ئیسلام ئاباد؛ هۆڵی نهێنیی ڕێککەوتن یان تەڵەی شەڕی دەرونی نێوان تاران‌و واشنتۆن؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1328 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی بۆردومانەکان بوو، ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بوەتە چەق‌و ژوری نەشتەرگەریی دیپلۆماسییەکی خێرا، ترەمپ باس لەخاڵی هاوبەشی زۆر دەکات‌و تاران-یش هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە؛ چی لەپشت پەردەی ئەم یارییە مەترسیدارەوە دەگوزەرێت؟


ئیسلام ئاباد.. ناوەندی نوێی بڕیار
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، پاکستان تەنها میواندار نییە، بەڵکو ناوبژیوانی سەرەکییە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان‌و دۆناڵد ترەمپ ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی سەربازیی پاکستان گەرەنتی ئەم گفتوگۆیانە دەکات، بڕیاریشە وه‌فدێكى باڵای ئەمریکی بەسەرۆکایەتی جی دی ڤانس‌و گارید کۆشنەر لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە.

قالیباف.. پیاوە بەهێزەکە لەمێزی دانوستان
لەکاتێکدا ترەمپ ناوی کەسی بەرامبەری نەهێناوە بۆ ئەوەی نەکوژرێت، بەڵام ئاماژەکان هەمویان بۆ محەمەد باقر قالیباف دەچن، قالیباف کە ژه‌نراڵێکی پێشوی سوپای پاسدارانەو ئێستا سەرۆکی پەرلەمانە، وەک دەسەڵاتدارترین کەسی ناو بازنەی بڕیاری ئێران دەردەکەوێت، بەتایبەت بەهۆی نزیکیی لەموجتەبا خامنەیی، واشنتۆن دەیەوێت لەگەڵ کەسێک بدوێت کە خاوەنی بڕیاری مەیدانی‌و سیاسیی بێت.

پێنج ڕۆژ بۆ یەکلاکردنەوە.. مەرج‌و هەڕەشە
ترەمپ تاکتیکی "گێزەرو دار" بەکارده‌هێنێت، لەزانستی سیاسەت‌و دیپلۆماسیدا، ئاماژەیە بۆ تێکەڵکردنی خەڵات‌و سزا بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر کە بەو شێوەیە ڕەفتاربکات کە تۆ دەتەوێت، (گێزەرەکە: ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ، دارەکە: هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزەی ئێران ئەگەر گەروی هورمز بەتەواوی نەکرێتەوە)، ئەمریکا دەڵێت 15 خاڵی ڕێککەوتن لەسەر مێزەکەیە، بەڵام ئێران دەڵێت، ئەمە تەنها شەڕێکی دەرونییە بۆ تێکدانی بازاڕەکانی ناوخۆ.

تاران لەنێوان نکوڵی‌و ناچاریی
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەو فەرماندەکانی سوپای پاسداران بەتوندی نکوڵی لەهەر دانوستانێک دەکەن، ئەمەش وه‌كو چاودێران ده‌ڵێن، دەکرێت دوو واتاى هه‌بێت، یان ئێران دەیەوێت بەم نکوڵیکردنە شکۆی ناوخۆیی بپارێزێت تائەوکاتەی ڕێککەوتنەکە دەگاتە ئەنجامی کۆتایی، یان ئەوەتا درزێکی گەورە لەنێوان باڵی سیاسی (قالیباف‌و پزیشکیان)و باڵی سەربازیی (سوپای پاسداران) دروستبوە.

ئاشتییەکی کتوپڕ یان شەڕێکی فراوانتر؟
ئیسلام ئاباد ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوییدایە، ئەگەر هەوڵەکانی کۆشنەرو ویتکۆف لەگەڵ لایەنی ئێرانی سەربگرێت، ڕەنگە لەچەند ڕۆژی داهاتودا نەخشەی ناوچەکە بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر تاران لەسەر هەڵوێستە سەربازییەکەی بەردەوامبێت، ئەوا ئەو پێنج ڕۆژەی ترەمپ دیاریکردوە، دەبێتە "هێمنیی پێش زریانەکە".

بەپەلە