شارپرێس:
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا داوا لەهاوڵاتیانی خۆی دەکات بەزوترین کات عێراق جێبهێڵن، دەشلێت، ئەو ناوچانەی پێشتر كراونەتە ئامانج هەمویان مەترسیدارن و لێی نزیك مەبنەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، سەلامەتی هاوڵاتیانی ئەمریکی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەکارە هەرە لەپێشینەکانە، حکومەتی واشنتۆن لەئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بژاردەی دیکەیە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییەکانی بۆ جێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باڵیۆزخانەکە هۆشداری توندی داوەتە هاوڵاتیانی و ڕایگەیاندوە،"ئێران و گروپە ملیشیاکانی هاوپەیمانی، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتی گشتی دروست دەکەن".
ئاماژە بەوەش کراوە، پێشتر هێرش کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق، لەوانەش هۆتێلەکان، کۆمپانیاکان و ژێرخانی هەستیار، هەروەها مەترسی رفاندنیش لەسەر هاووڵاتیانی ئەمریکی هەیەو دەڵێت، ئەوانە ناوچەی مەترسیدارن.
هەروەها باڵیۆزخانەکە رێنمایی هاوڵاتیانی دەکات کە خۆیان لە کۆبونەوەو شوێنە گشتییەکان بەدور بگرن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، سەبارەت بەو کەسانەشی کە ناتوانن یان بڕیاری مانەوەیان داوە، داوایان لێکراوە لەشوێنی ئارامدا بمێننەوەو خۆراکی پێویست، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانیان یەدەگ بکەن.
سەبارەت بەچۆنیەتی دەرچون لەعێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندوە، لەئێستا ئاسمانی عێراق داخراوەو هیچ گەشتێکی ئاسمانی بونی نییە، بەڵام ڕێگا وشکانییەکانی بەرەو وڵاتانی (ئوردن، کوەیت، سعودیەو تورکیا) کراوەن و ئامرازەکانی گواستنەوەی ناوخۆیی کار دەکەن، هاوکات هۆشداری ئەوەشی داوە کە لەوانەیە ئەو دەروازە سنورییانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دابخرێن و گەشتیاران ڕوبەڕوی دواکەوتنی زۆر ببنەوە.
