لەقالیبافەوە بۆ قائانی.. ئەو سەرکردەیه‌ کێیە ترەمپ دانوستانی لەگەڵ دەکات؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنی سێشەممە ڕایگەیاند، واشنتۆن لەگەڵ کەسایەتییەکی پلە یەکی ناو سەرکردایەتیی ئێراندا خەریکی گفتوگۆیە بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ، بەبێئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرابکات.


ترەمپ ئەوکەسەی بە"عەقڵانی"و "بەڕێزترین" وەسفکرد، بەڵام جەختیکردەوە، ئەوکەسە موجتەبا خامنەیی نییە، کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوكى لەیەکەم ڕۆژی جەنگ لە28ی شوباتی 2026، شوێنی باوکی گرتوه‌تەوە، ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە تاران هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی فەرمیی ڕەتدەکاتەوە.

دوای سێ هەفتە لەجەنگێکی سەخت‌و کوژرانی بەرپرسانی باڵای وەک عەلی لاریجانی، چەند ناوێک بۆ ئەو گفتوگۆ نهێنییە دەهێنرێن، کە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان، یەکێکە لەکاندیدە سەرەکییەکان کە بەهۆی پاشخانە سەربازیی‌و سیاسییەکەیەوە وەک سەرکردەیەکی کاریگەر دەردەکەوێت، هەرچەندە ئەو بەتوندی هەواڵی پەیوەندییەکەی رەتکردوه‌تەوە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار، وەک دەموچاوێکی میانڕەو دەناسرێت، بەڵام پێناچێت دەسەڵاتی تەواوی بەسەر بڕیارە ستراتیژییەکاندا هەبێت.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، ئەزمونی زۆری لەدانوستانەکاندا هەیەو دەوترێت لەپەیوەندیدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام ترەمپ باسی لەسەرکردە کردوە نەک وەزیر.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ناوی محەمەد باقر زولقەدر سکرتێری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بەهۆی پێگەی ئەمنیی‌و نفوزی لەناو سوپای پاسداران وەک یاریزانێکی سەرەکیی دەهێنرێت.

هەروەک ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس‌و ئەحمەد وەحیدی وەک بژاردەی ناو دامەزراوە سەربازییەکان دەبینرێن، بەڵام نادیاریی چارەنوسی هەندێکیان‌و سروشتی کارەکانیان، وایکردووە گومان لەسەر ڕۆڵی سیاسییان لەم قۆناغەدا هەبێت.

چاودێران دەڵێن؛ ئەم تەمومژەی ترەمپ دروستیکردوە، نیشانەی گۆڕانکارییەکی قوڵە لەناوەندی بڕیاردانی ئێراندا.