ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی تا 21ی ئاب هەڵپەسارد

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی دیپلۆماسی چاوەڕواننەکراودا، دانوستانە چڕەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەسویسرا بەناوبژیوانی قەتەرو پاکستان گەیشتە قۆناغی "پێشکەوتنی ڕاستەقینە" بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لەباشوری لوبنان دوای جێبەجێکردنی زۆربەی ئەرکە هێرشبەرییەکانی.


تاران‌و واشنتۆن؛ بەرەو ڕێککەوتنی کۆتایی
دوای خولێکی سەختی گفتوگۆکان کە بۆ ماوەی 18 کاتژمێر بەردەوامبوو، هەریەکە لەدەوحەو ئیسلامئاباد ڕایانگەیاند، لایەنەکان ڕێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ سەرپەرشتیکردنی سیاسیی پرۆسەکە، ئەم لیژنەیە نەخشەڕێگه‌یەکی پەسندکردوە کە ئامانجی گەیشتنە بەڕێککەوتنی کۆتایی لەماوەیەکدا کە لە 60 ڕۆژ تێپەڕنەکات، لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنەکان چەند هەنگاوێک دەگرێتەوە، لەوانە، لادانی کۆتوبەندەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆکان‌و ئازادکردنی بەشێک لەداراییە بلۆککراوەکان، دەستپێکردنی پلانی سەرلەنوێ ئاوه‌دانکردنەوە لەئێران.

ئەمریکا بەفەرمی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی تا ڕۆژى 21ی ئابی 2026 هەڵپەسارد، هۆکاری بڕیارەکەش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێشکەوتن له‌دانوستانە دیپلۆماسییە چڕەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران به‌دیهاتوه‌ لەناوچەی بورگنشتۆکی سویسرا بەناوبژیوانی قەتەرو پاکستان، لایەنەکانیش لەسەر نەخشەڕێگه‌یەک ڕێککەوتون کە ماوەکەی 60 ڕۆژە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی‌و ڕاگرتنی شەڕ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاى خۆیشیه‌وه‌ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتویه‌تى، "ئەم ڕێککەوتنە کاتییە ئاسانکاریی بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەیی‌و ئازادکردنی بەشێک لەداراییە بلۆککراوەکانیان دەکات".

هەڕەشەکانی ترەمپ‌و ئامادەکارییەکانی هورمز
سەرەڕای پێشکەوتنەکان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندیداو ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز بەوەڵامێکی سەربازیی زۆر بەهێز ڕوبەڕودەبێتەوە، لەبەرپەرچدانەوەی ئەمەشدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەتەواوی ئامادەییدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جوڵەیەک لەدژیان، هاوكات جه‌ى دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکرد، ترەمپ وه‌فدى ئەمریکای ڕاسپاردوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان.

لوبنان؛ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل‌و پرسی سەروەریی
له‌سه‌ر ئاستی مه‌یدانی، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لەباشوری لوبنان، بڕیاریشە کۆبونەوەیەک لەنێوان تیمە تەکنیکییەکانی ئیسرائیل‌و لوبنان ئەنجامبدرێت بۆ دیاریکردنی ئەو ناوچانەی کە حزبوڵڵای لێدەرکراوە، بەمەبەستی ڕادەستکردنیان بەسوپای لوبنان، له‌و چوارچێوەیەشدا، سەرۆکی لوبنان پێشوازیی لەهەر هاوکارییەک کرد بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕ، بەڵام جەختیکردەوە، لوبنان دەوڵەتێکی سەروەرەو کەس لەجیاتی ئەو دانوستان ناکات، وەزیری دەرەوەی لوبنانیش وتویه‌تى، "بڕیاری حکومەت بۆ سنوردارکردنی چەک تەنها لەدەستی هێزە فەرمییەکاندا بڕیارێکی کۆتاییە".