حكومه‌تى عێراق پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی بودجە ڕاده‌گه‌یه‌نێت

عیراق

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ کۆتایهێنان بەسیستمی کۆنی دارایی، بەغدا لیژنەیەکی تایبەت بۆ پەیڕەوکردنی "بودجەی هاوتەریب" پێکدەهێنێت‌و ڕاوێژکارێكى سودانیش هۆشداریدەدات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەگەر پڕۆژەکە بۆ فەرمانگە نەریتییەکان جێبهێڵرێت، بەتەواوی شکستدەهێنێت".


مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی وڵات بەمەبەستی پەیڕەوکردنی بودجەی کارایی‌و پڕۆژەکان.

ڕونیشیکردەوە، بودجەی پڕۆژەکان یەکێکە لەسیاسەتە نوێیەکانی بودجەی گشتیی لەجیهاندا، کە زیاتر گرنگی بە"هەڵسەنگاندنی خەرجییەکان" دەدات لەبری تەنها پابەندبون بەخەرجکردنی پارەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسیدارترین لایەنی بودجە بریتییە لەخەرجییەکان‌و پەیڕەوکردنی ئەم سیستمە نوێیەش بەواتای دەستبەرداربون لەبودجەی بەندەکان نایەت کە لەبیستەکانی سەدەی ڕابردوەوە کاری پێدەکرێت، بەڵکو دەبێتە بەشێکی سەرەکی لێی.

ڕاوێژکاری دارایی زه‌یدیى ئه‌وه‌شى وت، "لەم سیستمەدا خەرجکردن لەسەر بنەمای پڕۆژەیەک دەبێت کە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، ئامانج‌و توانا داراییەکانی بۆ دیاریدەکرێت‌و پارەکە ڕاستەوخۆ بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە خەرجدەکرێت. بۆ نمونە؛ "پڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی هەژاریی" کە چەندین وەزارەت تێیدا بەشداردەبن‌و بۆ ماوەی پێنج بۆ 10 ساڵ دەبێت، خەرجییەکانی تەنها بۆ بەدیهێنانی ئەنجامەکانی ئەو پڕۆژەیە ئاڕاستە دەکرێن، دواتریش هەڵسەنگاندن دەکرێت کە ئایا خەرجییەکان ئامانجەکەیان پێکاوە یاخود نا.

به‌وته‌ى ڕاوێژكارى سه‌رۆك وه‌زیران، "سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە پێویستی بەمەرکەزییەت، پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی‌و توانای کادیری گەنج لەبواری ژمێریاریی‌و کارگێڕیدا هەیە، ئەم پڕۆژەیە پێویستی بەئیرادەیەکی باڵای جێبەجێکردن هەیەو ناتوانرێت بۆ فەرمانگە نەریتییەکان جێبهێڵرێت، چونکە ئەگەر وابێت بەتەواوی شکستدەهێنێت".

سەبارەت بەکاتی دەستپێکردن، ساڵح ڕونیکردەوە، دەکرێت "بودجەیەکی سێبەر یان هاوتەریب" پێشکەش بەپەرلەمان بکرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک قۆناغی گواستنەوە، بۆ ئەوەی ئاستی پێشکەوتنەکان دیاریبکرێت، بودجەی بەکاربردن لەعێراق زۆر گەورەیەو گۆڕینی بۆ پڕۆژە کاتی دەوێت، بۆیە پێویستە لەسەرەتادا پێشینە بدرێت بەبودجەی وەبەرهێنان کە ڕێژەی 20 بۆ 28٪ی کۆی بودجە پێکدەهێنێت".