شارپرێس:
فالح فەییاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، سەرەڕای ئەوەی خاوەن ڕوکارێکی "خاكەڕاو هێمنە"، بەڵام لەلایەن زۆرێک لەچاودێرانو تەنانەت نەیارەکانیشییەوە وەک کەسایەتییەکی "زۆرزان"و خاوەن توانایەکی بێوێنە لە"قۆستنەوەی دەرفەتەکان" تەماشا دەکرێت.
ئەم تایبەتمەندییانە وایانکردوە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لەلوتکەی دەسەڵاتی دەستەی حەشدی شەعبیدا بمێنێتەوە، سەرەڕای هەبونی ململانێی توندی ناوخۆییو جەمسەرگیرییە سیاسییەکان.
لەنوێترین پێشهاتدا، ڕۆژی سێشەممە هێرشێکی ئاسمانی کە دەوترێت ئەمریکی بوە، ماڵێکی لەگەڕەکی عەرەبی لەشاری موسڵ کردە ئامانج کە فەییاز بەکاریدەهێنا، بەڵام ناوبراو لەوکاتەدا لەوێ نەبوە.
فەییاز لەساڵی 1956 لەبەغدا لەدایکبوەو لەساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەئەندازیاریی کارەبا لەزانکۆی موسڵ بەدەستهێناوە، ناوبراو سەر بەعەشیرەتی "ئەلبو عامر"ە کە خاوەنی زەوییەکی کشتوکاڵیی بەرفراوانن لەناوچەکانی ڕاشدییەو تارمییە لەباکوری بەغدا.
دەوترێت ئەم پێگە عەشایەرییەی بوهتە هۆی ئەوەی لەسێدارەدان لەسەردەمی ڕژێمی بەعس ڕزگاری بێت، چونکە خێزانەکەی پێگەیەکی تایبەتیان لای سەدام حوسێن هەبوەو دوای سەردانێکی خێزانیی، سزای سێدارەکەی کە لەساڵی 1980 بەتۆمەتی ئەندامێتیی لەحزبی دەعوە بۆ دەرچوبوو، گۆڕدرا بۆ 20 ساڵ زیندانیی.
دوای ساڵی 2003 فەییاز هاتە ناو کایەی سیاسییو سەرەتا لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەریی کاریکرد، بەڵام ناوبانگی ڕاستەقینەی کاتێک دەستیپێکرد کە چوە ناو کایە ئەمنییەکانو پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییو پاشان سەرۆکایەتیی حەشدی وەرگرت.
ئەو لەساڵی 2014و هاوکات لەگەڵ فەتوای جیهادی کیفائی، وەک سەرۆکی لیژنەی حەشد دەستبەکاربوو لەساڵی 2016 بەفەرمیی لەو پۆستەدا جێگیرکرا.
سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2018 لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە لەپۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لادرا، بەڵام لەساڵی 2020 لەلایەن مستەفا کازمییەوە دوبارە متمانەی پێدرایەوە.
فەییاز هێزی خۆی لەپەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێرانو قاسم سولهیمانى وەرگرتوەو توانیویەتی لەڕێگەی دروستکردنی حەشدی عەشایەری سوننە، هەژمونێکی سیاسییو ئابوریی گەورە لەپارێزگای نەینەواو شاری موسڵ بۆ خۆی مسۆگەربکات، هەرچەندە نەیارەکانی بەوە تۆمەتباریدەکەن کە پڕۆژەو وەبەرهێنانەکانی ئەوشارەی بۆ بەرژەوەندیی خۆییو خزمەکانی قۆرخکردوە.
