شارپرێس:
دوای ساڵانێک لەشەڕی سەختی دژی تیرۆر، ئێستا گۆڕەپانی
سوریا لەبەردەم وەرچەرخانێکی گەورەدایە، لەکاتێکدا هەندێک سهرچاوه باس لەپەشیمانیی
ئەمریکا دەکەن لەوازهێنان لەهێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بهڵام سهرچاوه
فهرمیهكانو ڕاستییە مەیدانییەکانی ئهمساڵ ئاماژە بەشتێکی جیاواز دەکەن ئهویش،
سەردەمی هێزە سەربەخۆکان کۆتاییهاتو سەردەمی یەکخستنەوەی دەوڵەت دەستیپێکردوە.
لەوەرچەرخانێکی ستراتیژیدا، واشنتۆن پەیامێکی ڕون
ئاڕاستەی هاوپەیمانە کوردەکانی دەکات لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بهگوێرهى زانیارییە
دزەپێکراوەکانیش، ئەمریکا چیتر تەنها وەک هێزێکی شەڕکەر دژی داعش سەیری هەسەدە
ناکات، بەڵکو وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی لەداهاتوی سیاسیی سوریادا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەو ڕێککەوتنانە
دێت کە ئامانج لێی گواستنەوەی شەڕڤانانە لەسەنگەرەکانی جەنگەوە بۆ ناو جومگەکانی بڕیاردان
لەدیمەشقی نوێدا، بهبڕواى چاودێران، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە واشنتۆن نەک هەر پەشیمان
نییە لەهاوپەیمانێتییەکەی، بەڵکو دەیەوێت گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەسەدە
دابین بکات لەڕێگەی بەفەرمیکردنی پێگەیان لەناو دەوڵەتدا.
واشنتۆن لەڕێگەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی خۆی
بۆ سوریا بەڕونی ڕایگەیاند، ئەرکی سەرەکی هەسەدە لەتێکشکاندنی داعش کۆتاییهاتوە، ئەمەش
بەو مانایەدێت کە ئەو پاساوە سەربازییەی هێزە ئەمریکییەکانی لەباکوری سوریا هێشتبوەوە،
ئێستا گۆڕاوە بۆ پاڵپشتییەکی سیاسیی بۆ گەیشتن بەچارەسەری کۆتایی.
خاڵی وەرچەرخانی ئەو پهیامه، واژۆکردنی ڕێککەوتنی
ئاداری 2025 بوو لەنێوان مەزڵوم عەبدیو حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق، ئەو هەنگاوە تەنها
ڕێککەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو کۆتایهێنان بوو بەخەونی ئیدارەی سەربەخۆو دەستپێکی
پڕۆسەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بوو لەناو سوپای نیشتمانیی سوریادا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە
کە کوردانو واشنتۆن گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پاراستنی مافەکان تەنها لەڕێگەی دەوڵەتێکی
ناوەندیی بەهێزەوە دەبێت.
کشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لەگەڕەکەکانی (شێخ مەقسودو
ئەشرەفیە) لەحەلەب لەسەرەتای ئهمساڵ، سەلمێنەری ئەوەیە کە پڕۆسەی ڕادەستکردنی
ناوچەکان بەدەسەڵاتی ناوەندی دەستیپێکردوە، ئەمە وەک وەڵامێکی کردەیی بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی
کە دەیانوت ئەمریکا هەوڵی مانەوەی هەمیشەیی دەدات.
بەپێچەوانەی ئەو هەواڵە چەواشەکارانەی کە دەڵێن
فەرماندەی سوپای ئەمریکا داوای گەڕانەوەی خێرای هەسەدە دەکات، واشنتۆن لەئێستادا لەبری
چەک، دیپلۆماسی بەکاردەهێنێت، ستراتیژیی ئێستای ئەمریکا زامنکردنی مافی نەتەوەیی
کوردانە لەدەستوری نوێی سوریادا، نەک هێشتنەوەیان وەک هێزێکی دابڕاو کە ببێتە هۆی
ناسەقامگیریی لەگەڵ دراوسێکان.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەجێهێشتنی بێ بەرگریی نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکە
بۆ گواستنەوەی ههسهده لەهێزێکی کاتیی بۆ بەشێک لەدەوڵەتێکی هەمیشەیی.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ڕۆژانێک قەڵغانی جیهان
بون دژی داعش، ئێستا دەبنە بەشێک لەپارێزەرانی نیشتمانێکی یەکگرتوو، ئەمریکاش لەبری
پەشیمانی، سهرقاڵى داڕشتنەوەی نەخشەیەکە کە تێیدا سوریا بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی.
