دیوێکی تری کۆماری مهاباد لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولودییدا

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 49 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
بە حوکمی ئەوەی ئێمە نەمانتوانی سیستەمێکی دیموکراسی دابمەزرێنین، تاوەکو لەڕێگەی پەرلەمانێکی هەڵبژێراوەوە، بتوانین لێکۆڵینەوە لە هەڵەکانی پێشوو بکەین و دووبارە نەبێتەوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی دەزگایەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی کورد، بۆیە بە بەردەوامی هەڵەکانی پێشوو دووبارە دەکەینەوە. زۆرجار لە ڕێگەی بیرەوەرییەکانی کەسە ئاساییەکانەوە، باشتر لە مێژووی ڕووداوەکان دەگەین، کۆماری مهاباد بە یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی کورد دادەنرێت، چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەش لەبارەی ئەم ئەزموونە کورتەی کوردەوە نووسراوە، لەهەمانکاتیشدا هیج سەرکردەیەکی کورد لە سەدەی بیستەمدا، هێندەی قازی محەمەد، شیعری  بۆ نەنووسراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە زۆرجار، ڕۆمانسیانە سەیری مێژووی خۆمان دەکەین، تەنیا لایەنە جوانە و پۆزەتیفەکان دەبینین، لایەنە خراپ و نێگەتیفەکان نابینین، هەرئەمەش وایکردووە هەمیشە هەڵەکانی پێشوو دووبارە بکەینەوە.

لە ماوەی پێشوودا سەردانی مۆزەخانەی جەمال نەبەزم کرد، لەوێندەر کتێبخانەیەکی زۆر باشیان هەیە، کاک دەوەن مەعروف  لوتفی نواند و پێشنیازی ئەم کتێبەی بۆکردم کە ئەویش ( کوردبوون، بەشێك لە بیرەوەرییەکانی کاپیتان حەمەدی مەولوودی) چاپی چوارەم لەلایەن ناوەندی ڕەهەند لە سلێمانی چاپکراوە، راستییەکەی من پێشتر ئەم کتێبەم دیبوو، بەڵام هێشتا بڕیاری خوێندنەوەیم نەدابوو، بەڵام دواجار دەستم بە خوێندنەوەی کرد، بینیم کتێبێکی زۆر گرنگ و پڕ زانیارییە لە بارەی کوردستانی ئێران و کۆماری مهاباد و ناوچەی موکریان.
نووسەر بە زمانێکی سادە، کە زیاتر شێوەزاری موکریانی بەسەریدا زاڵە، هاتووە بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە، دیارە ئەم کتێبەش حکایەتێکی درێژی هەیە، کە ماوەی چەندین ساڵ پشتگوێخراوە، بەڵام خۆشبەختانە کاک وریا ماملێ، هەوڵێکی زۆر باشیداوە، تاوەکو ئەم بیرەوەرییانە بۆ چاپکردن ئامادەبکات و کۆیانبکەتەوە و پێشکەشی خوێنەرانی بکات، کە ئەمەش مایەی دەستخۆشیلێکردنە.
نووسەر لە بیرەوەرییەکانیدا، لە ڕێگەی باسکردنی ژیانی شەخسی خۆیەوە، وێنەیەکی کۆمەڵگەی کوردیمان لە سەدەی بیستەم بۆ دەگێڕێتەوە، باسی خراپی باوەژنەکەی دەکات، کە چۆن ژیانی لێکردۆتە دۆزەخ، پاشان ڕەوشی ژیانی کوردستانی ئێران دەکات، بەتایبەتی سەردەمی گرانی و برسێتییە گەورەکە، دواجاریش باسی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی کاتی دروستبوونی کۆماری مهاباد دەکات، چۆن ئاغا و خێڵ و مەلاکان، ڕۆڵی گەورەیان گێڕاوە، دواجاریش چۆن خێڵەکان پشتیان لە کۆمارەکە کردووە.  لەهەمانکاتیشدا باسی ڕۆڵی روسەکان دەکات لە کوردستانی ئێران و کۆماری مهاباددا، چۆن ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و سەرەکیان هەبووە لە دروستبوونی ئەم کۆمارەدا، بەداخەوە ڕۆڵی سەرەکیشیان گێڕا لە ڕووخاندنیدا. هەروەها نووسەر تیشکی خستۆتە سەر ناکۆکییە شەخسییەکانی نێوان کۆمەڵەی(ژ.ک) بەتایبەتی لەنێوان قازی محەمەد و مەحمودیان، کە بەداخەوە توندوتیژیشی تێدا بەکارهێنراوە.

