی حیزبوڵا یەكێك بووە لەو بابەتانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر باسی لێوە كرا.

نەواف خەلیل، سەرۆكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی كورد لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لە ئێستادا قسەیەكی زۆر لەسەر دەستوەردانی ڕژێمی سوریا لە لوبنان دەكرێت، بەتایبەتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە، كە بە ڕوونی و بە ئاشكرا باس لەوە دەكات كە ئەو و ئەردۆغان ئەحمەد شەرعیان هێناوەتە سەر دەسەڵات لە سوریا و شەرع دەتوانێت دەستوەردان لە لوبنان بكات.

لەم چوارچێوەیەدا زۆرێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن كە لوبنان تەنها بە لێدوانی سیاسی هەڵناسەنگێندرێت، بەڵكو پەیوەستە بە تەواوی بارودۆخی ناوچەكە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، كە دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەموو سیناریۆ ئەگەرییەكان هەبێت.

خەلیل دووپاتی كردەوە كە ڕژێمی دیمەشق، هێزی ئۆزبەكستانی لە لازقیەوە ماوەیەك لەمەوبەر ڕەوانەی سنوری لوبنان كردون.

لە هەمان كاتدا ڕۆژنامەنووس و شارەزا لە توركیا و ناوچەكە، سەركیس قەسەرجیان ڕایگەیاند، پرسی ناردنی هێزی سوریا بۆ لوبنان بڕیاری ئەحمەد شەرع نییە، بەو پێیەی ئەم بابەتە بە گشتی پەیوەندی بە دەستێوەردانەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە.

 قەسەرجیان دەڵێت، بۆ ئەوەی شەرع ئەم بڕیارە بدات، پێویستە ڕێككەوتنێكی ناوچەیی بكرێت و دەرفەتی دەستوەردانی لە لوبنان پێ بدرێت.

ئەم باسە هەروەها ئەوە دەردەخات كە بەبێ ڕێككەوتنی نێودەوڵەتی بەرفراوان، هەر چالاكییەكی سەربازی لە لوبنان دەتوانێت قەیرانێكی گەورەتر لە ناوچەكەدا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

نەواف خەلیل ئاماژەی بەوەدا كە ڕژێمی ئێران چەند مانگ لەمەوبەر هەڕەشەی لە ڕژێمی دیمەشق كردبوو لەسەر ئەم پرسە و ڕایگەیاند كە كۆشكی سەرۆكایەتی ئەحمەد شەع دەكاتە ئامانج. 

لای خۆیەوە قەسەرجیان دەڵێت، لە ڕووی مێژووییەوە كاتێك سوریا لە سەردەمی حافز ئەسەددا هێرشی كردە سەر لوبنان، عەرەبەكان پشتیوانی حافز ئەسەدیان دەكرد و زلهێزە نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت ئەمریكا پەسەندی كرد. بە بڕوای قەسەرجیان، ئەم نموونە مێژووییە ئەوەمان بۆ دەردەخات كە هەر دەستێوەردانێكی لەو جۆرە نەك تەنیا بە بڕیاری شامییەكانەوە، بەڵكوو بەندە بە هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە.

خەلیل رونیكردەوە، ئەگەری دەستوەردان هەیە، چونكە تۆم باراك چەندین جار هەڕەشەی لە لوبنان كردووە و سوكایەتی پێكردووە و دەڵێت "ئەگەری ئەوە هەیە لوبنان بوونی نەبێت".

قەسەرجیان هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەر لێدوانەكانی ترەمپ بە ڕەزامەندی ئەمریكا بزانین نەك وەك فشار، ئەوا ئەو پرسە تا ڕەزامەندی هەرێمی دەمێنێتەوە. 

سەركیس پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا توركیا و سعودیە پاڵپشتی لە كارەكانی سوریا لە لوبنان دەكەن یان نا، هەروەها هەڵوێستی میسر و دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە چۆن دەبێت. بە بڕوای سەركیس هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن كە ئەم بابەتە زۆر ئاڵۆزە.

لە لایەكی دیكەوە نەواف خەلیل ڕایگەیاند كە بەپێی زانیارییە ڕوونەكان، چەكدارانی سوریا لە سوریاوە پەڕینەوە بۆ لوبنان، بەتایبەتی لە تەرابلوس و دۆڵی خالید لە لوبنان. خەلیل وتی، دەكرێت ئەمە سیناریۆیەك بێت كە ئەگەر ڕووبدات، ئیتر شەرع نەتوانێت دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات.

خەلیل دووپاتی كردەوە كە لەم دۆخەدا ئەگەر شەڕ ڕووبدات، ناكۆكییەكانی نێوان سوننە و شیعە زیاتر دەبن و ڕاشیگەیاند، ململانێكان لە عێراقیش زیاتر دەبن.

بەپێچەوانەی ئەم هەڵسەنگاندنەوە، قەسەرجیان دووپاتی كردەوە كە چاوەڕوانی دەستێوەردانی سوریا لەدژی حیزبوڵا لە لوبنان ناكات لە ئایندەیەكی نزیكدا.

وتیشی "دەستێوەردانێكی لەم شێوەیە دەتوانێت دۆخی ناوچەكە زیاتر ئاڵۆز بكات و لە ئێستادا كەس ئامادە نییە بۆ ئەمە. هەمووان چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی شەڕی ئێرانن، چونكە نایانەوێت ئەم شەڕە لە لوبنان ڕووبدات".

لە كۆتاییدا نەواف خەلیل ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕ لە ناوخۆی لوبنان هەڵگیرسێت، ئەوا ڕژێمی شەرع دەتوانێت ئەمە بكاتە بیانوو بۆ دەستوەردان لە ناوخۆی لوبنان.

قەسەرجیان باسی لەوەش كرد كە زۆر هۆكار هەن كە ڕێگرن لە دەستوەردانی سوریا لە لوبنان. بە وتەی ناوبراو، وەڵامدانەوەی ئێران، وەڵامدانەوەی هێزە شیعەكان و حەشدی شەعبی لە عێراق، كاریگەریی شەڕی لوبنان ئەگەر ڕووبدات لەسەر تەواوی ناوچەكە، تەنانەت ئیسرائیل دادەنێت.