شارپرێس:
دەستەی گشتیی کەشناسیو چاودێریی بومەلەرزەزانیی لەعێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، پێشبینییەکانی خۆی بۆ دۆخی کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەدابەزینی کاتیی پلەکانی گەرما دەکات.
بهگوێرهى بەیاننامەی فەرمیی دەستەکە، کەشوهەوای سبەینێ چوارشەممە لەتەواوی عێراقدا ئاسمان ساماڵ دەبێتو با لەجۆری باکوری ڕۆژئاواو مامناوەند دەبێت کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تۆزوخۆڵێکی مامناوەند، هاوكات، پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری وڵاتدا چەند پلەیەک دادەبەزنو بەرزترین پلەی گەرمیش لەنێوان (36 بۆ 48) پلەی سیلیزیدا تۆماردەکرێت.
دەستەی کەشناسی ڕونیکردەوە کە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ئاسمان ساماڵ دەبێتو پلەکانی گەرما لەناوچەکانی ناوەڕاست کەمێک بەرزدەبنەوە، لەکاتێکدا لەناوچەکانی باشور چەند پلەیەک دادەبەزنو لەناوچەکانی ههرێمیش جێگیردەبن، سەبارەت بەڕۆژی هەینیش، پێشبینیدەکرێت پلەکانی گەرما لەناوچەکانی ناوەڕاستو ههرێم وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵام لەناوچەکانی باشور کەمێک بەرزبونەوە بەخۆیانەوە ببینن.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، دۆخی کەشوهەوای ڕۆژی شەممەی داهاتوش بەساماڵی دەمێنێتەوەو پلەکانی گەرما لەسەرتاسەری عێراقدا هاوشێوەی ڕۆژی پێشوتر (هەینی) دەبنو هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەسەر کەشەکەدا نایەت.
