شارپرێس:
لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ هاوچەرخکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانو بەهێزکردنی پێگەی ژنان، وەزارەتی ناوخۆی سوریا کردنەوەی (پەیمانگای پۆلیسی ژنان)ی لەدەوروبەری دیمەشق ڕاگەیاند، ئەم بڕیارە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو چالاکواناندا دروستکردوە، بەتایبەت کە هاوکاتە لەگەڵ پلەبەرزکردنەوەی هودا سهرجاوی بۆ پلەی عەمیدو دەستنیشانکردنی وەک بەڕێوەبەری پەیمانگاکە.
عەمید هودا سهرجاوی کە خاوەنی ماستەرە لەیاسای نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوەدەکات، کردنەوەی ئەم پەیمانگایە تەنها هەنگاوێکی ئیداری نییە، بەڵکو یەکێکە لەکۆڵەکە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە تایبەتە بەتێكهڵبونی ژنان لەپرۆسەکانی ئاشتیو ئاسایشدا.
بهوتهی عهمید هودا، بونی پۆلیسی ژن هانی خانمان دەدات بەبێ ترسو شەرم، سکاڵا لەسەر پێشێلکارییەکان تۆماربکەن، لهگهڵ دابینکردنی ژینگەیەکی مەشقو ڕاهێنان کە تایبەتمەندیی ژنان لەبەرچاو بگرێتو کادیری شارەزا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان ئامادەبکات، لهگهڵ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لەناوەندەکانی بڕیاردانی ئەمنیدا، نەک تەنها وەک کارمەندی ئاسایی.
سهرجاوی جەختدەکاتەوە، گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم کارەکەیدا، تێڕوانینی باوی کۆمەڵگەیە بۆ ڕۆڵی ژن لەکەرتی ئەمنیدا، لەگەڵ کێشەی کەمیی کادیری ڕاهێنەری پسپۆڕ، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات "پێشوازیی فراوانو داواکارییە زۆرەکانی ئارەزومەندان، نیشانەی گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە لەهۆشیاریی کۆمەڵگەدا".
ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەکی نوێ دەبینرێت بۆ بونیادنانی دامەزراوەیەکی ئەمنیی سەردەمیانە کە تێیدا ژنان هاوشانی پیاوان بەشداردەبن لەپاراستنی ئاسایشو شکۆی مرۆڤو سەقامگیریی سوریا.