ڕاستگۆترین بیرەوەری

جوانترین خاڵی ئەم بیرەوەرییە ڕاستگۆییە، بەداخەوە هەتاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری ئەو بیرەوەریانەی خوێندومنەتەوە، نووسەرەکانیان ڕاستگۆ نەبوون یان بە واتایەکی تر بەهیچ شێوەیەک باسی خاڵی لاواز و خراپی خۆیان نەکردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەم بیرەوەرییە، نووسەرەکەی بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە، ژیانی خۆی گێڕاوەتەوە، سەرەتا باسی ژیانی تراژیدیی و ناخۆشی خۆی دەکات، کە چەندە ئازار و مەینەتی بەدەست باوەژنەکەیەوە چەشتووە، لەهەمانکاتیشدا باوکی چەندە خراپ بووە، هیچ کاتێک ئامادەنەبووە، گوێ بە ئازار و مەینەتییەکانی کوڕەکەی بگرێت. کەم نووسەرم بینیووە، باسی خاڵە خراپ و نێگەتیفەکانی باوکی یان کەسی نزیکی خۆی بکات، بەڵام کاپیتان حەمەدی، بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی لایەنە دزێو خراپەکانی باوکی دەکات، باس لەوە دەکات چۆن باوکی خۆی بە کەسێکی دەروێش و پیاوچاک داناوە و دەروێشی شێخ حیسامەدینی تەوێڵە بووە، کەچی کاتێک پەلاماری ئاشووریی و مەسیحییەکانی دەڤەرەکە دەدرێت، لە ڕێزی پێشەوەی لەشکری دزی و تاڵانی کوردا بووە. باس لەوە دەکات کە باوکی گەڕاوەتەوە ئاڵتونی ماڵە مەسیحییەکانی دزیوە، بەوەش نەوەستاوە، کچێکی منداڵیشی هێناوە، ئەمەش ڕێک کار و کردەوەی داعشمان بیردەخاتەوە، هەروەها ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە زۆرجار ئێمە خۆمان بەبێ تاوان دادەنێین بەرامبەر بە دزین و تاڵان و کوشتنی مەسیحییەکان و ئێزدییەکانی کوردستان، بەڵام لەم بیرەوەرییەدا، باس لەوە دەکات کە چۆن کورد بەشداری لەو کۆمەڵکوژییەی کردووە، لە هەمووی گرنگتر کاتێک باوکی لە دزی و تاڵانی گەڕاوەتەوە، خەڵکی پیرۆزباییان لێکردووە پێیان ووتوە( غەزات موبارەک!)
(بابم سۆڤی شێخی تەوێڵە بوو، ڕۆژ و شەو وەماڵی نەدەکەوتەوە بەقسەی خۆی خزمەتی خانەقای دەکرد، لە پێشخانەی خانەقایە، کەوشی جووت دەکرد، جارجار کە دەهاتەوە ماڵ دە شووشەدا ئاوی دەستنوێژی شێخی دەهێنایەوە، بە کەوچک دەیدا بە ئێمە دەمانخواردەوە، جیرانەکانمان دەهاتن، دەپاڕانەوە و دەڵاڵانەوە بۆ تۆزێک لەو ئاوە، مرۆڤ بەزەیی پێیاندا دەهاتەوە،،ل42)
( لە سابڵاغ کوردی شار و دێهاتی بۆ تاڵان کەوتنە شوێنیان، جا بابم کە خۆی پێ موسوڵمان بوو، سەری لە فەڕزی ئیسلام خوا هەڵنەدەهێنا، نازانم لە کوێ تفەنگێکی هەڵگرت و ڕۆیی تا شەڕی کوفار بکات، ئەدی نەیدەگوت دەچم فڵان تاڵان دەکەم، پاش پازدە ڕۆژە کە گەڕایەوە، بارگینێک و بارێک و کچێکی ژیکەڵانە ، جوان ، پاک و بێگەردی هێناوە،،،ل63)
ئەوەی مایەی سەرنجم بوو، من وامدەزانی کە شێخ حیسامەدینی تەوێڵە، تەنیا لای خۆمان لە (هەورامان)، مورید و دەروێشی هەبووە، نەمزانیوە لە موکریانیش دەروێشی هەبووە.



