شارپرێس:
دوای چەند ڕۆژێک لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران و دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ ڕێکخستنی 60 ڕۆژی یەکەمی دوای ڕێککەوتنەکە، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا فەرمان بە پاشەکشەکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕی ئێران دەکات.
هەرچەندە ئەم دەقە لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەر نییە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەمە شکانێکی رەمزییە بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا، بەوپێیەی واتای ئەم بڕیارە ئەوەیە کە کۆنگرێس دەیەوێت دەسەڵاتە سەربازییەکانی سەرۆک لە ململانێکاندا سنووردار بکات، چونکە بەپێی دەستوور ڕاگەیاندنی شەڕ تەنها لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدایە.
هۆکاری رەمزیبوونی بڕیارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی یاساکانی کۆنگرێسەوە، تەنانەت پێویست ناکات سەرۆک مافی ڤیتۆ دژی بەکاربهێنێت.
ئەم بڕیارە وەک گورزێکە بۆ ترامپ، چونکە لە ناوەڕاستی دانوستانەکاندایە لەگەڵ ئێران، لە کاتێکدا پارتەکەی خۆی زۆرینەی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیراندا هەیە. هەروەها ئەم دەنگدانە پەیامێکی دڵنیایی دەداتە ئێرانییەکان کە دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەلایەن ترامپەوە زۆر قورس دەبێت، ئەمەش باڵادەستییان پێدەبەخشێت لە دانوستانەکاندا.
دیموکراتەکان ڕەخنە لەوە دەگرن کە ترامپ لە مۆڵەتی 60 ڕۆژی دەستووریی تێپەڕیوە بێ ئەوەی ڕەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت بۆ ئەو شەڕەی لە 28ی شوباتدا دەستیپێکرد، لە کاتێکدا ترامپ پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە شەڕەکە بەهۆی ئاگربەستەکەوە کۆتایی هاتووە.
ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت و بە بێواتا و خراپ لە ڕووی کاتەوە وەسفی کرد و ڕایگەیاند کە ئەمە کارەکەی قورستر دەکات بەڵام هەر ئەنجامی دەدات.
لە بەرامبەردا، چاک شومەری سەرکردەی دیموکراتەکان ڕایگەیاند کە نابێت ترامپ هەر لە سەرەتاوە ئەم شەڕەی دەستپێبکردایە، لە کاتێکدا جیم ڕیشی سیناتۆری کۆمارییەکان هۆشداری دا کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێرانییەکان مێزی دانوستانەکان جێبهێڵن.