پەیامێکی توند بۆ ناوچەکە.. فەرماندە کۆنەکەی قەرارگای ڕەمەزان جێگەی لاریجانی گرتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2014 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی کتوپڕو پڕ مانا لەهاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران محەممەد باقر زولقەدری وەک سکرتێری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرد، ئەو بڕیارە تەنها پڕکردنەوەی شوێنە چۆڵەکەی عەلی لاریجانی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گۆڕینی ستراتیژیی تاران بەرەو قۆناغێکی تەواو سەربازیی‌و ئەمنی.


گەڕانەوەی پیاوە سێبەرەکە
زولقەدر کە ساڵانێکی درێژ لەپشت پەردەی بڕیارە هەستیارەکاندا بوە، ئێستا دێتە پێشەوەی ڕوداوەکان، مێژوی ئەو پیاوە گرێدراوی قەرارگای ڕەمەزانە؛ ئەو ناوەندە ئەمنییەی کە دۆسیەی هەرێمی کوردستانی لەدەست بوەو بەئەندازیاری پەیوەندییە توندوتۆڵەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان دادەنرێت.

پەیامێک بۆ هەرێمی کوردستان‌و ناوچەکە
دەستنیشانکردنی فەرماندەیەکی پێشوی قەرارگای ڕەمەزان کە شارەزاییەکی قووڵی لەجوگرافیاو سیاسەتی کوردیدا هەیە، چەند پەیامێکی گرنگ هەڵدەگرێت، یه‌كێك له‌وانه‌، توندترکردنی دۆسیە ئەمنییەکان، ئێران دەیەوێت کەسێک لەلوتکەی بڕیاری ئەمنیدابێت کە وردەکاریی کایە سیاسییەکانی دەرەوەی سنورو گروپە چەکدارەکان بەباشی بناسێت.

هاوكات کاریگەری لەسەر هەرێم، بەهۆی مێژوی کارکردنی لەمەریوان‌و پەیوەندییە مێژوییەکانی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، پێشبینیدەکرێت مامەڵەی تاران لەگەڵ هەولێرو سلێمانی بەرەو قۆناغێکی نوێی (ئەمنی-سەربازیی) بڕوات، وەڵامدانەوەی ئاڵۆزییەکان، دوای کوژرانی لاریجانی، تاران پێویستی بەکەسایەتییەک بوو کە خاوەن پاشخانێکی مەیدانی بێت نەک تەنها دیپلۆماسی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەم جەنگە ساردو گەرمەی ناوچەکەدا هاوسەنگی ڕابگرێت.

هاتنی زولقەدر کە بارەگای قەرارگاکەی لەسەرەتای جەنگەوە لەمەریوان کرایە ئامانج، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت برینە ئەمنییەکانی سارێژبکاتەوە، ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا ئەم فەرماندە کۆنەی قەرارگای ڕەمەزان، دەتوانێت ئاسایش بۆ پایتەختێک بگێڕێتەوە کە لەناوجەرگەی خۆیدا بەرپرسە باڵاکانی دەکرێنە ئامانج؟