دواکەوتووی کورد و داگیرکاری تورک
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی داگیرکردنی کوردستان، دواکەوتوویی بووە، هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتی تورکی عوسمانی، سوودیان لەم خاڵە وەرگرتووە، بەتایبەتی سۆزی ئایینی کوردیان بەکارهێناوە بۆ نیازە گڵاوەکانیان.  لەم بیرەوەرییەدا، نووسەر زۆر ڕاستگۆیانە ئەو وێنەیەی کوردستانمان بۆ باس دەکات و دەڵێت:

(سەرلەشکری تورکەکان ناوی عومەر ناجی بەگ بوو، هێشتا لە سابڵاغ جێ قوونی خۆش نەکردبوو، ژنێکی سابڵاغی هێنا، لەشکرێکی لە خەڵکی سابڵاغ کۆکردەوە کە بەشی هەرە زۆری خۆبەخش بوون، خۆشیان دەدڵیدا دەگەڕا کە دەچن بۆ خەزایە، پێیان وابوو، بێتوو بکوژرێن، ئەوە شەهیدن و نەشکوژرێن ئەوە بەشداری خەزایان کردووە و فەرزی ئیسلامیان بەجێ گەیاندووە، لە هەمووی خۆشتر ئەو شێخ و مێخەی ئێران و عێراق هەمووی دە شار خزاون و خۆیان مەڵاس داوە و هەرچی ئەو تورکانە بیڵێن، وەباڵیان بۆ دەکێشن و خەڵکیان بۆ هاندەدەن بۆ خەزایە.ل 40)
لە بەرامبەردا، ئەوانەی دژیان ڕاوەستاونەتەوە، بە توندترین شێوە سزایان داون:
( شەو کە دەنوستین و بەیانی ڕۆژ دەبۆوە، دەتدیت چەند کەس بە تاوانی ئەوەی گوێیان بۆ شڵ بکات و بچێتە خەزایە، لە مەیدان، سەریان بە دارەوە هەڵواسراوە،،،ل41)

قومار و دزیکردن
وەکو وتم یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بیرەوەرییە ئەوەیە، کە نووسەر بە ڕاستگۆیانە باسی ژیانی خۆی دەکات، باس لەوە دەکات کە چۆن قومارچی بووە و دزی لە خەڵکی کردووە.
(لە جارە ڕەشیم فێرە قومارکردن بووم،  ڕۆژانە لە نێوان قەبران، گەورە و بچووک، شێر و خەت دەکەن، منیش ئەوەی لە پارەی وەستام زیاد بوویا، بە شێر و خەت دەمدۆڕاند، ل89)
(دەستم لە هەڵوا فرۆشتن هەڵگرت، دەستمکرد بە دزیکردن، ڕۆژ دەبۆوە بە کۆڵاناندا دەسووڕێمەوە و جلو بەرگ یا کەلوپەلی خەڵکی دەدەزم ،،ل91)
لە هەمووی  سەیرتر ئەوەیە، دواتر ئەم دزە بەناوبانگەی شار، قازی محەمەد دەیکاتە بەڕێوەبەری ئاسایشی شار و نازناوی کاپیتانی پێدەبەخشێت.!

