شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی جیۆستراتیژی بێوێنەدا کە نەخشەی
هێز لەدەریای سورو قۆچی ئەفریقا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، هەرێمی جوداخوازی سۆمالیلاند
دەروازەکانی خۆی بەتەواوی بۆ هەژمونی سەربازییو هەواڵگریی ئیسرائیل واڵاکرد، چاودێرانى
سیاسیش دهڵێن، "ئەم هەنگاوە نەک تەنها کێشە ناوخۆییەکانی سۆماڵی گۆڕیوە بۆ قەیرانێکی
نێودەوڵەتی، بەڵکو گەروی بابولمەندەبو شادەماری ئابوری میسری خستوەتە ژێر مەترسییەکی
ڕاستەوخۆوە".
بازدان بۆ ناو هێڵی سور: باڵیۆزخانە لەقودسو
بنکەی سەربازیی
میدیاكان باس لهوهدهكهن، سەردانی فەرمیو
مێژویی عەبدولڕەحمان عەرو سەرۆکی سۆمالیلاند بۆ ئیسرائیل، تەنها پەیوەندی دیپلۆماسیی
نەبوو، چونكه سەرجەم هێڵە سورەکانی بەزاندو بەفەرمی باڵیۆزخانەی هەرێمەکەى لەدڵی
شاری قودس (ناوچەی هار حوتسیم) كردهوهو کۆتایی بهو پرسه هێنا، دهشڵێن، ئەم هەنگاوە
دوای ئەوەدێت کە ئیسرائیل لەکۆتایی ساڵی 2025دا، دانی بەسەربەخۆیی سۆمالیلاندا
ناوه.
هاوکات، ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان ئاشکرایدەکەن،
ئیسرائیل یەکەم بنکەی هەواڵگریی خۆی لەهەرێمەکە کردوەتەوەو بەخێرایی کاردەکات بۆ جێگیرکردنی
بنکەیەکی سەربازیی گەورە لەنزیک بەندەری ستراتیژی "بەربەرە".
مەشقی سەربازییو چەکداریی پێشکەوتوو: هێزی
تایبەتو قوبەی ئاسنین
پەیوەندییە نهێنییەکانی دەیان ساڵەی نێوان تەلئەبیب
و هەرگیسا ئێستا هاتوونەتە ناو قۆناغێکی تهواو عەسکەرییەوە، بهگوێرهى زانیارییە
دزەپێکراوەکان، زیاتر لە 50 سەربازی هێزی تایبەتی سۆمالیلاند دوای وەرگرتنی مەشقی
سەربازیی چڕ لەتەلئەبیب، گەڕاونەتەوە هەرێمەکە، هاوكات وەفدێکی ئیسرائیلی لەناوجەرگەی
پایتەخت (هەڕگیسا) پارچەیەکی موشەکی بەرپەرچدەرەوەی سیستمی "قوبەی ئاسنین"یان
وەک هێمایەک بۆ پاراستنی سەربازیی پێشکەش بەسەرۆکی هەرێمەکە کردوە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی
وەک کەناڵی CNNیش بونی تۆڕێکی
فراوان لەپێگەی سەربازیی نهێنی ئیسرائیلی لەم هەرێمەدا پشتڕاستکردوەتەوە کە بۆ
چاودێریی هەواڵگریی بەکاردێن.
شەڕی شادەماری ئابوریی: خنکاندنی میسرو بەربەست
بۆ ئێران
شیكهرهوانى سیاسیىو ئابوریى پێیانوایه،
ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل لەم جێگیربونە، کۆنترۆڵکردنی دەروازەی باشوری نۆکەندی سوێسو
گەروی بابولمەندەبە، چونكه دوای هێرشەکانی ئەنسارۆڵڵای یەمەن (حوسییەکان) لەکاتی
تۆفانی ئەقسادا، ئیسرائیل کەناراوەکانی سۆمالیلاندی وەک باشترین پێگەی پێشەوە دەستنیشانکردوە
بۆ مسۆگەرکردنی هێڵی بازرگانییو تانکەرەکانی وزە (کە 12٪ی بازرگانی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت).
