دوو دوورگە، دوو پارادایم

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 48 جار خوێندراوه‌ته‌وه


گفتوگۆیەک لەگەڵ کاک ئەبووبەکر کاروانی (بەشی دووەم و کۆتایی)
لەبەشی یەکەمدا هەوڵدرا لە سەر مەنزوەمەی مەعریفی و پارادایمی رێبەر ئۆجەلان، جیاوازی ئەم پارادایمە لە گەڵ پارادایمی باوی دەسەڵاتی ئەمڕۆی دونیا، میتۆدۆلۆژیای تێگەیشتن، جیبەجێکردن و رەخنەگرتن لەم پارادایمە باس و گفتوگۆ بکرێت. لەم بەشەدا، هەوڵدەدرێت وردبوونەوەیەکی زیاتر بکرێت لە سەر یەکێک لە رەهەندەکانی ئەم پارادایمە کە وەک نەتەوەی دیمۆکرات پێناسە دەکرێت و جیاوازییەکانی لەگەڵ چەمکی نەتەوە-دەوڵەت راڤە بکرێت.
رێبەر ئۆجەلان بە دیراسە کردن لە سەر مێژوو، سیاسەت، فەلسەفە، سۆسیۆلۆژیا، پێشکەوتنە زانستییەکان، تەکنۆلۆژیا، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان، هاوسەنگی هێزەکان گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە سەردەمێکی نۆێ بۆ مرۆڤایەتی و بۆ کورد هاتۆتە ئاراوە. رێبەر ئاپۆ هەم ئەم سەردەمە و هەم جێگای کورد لەناو ئەم سەردەمەدا پێناسە دکات.. واتە رێبەر ئاپۆ شتێک لە دەرەوە بە سەر مێژوودا، بەسەر کۆمەڵگادا ناسەپێنێت. بەڵکۆ دیالێکتیکی مێژوو دەخوێنێتەوە و لە کاتی خۆیدا دەستێوەردان دەکات. رەنگە بە تەواوی لێک نەچن بەڵام بۆ باشتر تێگەیشتن لە مەسەلەکە با نموونەی جووتیارێکی کورد بهێنینەوە. کاکی جووتیار هۆشیارییەکی لە سەر وەرزەکانی ساڵ (بڵێن مێژوو) هەیە، بە گوێرەی خۆی هۆشیارییەک و خوێندەوەیەکی مێژوویی هەیە،  بڵێین وەرزی. کاتێک کە سەردەمێک یان وەرزێک هاتە ئاراوە، جووتیار ئەم وەرزە پێناسە دەکات و بەگوێرەی خۆی دەستێوەردان دەکات بۆ گەیشتن بە بەرهەمێکی تایبەت. بۆ نموونە جووتیارەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ورزەی هاتووە بەهارە، هەربۆیە دەست دەکات بە دەستێوەردان، واتە چاندنی نەمام و یان هەر تۆیەکی دی کە بزانێت لەم ورزەدا گونجاوە. لێرەدا جووتیارەکە بە زۆر بەهار ناهێنێت، بەڵکۆ خۆی لەگەڵ بەهاردا دەخونجێنیت. ئەگەر درەنگ بمێنێت، ناچارە تا وەرزێکی دی هاتنی بەهار هەر لە درگای ئەم و ئەو بدات بۆ نانێک. رێبەر ئۆجەلانیش، وەک کوڕە جووتیارێکی کورد، بە شیکردنەوەی هەمەلایەنەی مێژووی ١٢٠٠٠ ساڵەی مرۆڤایەتی و کورد و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەنووکەیی، ئەم سەردەمە مێژوییە وەک سەردەمی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی پێناسە دەکات، تیۆریزەی دەکات، لایەنە فەلسەفەی و سیاسی و سۆسیۆلۆژییەکانی شیدەکاتەوە، بە گوێرەی ئەم شیکردنەوانە دەستێوەردان لەم سەردەمەدا دەکات و هەر نمامێک کە بزانێت بۆ گەلی کورد و بۆ مرۆڤایەتی گونجاوە دەیچێنێت. دەتوانین هەندێک لەم  نمامانە بەم شێوەیە پێناسە بکاین: ئاشتیی، ئازادی مرۆڤ، ئازادی کۆمەڵگا،  ئازادی ژن،  تاکی ئازاد  و کۆمینی دیمۆکراتیی،  یەکێتی نەتەوەیی، سیاسەتی دیمۆکراتی، نەتەوەی دیمۆکراتی، یەکێنیی دیمۆکراتی گەلی کورد، برایەتی گەلان، خۆپاراستن، ،هۆشیاری ژینگەیی،  نەورۆز، هاوڵاتی ئازاد و هتد. هەریەک لەم نمامانە بە خوێنی سەدان و هەزاران شەهید ئاودراون، زۆر زستانی سەختی زوڵم و چەوسانەوەیان تێپەڕ کردووە. هەریەکەو  چەمکێکین، رەمزێکن کە سەرەتا تەنیا لە لایەن چەند کەسێکەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە ڕەنجی نوێنەرەکان ئەو چەمکە چەکەرە دەکات و مەزن دەبێت و دەبێتە ماڵی هەموو کەسێک.  