گرانی و برسێتی لە ئێران
نووسەر وێنەیەکی ڕاستەقینەی ساڵانی گرانیمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە کوردستانی ئێراندا ڕوویداوە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا، لەمبارەیەوە دەڵێت:
(ڕۆژ نەبوو کە سەت کەس لە برسان نەمرن، هیچ کوجە و کۆڵانێکت نەدەدۆزییەوە کە بە دەیان کەلاک  نەکەوتین، پشیلە و سەگ نەما، هەمووی خورا، لە چۆم و ئاوان، ڕقە، بۆق و ڕژاڵ هەموو خوران، بەلەدیە پێڕانەدەگەیشت یەکە یەک کەلاکان بنێژێ، چاڵی گەورەیان هەڵدەکەند و 20-30 کەلاکیان وێکڕا دەشاردەوە ،،،ل57)
لەلایەکی ترەوە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر ئەو هەژاریی و نەدارییەی کە دواتریش بەردەوام بووە، بۆیە وەکو هەندێک برادەر بۆیان باسکردووم، کە سەرو ملیۆنێک کورد لە شارە گەورەکانی ئێران دەژین.  سیاسەتی ڕژێمی شا بەرامبەر بە کورد، پشتگوێخستنی کوردستان بووە بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆیە هەمیشە کورد کۆچی کردووە بۆ شارە گەورەکانی ئێران، یان بە بەردەوامی کۆچیان بۆ باشووری کوردستان کردووە.

ڕۆڵی جاش لە کورستاندا
بەداخەوە هەمیشە خەڵکی خۆفرۆش و جاش هەبوون، ئەمانەش بە درێژایی مێژووی کورد، وەکو خاڵێکی قێزەون بە سەر نێوچەوانی مێژووی کوردەوەن و هەتاوەکو ئێستاش بەرۆکمان بەرنادەن. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
(حکومەت پێشتر لە کوردستان نەبوو، عەجەم لەسەر کوردان نەبووبون بە کەڵەگا، کوردی قارەمان لێیان دەرهەڵەبوون و دەریان کردبوون، دەنا کوردی خۆفرۆش ڕێگای بۆ ئەوانە کردەوە تا حکومەتمان بەسەردا بکەن،،،ل61)

حوکمی عەجەم
هەمیشە عەجەم ( یان ئازەرییەکان) لەناو حکومەتی ئێراندا ڕۆڵیان هەبووە، هەتاوەکو ئێستاش هەر ڕۆڵی بەهێزیان هەیە، لە لایەکی ترەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، هەمیشە ئەو کارمەندە باڵایانەی حکومەت لە کوردستانی ئێراندا، بەشی زۆریان عەجەم بوون، ئەمانەش زۆر دڵڕەقانە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان کردووە، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
(ئەو زوڵم و زۆرەی پیاوی ڕەزا شا لەو خەڵکەی دەکرد، هیچ کافرێک نەیکردووە، ئەوانە زۆربەیان لە عەجەمستانێ ڕا هاتبوون، هەمووی خەڵکیان دەچەوساندەوە و دەوڵەمەند دەبوون و خەڵکەکەشیان دە قۆڕێ دەنا،،ل135)