ههروهها باس لهوهشكراوه، ئەم پێشڕەوییە
سەربازییە، قاهیرەی تەواو توڕە کردوە، چونكه میسر ئەم جوڵەیەی ئیسرائیل بەهەڕەشەیەکی
ڕاستەوخۆ بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە دەستبەجێ میحوەرێکی بەرپەرچدانەوەی
دیپلۆماسی لەگەڵ سۆماڵ، جیبۆتیو تورکیا پێکهێناوە بۆ تێکدانی ئەم پلانە.
تەقینەوەی ناوخۆییو مەترسی جەنگی عەشایەری
لەناوخۆی سۆمالیلانددا، دۆخەکە وەک بەرمیلێک
باروتی لێهاتوە، سەرەڕای سەرکوتو دەستگیرکردنی توێژه سیاسییو ڕۆشنبیرییەکان لەلایەن
دەسەڵاتدارانەوە، خۆپێشاندانی توند دژی پهیوهندییهكانى ههرێمهكهیانو ئیسرائیل
بەڕێوەدەچێت، تەنانەت موسا بیحی عەبدی سەرۆکی پێشوی هەرێمەکە، هۆشداریداوە کە ئەم
هەنگاوەى ههرێمهكهى لهگهڵ تهلئهبیب، دەستوری هەرێمەکە پێشێلدەکاتو مەترسی
هەڵگیرسانی شەڕی عەشایەرییو سەرهەڵدانی گروپی چەکداری توندڕەو دروستدەکات.
هاوکێشەی ترس: ئایا هەڕگیسا دەبێتە ئامانجی
موشەکی ئێران؟
چاودێرانی سەربازیی هۆشداریدەدەن، ڕێگەدان بەئیسرائیل
بۆ بەکارهێنانی خاکی سۆمالیلاند دژی یەمەن یان ئێران، باجەکەی زۆر قورس دەبێت، ئەزمونی
دەوڵەتانی ئێرانیش وهكو وڵاتانى کەنداو نیشانیداوە کە ئێران دودڵ نابێت لەلێدانی
ئەو بنکانە؛ ئەمەش واتە ئەگەری هەیە شارە گرنگەکانی وەک (بەربەرەو هەڕگیسا) ڕاستەوخۆ
ببنە ئامانجی موشەکی بالیستی کە ئەمەش ئابورییو بازرگانی ناوچەکە بەتەواوی وێراندەکات.
لەعێراقەوە بۆ سۆمالیلاند؛ مێژوی بنکە سەربازییە
نهێنییەکانی ئیسرائیل
سەرچاوەکان بەCNNیان ڕاگەیاندوە، کە ئەم پێگانە بەشێکن لەتۆڕێکی
فراوانتر کە بنکەی سەربازیی نهێنی لەچەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو قۆچی ئەفریقا
دەگرێتەوە، لەوانە عێراق، ئیماراتو سۆمالیلاند، ئەمە ئەو بنکە سەربازییە نهێنییەمان
بیردەخاتەوە کە تەلئەبیب لەعێراق دروستیکردبوو و شوانى ڕانهمهڕێك بەڕێکەوت دۆزیبوویەوە،
یان ئەوەی تەلئەبیب لەئازەربایجان لەکاتی جەنگ لەگەڵ ئێران ئەنجامیدا.
ئەم پێگە سەربازییانەی ئیسرائیل سەرەتا وەها
پلانیان بۆ داڕێژرابوو کە تەنها بۆ پڕۆسەکانی ڕزگارکردنو فریاگوزاری بن لەکاتی جەنگ
لەگەڵ ئێران، بەڵام بەتێپەڕبونی کات ڕۆڵەکەیان فراوانبوو و گۆڕان بۆ بنکەی سەربازیی
تەواو؛ ئێستا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییو چاودێریكردنی جوڵەکانی ناوچەکە بەکاردێن.
