بەهۆی دوو بوومەلەرزەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 168 جار خوێندراوه‌ته‌وه


 شارپرێس:

 بەهۆی دوو بومەلەرزەوە لە كاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلا 164 كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی هەزار كەسیش برینداربوون.

لەكاراكاسی پایتەختی ڤەنزوێلا دوو بوومەلەرزەی بەهێز و یەك لە دوای یەك ڕوویدا و زیانی بەرفراوانی لێكەوتەوە و چەند باڵەخانەیەكی پایتەختیش داڕمان.

دامەزراوەی جیۆلۆجی ئەمریكی، گوڕی ئەو دوو بوومەلەرزەیەی بە 7.2 و 7.5 بە پێوەرەكانی ڕێختەر خەمڵاندووە، ئەمەش وایكردووە لەنێو بەهێزترین بوومەلەرزە گەورەكاندا بێت كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە جیهاندا تۆماركراون.

دووەم بوومەلەرزە لە قووڵایی تەنها نزیكەی 10 كیلۆمەتر ڕوویدا، ئەمەش كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچە نیشتەجێبوونەكان زیاتر كرد و بەهۆیەوە ژمارەی قوربانیان زیاتربوون.

بەپێی ناوەندی جیۆلۆجی ئەمریكا، بوومەلەرزەی دووەم تەنها خولەكێك دوای بوومەلەرزەی یەكەم ڕوویداوە و ناوەندی بوومەلەرزەكە نزیكەی ١٦ كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای مۆرۆنەوە بووە. ئەم دوو بوومەلەرزەیە لە بەهێزترین بوومەلەرزەكانن كە لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەكدا لە ڤەنزوێلا تۆماركراون.

حكومەتی ڤەنزوێلا داخستنی فڕۆكەخانەی كاراكاس و ڕاگرتنی خوێندنی لە چەند ناوچەیەكی زیانلێكەوتوو ڕاگەیاند، ئەمەش دوای زیانێكی بەرفراوان لە چەندین ویلایەتی ئەو وڵاتەدا.

لە كاراكاسی پایتەخت، دانیشتووان بەپەلە ئەو باڵەخانانەیان چۆڵ كرد كە بەهۆی دوو بوومەلەرزەكەوە زیانیان بەركەوتووە. زۆربەیان لە شەقامەكاندا مانەوە.