کۆماری مهاباد و ڕۆڵی روسەکان
کۆماری مهاباد یەکێکە لە ئەزموونەکانی کورد لە بواری حوکمڕانیدا، بەداخەوە ئەم ئەزموونەش پاش چەند مانگێک هەرەس دەهێنێت، هۆکاری سەرەکیش کشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بووە لە ناوچە کوردی و ئازەرییەکانی ئێران، هەروەکو چۆن روسیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستبوونی ئەم کۆمارەی کورددا، بەهەمانشێوەش ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە رووخاندنی کۆمارەکەدا، بەڵام لەپەنا ئەوەشدا هەندێک هۆکاری ناوخۆییش ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە ڕووخانی کۆمارەکە. بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی بە شێوازی حوکمڕانی هەبووە، دەتوانم بڵێم خراپترین جۆری حوکمڕانی  کورد بووە، هێشتا حوکمڕانییەکەی شێخ مەحمود باشتر بووە. ڕاستە هەندێک سیاسەتی کۆماری مهاباد پێشکەوتخوازانە بووە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی ڕۆشنبیریی و خوێندنەوە هەبووە، بەڵام لەمەشدا روسەکان ڕۆڵی سەرەکیان گێڕاوە و ئەوان لە پشت ئەو سیاسەتانەوە بوون. کاپیتان حەمەدی دەڵێت:
(ئاڵاسوورەکەم لە چوارچرا هەڵکردبوو، پاش 10 ڕۆژ نەماز عەلی یۆڤ گوتی:
_ئەو ئاڵایە داگرە!
_بۆچی؟ زەرەری هەیە؟ با هەر لە حەوایە بێ
_ ئاڵاکە داگرە، زۆر ناکێشێ کە ئاڵای کوردستان هەڵدەکەن!،،، ل195)
عەلی یۆڤ ئەفسەرێکی روسی بووە لە مهاباد، لێرەشەوە ڕۆڵی گرنگ و سەرەکی روسەکان دەردەکەوێت، لە دامەزراندنی کۆماری مهاباد.

رۆڵی خراپی عەشائیر و ئاغای کورد
یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی کۆماری مهاباد، ڕۆڵی خراپی خێڵەکان بوون، بەداخەوە لە حکومەتەکەی قازی محەمەدیشدا پلە و پۆستی گەورەیان هەبوو، هەر لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
(ئەو زەمانیش دەور دەوری عەشایرە، سابڵاغ لە نێو ئاغاکان بەشکراوە، هەموو ئاغاواتی عەشایر دە شاری خزوان،،،ل175
ئەوانەی لە دەوری قازی بوون ئاغا، شێخ و مەلا بوون، خۆشیان لە من نەدەهات،،،،ل215)
بەڵام هەر ئەم عەشایر و ئاغایانەش سەری قازی و کۆمارەکەیان خوارد و بەرەو شکستیان برد، هەر لەمبارەیەوە دەڵێت:
(چەند ئاغایەکی مەنگوڕان، مایۆر و ئەفسەری جەبهەی  کوردستان بوون، ئەوانە شەوێ لە کاوڵانێ خۆیان دزییەوە و چوونە پاڵ لەشکری مەنگوڕان،،، ئەوانە هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە بە دەغەڵی خۆیان وا نیشان دەدا کە گۆیا دەیانەوێ کوردستان ئازاد بکەن و بۆ کورد شەڕ بکەن، بەڵام بەیانی کە لە خەو ڕاستبووینەوە، زانیمان کە ئەوانە هەڵهاتوون و خۆیان دزیوەتەوە،،ل250)
لەماوەی پێشوودا چەندین کتێب نووسراون  لەبارەی  ڕۆڵی خێڵی مەنگور  لە بزووتنەوەی کوردایەتییدا، بەڵام وەکو لەم کتێبەدا دەردەکەوێت، ڕۆڵیان زۆر خراپ بووە، نەک ئەوان بگرە خێڵەکانی پشدەر بەگشتی،  ڕۆڵیان زۆر خراپ بووە، خەڵکی موکریان بەدەستی دزیی و تاڵانی ئەم خێڵانەوە گیریانخواردووە، زۆرجار حکومەتی ئێران باشتربووە لەو خێڵانە، لەمبارەیەوە حەمەدی مەولود دەڵێت:
(پشدەری سەردەشتیان بە خڕی تاڵان کرد و پاشانیش سووتاندیان، لە دوکان ڕابگرە تا خانووبەرەی خەڵک، هەر هەموویان سووتان، پاشان حکومەت پشدەرییان لە سەردەشت وەدەرنا و  لە سابڵاغ جەندەی وەستا و بەننای هەیە، هەمووی کۆکردۆتەوە و بۆ سەردەشتیان دەنێرێت تا ئاوەدانی بکەنەوە،،،،ل123)

