شارپرێس:
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی پارتی لەنوسینێكدا بەناونیشانی كاتێكد دەوڵەت هەڵدەبژێردرێت كەنەبێت، دەڵێت، ئەگەر دەوڵەتێک بێ ئیرادەو نیمچە بەڕێوبراوبێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی لاوازو بێکەڵکە، دەشلێت، ئەگەر دەوڵەت ئاڕاستەی ناوخۆیی خۆی ڕانەگەیەنێت، ئەوا ئەوانەی فەرامۆش کراون چیتر خۆیان بە پابەند نازانن بە ئینتیما بۆ دەوڵەت، ئەگەر بە بێدەنگیش بێت.
لەدرێژەی نوسینەكەیدا ئاماژە بەوە دەدات، زۆرجار نهێنی لەگەلێک یان لەبەشێکی گەل دەشاردرێتەوە سەبارەت بە ڕاستی دەوڵەتەکەیان، ئەگەرێکی کراوەیەو دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ گەلەکەی و شێوازی پێدانی زانیاری بە ڕای گشتی ناوخۆ
دەشلێت، ئەگەر دەوڵەت ئاڕاستەی ناوخۆیی خۆی ڕانەگەیەنێت یان بەپڕوپاگەندەیەکی پووچ دایپۆشێت، ئەوا ئەوانەی فەرامۆش کراون چیتر خۆیان بە پابەند نازانن بە ئینتیما بۆ دەوڵەت، ئەگەر بە بێدەنگیش بێت.
فازڵ میرانی نوسیوشیەتی،" ئەو دەوڵەتەی نایەوێت لەچەمکی دەوڵەت دەربچێت، پێش هەموو شتێک ڕێز لەو یاسایە دەگرێت کە خۆی دایناوەو لەدەستورێکەوە وەرگیراوە کە ڕێزی لێدەگرێت و لێی تێدەگات، خۆی پێوە پابەند دەکات و ڕێسای بۆ پابەندبون پێوەی دادەنێت و سزا بۆ سەرپێچیکارانی دیاریدەکات".
هەروەها ئەم بەرپرسەی مەكتەبی سیاسی پارتی دەشلێت، ڕێزی جەماوەر بۆ دەسەڵاتەکەی فەزایەکی گرنگە کە نابێت دەسەڵات ببێتە هۆی تێکدانی، بەهۆی دەستەوەستانی یان بەئەنقەست هەڵبژاردنی ئەوەی کە دەسەڵاتێکی بەهەیبەت بێت و شکۆی نەبێت.
جەختیش دەكاتەوە، كە کێشەکە هەرگیز قەدەری نییەو نابێت وەها نیشانبدرێت؛ چونکە دەوڵەت سەرپشکە، وەک چۆن تاک و کۆمەڵگه سەرپشکن، ئەگەر دەوڵەتێک بێ ئیرادەو نیمچە بەڕێوبراوبێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی لاوازو بێکەڵکە.