حوکمی خراپی بنەماڵەی قازی
خاڵێکی گرنگی تر لەم بیرەوەرییەدا باس لە حوکمی بنەماڵەی قازی دەکات، بەداخەوە لێرەش حوکمڕانی بۆتە بنەماڵەیی و زۆرجاریش خراپ مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکی کردووە، بۆ نموونە باس لە سەدری قازی برای قازی محەمەد دەکات، حەمەدی باس لە ڕووداوێک دەکات، لەکاتێکدا ئەو ویستوویەتی سەرۆکی دائیرەی ئەمنی ڕژێمی شا بکوژێت، کە کابرایەکی عەجەم بووەو خەڵکی شارەکەی ئازارداوە، بەڵام بە فەرمانی قازی ئازاد کراوە، پاشان ئەوان ویستویانە بیکوژن، کاتێک سەدری قازی بەمە دەزانێت، دەیانەوێت ئەو بگرن و بیکوژن:
( بایزی کە پیاوی سەدری قازی بوو، بەچاو ئیشارەی دام کە بڕۆم و خۆم قوتار بکەم، بەڵام من گوێم نەدایە! تۆ مەڵێ، سەدری قازی و ئاغاکان چاویان لێبووە لە ئیشارەی کردووم، دەگەڵ وەژوور کەوتن، سەدری قازی بەردێکی لە دەستیدابوو، وا لە سەری بایزی ڕاکێشا، یەکتەختە کەوت، بەو حاڵەش لێی نەبۆوە و چەند پێلاقەشی بە ورگیدا داو بەسەریدا قیژاندی: سەگباب، هەموو ئێمە کوێر بووین، چاوت لێدەترووکاند کە بڕوات، بایز کەلاکی کەوت و بە دارەمەیت رەکێشیان کرد بۆ هەیوانەکەی ئیدارەی،،،ل157)

هۆکاری ئەم هەموو توندوتیژیەش لەبەرئەوەی ئەمان ویستویانە پیاوێکی دڕندەی ڕەزا شا بکوژن، کە ماڵی قازی داڵدەیان داوە، لەلایەکی ترەوە حوکمی ناشرین و دڕندەیی بنەماڵەی قازی دەردەکەوێت. لە هەمووی سەیرتر، ئەگەر روسەکان نەبوونایە، ئەوا حەمەدی مەولودیان لەبەر ئەو کابرا عەجەمە دەکوشت، کە پێشتر سەرۆکی دەزگای ئەمنی شاری سابڵاغ بووە و خەڵکی کوردی ئازارداوە.

ڕادەستکردنی ئاسایشی شار بە کەسێکی دز
ئەوەی مایەی سەرنجە  قازی محەمەد ئاسایشی شاری مهاباد ڕادەستی حەمەدی مەولودی دەکات، لەکاتێکدا ئەم پیاوە خۆی دەڵێت،( دز بووم)، ئایا دەکرێت ئاسایشی شارێک ڕادەستی کەسێک بکرێت کە پێشتر دز و ڕێگر بووە؟ جگە لەوەش بەشێکی زۆری ئەوانەی پلە و پۆستیان لە کۆمارەکە وەرگرتووە، شایستەی ئەوە نەبوون، یان کەسانی ناشارەزا بوون، بەتایبەتی لەڕووی سەربازییەوە.

 ڕۆڵی گرنگی چوار ئەفسەرە کوردەکە و بارزانییەکان
خاڵێکی گرنگی تری ئەم بیرەوەرییە باس لە ڕۆڵی گرنگی ئەو چوار ئەفسەرە کوردە دەکات کە لە باشووری کوردستانەوە چوون بۆ یارمەتیدانی کۆمارەکە کە ئەوانیش: (مسته‌فا خۆشناو، محه‌مه‌د قودسی، عیزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و خیروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم) بەداخەوە دوای ڕووخانی کۆمار، خۆیان ڕادەستی عیراق دەکەنەوە، پاشان لەسێدارە دەدرێن، بە بڕوای من هۆکاری سەرەکی لەسێدارەدانیان ئەوەبوو، کە ئینگلیز زانیویەتی، چەندە ئەم ئەفسەرانە ڕۆڵی گرنگیان لە کۆماری مهاباد گێڕاوە. لەمبارەیەوە حەمەدی مەولودیش زۆر بە باشی وەسفیان دەکات، بەتایبەتی مستەفا خۆشناو. ( هێندەی پێنەچوو کە حەمەڕەشیدخانی بانە بۆی دەرچوو، مستەفا خۆشنا بوو بە فەرماندەی جەبهەی سەقز و بانە،،ل227)
ئەوەی مایەی سەرنجە لەناو سوپای ئێراندا ئەفسەری کوردی تێدابووە، بەڵام نەهاتوون  یارمەتی کۆمارەکە بددەن، کەچی لە کوردستانی عیراقەوە، کۆمەڵێک ئەفسەر دەچن بۆ یارمەتیدانی کۆمارە کوردییەکە.
لەلایەکی ترەوە بارزانییەکانیش ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە لە شەڕەکان لەگەڵ سوپای ئێراندا، ئەمەش بە شاهیدی حەمەد مەولودی، هەرچەندە بەداخەوە ئەو خێڵانەی دەوربەری مهاباد، لەجیاتی ئەوەی بەرگری لە کۆمارەکە بکەن، ڕۆڵی خراپیان  گێڕاوە.

دژایەتی سینەما
خاڵێکی تر کەمایەی سەرنجم بوو ئەوەیە، کە قازی محەمەد دژی دانانی سینەما بووە لە شاری مهاباد، لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:
(قازی گوتی:
_ دەزانی بۆ بانگم کردووی؟ ئەوە ئینگلیسەکان سینەمایان هێناو تا پیشانی شارەکەی دەن، کارێکی وابکە سینەماکە بشێوێنی، نەیهێڵی سینەما کار بکات تا بڕۆن و فانی بن ،،،196)
بەداخەوە ئەمیش بە قسەی قازی دەکات و ناهێڵێت سینەما بێتە مهابادەوە، ئەمەش سیاسەتێکی دواکەوتووانە بووە کە لەلایەن، قازی محەمەدەوە دژی هونەر پێڕەوکراوە.

ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵەی ( ژ.ک)
کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان کە بە ( ژ.ک) ناسراوە، یەکێکە لە ڕێکخراوە گرنگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆڵی گرنگی هەبووە بەتایبەتی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم. نووسەر لەم کتێبەدا باس لە دروستبوونی کۆمەڵەی( ژ.ک) و ناکۆکی و خاڵە نێگەتیفەکانی دەکات و دەڵێت:
(ئەوەی لە دەوری کۆمەڵە بوو، سەتی نەوەد و پێنجی ئاغاوات و توجار و سەیدبوون، ئەوانەش بێزیان لە خەڵکی کاسب و زەحمەتکێش دەبۆوە، ئەوانە داخیلی شتێک نابن کە قازانجی خۆیانی تێدا نەبێ، ئەوانە کە زگیان بە خەڵکی زەحمەتکێش و داما و نەسووتێ، چۆن زگیان بە کوردستان دەسووتێت؟ل163)
پاشان  زۆر وەسفێکی جوانی دەوڵەمەندی کوردستانی ئێرانی کردووە و دەڵێت:
( دەوڵەمەندی کورد لەبەرانبەر عەجەماندا خۆپێکەم و لە بەرانبەر کوڕە فەقیر و نەدارانیشدا شێرن،،ل141)
لەلایەکی تریشەوە باس لە ناکۆکی سیاسیی و شەخسی نێوان ئەندامانی کۆمەڵە دەکات بەتایبەتی ناکۆکی شەخسی نێوان قازی محەمەد و مەحمودیان، لەمبارەیەوە دەڵێت:
(قازی پاش گلەییەکی زۆر گوتی:
ئێستا ئەوە وەدووی "مەحمودیان" کەوتووی؟ حزبی تودەتان پێکەوەناوە؟ ئاخر چۆن ئەتو نازانی "مەحمودیان" بە قسەی ئینگلیزەکان ئەو ئاژاوەیەی ناوەتەوە،،ل187)
دواتر قازی قەناعەتی پێدەکات و دێتە بەرەی ئەو، هەر کاتێک مەحمودیان و گرووپەکەی کۆدەبنەوە، ئەمان دەچن شەڕیان پێدەفرۆشن و ناهێڵن قسە بۆ خەڵکی بکەن، دواتریش "مەحمودیان" دەکوژرێت، ئەمەش خاڵێکی ناشرینی بزووتنەوەی کوردایەتییە، کە هەمیشە ناکۆکی نێوان سەرکردەکان، بە خوێنڕشتن کۆتایی پێهاتووە.

چەند سەرنجێک
دووبارە جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک وریا ماملێ بکەین، بۆ کۆکردنەوە و بە چاپگەیاندنی ئەم دەستنووسە گرنگە، بە بڕوای من، دەبوایە زۆر زووتر ئەو دەستنووسانەی حەمەدی مەولودی چاپکرایە، چونکە زۆر سوودی بۆ مێژووی کورد دەبوو.
لەلایەکی ترەوە من پێموایە باشتربوو کە ئەم کتێبە بکرایە بە ڕۆمان، بەتایبەتی کاتێک نووسەر بەوپەڕی ووردەکارییەوە باسی ژیانی منداڵی خۆی دەکات، چ ئازار و مەینەتییەکی بەدەست باوەژنەکەی بینیووە، یان ژیانی لەناو زیندانەکانی عیراقدا، چۆن لەزیندان فێری نووسین و خوێندن بووە، پاشان شێخ لەتیفیش زۆر یارمەتی داوە، هەموو ئەمانەش حکایەتی زۆر جوانن.   ڕۆمانی بیۆگرافی یەکێکە لە جۆرە جوانەکانی ڕۆمان، دەکرا ئەم کتێبەش وەکو ڕۆمانێکی بیۆگرافی بنووسرایە، دڵنیام زۆر باشتر بڵاودەبوویەوە و دەرفەتی ئەوەشی هەبوو کە وەربگێڕدرێتە، سەر زمانە جیهانییەکان، چونکە  ئەو ئازار و مەینەتییانەی کە حەمەدی مەولودی بە منداڵی چەشتوویەتی، هیچی کەمتر نییە لە ئازارەکانی ( ئۆلیڤەر تویست)، کە لەلایەن ڕۆمانوونسی ناوداری ئینگلیزییەوە چاڕل دیکنز ساڵی 1839 بە چاپ گەیەنراوە و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێردراوە و هەتاوەکو ئێستاش لەلایەن خوێنەران، بە کارێکی گرنگ دادەنرێت. دەکرا ئەگەر کاک وریا خۆشی نەیتوانیوە بیکاتە ڕۆمان، ئەوا بیدایە بە ڕۆماننووسێک بۆئەوەی بیکاتە ڕۆمانێک. هیوادارم لە داهاتوودا ئەم بیرەوەرییانە بکرێنە ڕۆمان یان فیلمێکی سینەمایی لێ بەرهەمبهێنرێت.
بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە زۆر قسە هەڵدەگرێت و زانیاری زۆری تێدایە، کە خوێنەر دەتوانێت سوودی لێببینێت، لەهەمانکاتێشدا لەو باوەڕەدام، کە ئێمە هێشتا زۆر خاڵی شاراوەی کۆماری مهاباد هەیە، کە ئاگامان لێی نییە، هیوادارین لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی ئەم ئەزموونەی کوردەوە بنووسرێت.

بەپەلە