بۆ نموونە یەکەم جار مەزڵۆم دۆغان زۆر لێکۆڵینەوەی لە سەر واتای مێژوویی نەورۆز کرد، سەرلەنوێ پێناسەی کرد و  بۆ ئەوەی کە نەورۆز بکاتە رەمزی "بەرخودان" لە رۆژی نەورۆزدا لە دژی ئەشکەنجە نامروڤانەکانی زیندانی ئامەد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. دواتر زەکیە ئەڵکان، رۆناهی و بێریڤان و رەهشان لەسەر هەمان نەریت  و رێباز چالاکی گیانبازییان کرد. لە سایەی ئەم شەهیدانەوە، دوای زیاتر لە چل ساڵ نەوروز لە بۆنەیەکی گەشت و سەیران و یاپراخ و کفتە و سفرەی "حەفت سین"ەوە بووە بە بۆنەیەکی تێکۆشانی نەتەوەیی و سیاسی بۆ بەرخوەدان و ئێستا بە ملیۆنان کەس لە هەر چواربەشی کوردستان و لە چوار لای دونیا بە شێوەیەکی سیاسی و نەتەوەیی پیرۆزی دەکەن. کەس دەتوانێت بڵێت کە ئەم پیرۆزباییانە ٤٠ ساڵ لەمەو پێش هەبوون؟! یان کاتێک کە سەرەتا سەکینە جانسز بەشداری پەکەکە بوو، رەنگە زۆر کەس واتایەکی ئەوتۆی نەدەدا بە بەشداری ژن، زۆر تانە و تەشەریان لێدابێتیش، بەڵام بە پیداگری و خەبات و تێکۆشان کەسایەتی سەکینە جانسز بوو بە نەمامی ئازادی ژن و ئێستا بە هەزاران شەرڤان و گەریلا لە سەر ئەو رێبازە تێکۆشان دەکەن  و بە ملیۆنان ژنئ کورد وەک سیمبۆلی خۆیان سەیری دەکەن. دەتوانین بۆ برایەتی گەلانیش نموونەی هەڤالانی تورک حەقی قەرار، کەمال پیر و سڕی سورەیا ئۆندەر بهێنینەوە کە میراتی تێکۆشانی ئەوان بوو بە هەوێنی HDPو  یان "عەزیزی عەرەب" (خەڵکی رەققە، لە ساڵی ١٩٨٣ شەهید بووە) کە میراتی تێکۆشانی ئەو بوو بە هەوێنی HSD.
ئەگەر بە نموونەی جووتیارەکە بەردەوام بین، رەنگە ئەم کاکە بەڕیزەمان بیەوێت بە بێ خوێندنەوەی زمانی سروشت، بە گوێرەی ئارەزوو و خواستی خۆی هەوڵی روواندنی بەرهەمێک بدات. بۆ نموونە بە پشتبەستن بە ئاوی باران برنجی بەرئاو بچێنێت، لە کاتێکدا ئەرزەکە  و وەرزەکە بۆ گەنم و جۆ گونجاوترە. هەربۆیە هەرچەندەش هەوڵ بدات، ئەنجامگیر نابێت.  رەنگە هێزێک، لایەنێک، سەرکردەیەک بە بێ خوێندەوەی دیالێکتیکی مێژوویی هەوڵی دامەزراندنی سیستەمێک بدات. بەڵام ئەگەر ئەم سیستەمە بەگوێرەی دۆخی ژیۆپۆلیتک و سیۆسیۆلۆژیک و دیمۆگرافیای کورد نەبێت، ئەنجامگیر نابێت. بۆ نموونە، کورد لە سەردەمی خۆیدا نەیتوانی دەوڵەتێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات. دوای ئەوە کە دەرفەتە لە دەست چوو ئەوە سەد ساڵە کورد بۆ روواندنی دەوڵەتیک لە سەر خاکی کوردستان هەوڵ دەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرفەتەکە لەدەست دەرچوو و ئیستا هەلومەرجەکە گەنجاو نییە، وێرای هەموو گیانبازی و خوێنی پاکی بە ملیۆنان شەهید تا ئێستا سەری نەگرتووە. دەچینە بەر درگای خەڵکی و داوایان لێدەکەین کە دەوڵەتێکمان بدەنێ. ئەوانیش یان دڵنەواییمان دەدەنەوە و دەستێک بە سەرماندا دەهێنن و بە گیرفانی خاڵی ئۆغرمان دەکەن، یان سەرکوتمان دەکەن و  کۆمەڵکوژییەکمان بەسەردا دەسەپێنن. ئایا ناچارین لەمەدا هەر بەردەوام بین؟ ئایا رێگایەکی دی نییە؟ ئەی ئەگەر  ئێدی سەردەمی دەوڵەت تێپەڕ بووبێت چی بکەین؟! ئەوا چارەنووسی سوریا و ئێران و ڤێنێزوێلا دیارە! ئایا سزاواری ئەوەین کە بیکەین بە گرێیەکی دەروونی هەتاهەتایی بۆ خۆمان؟ لە جیاتی ئەوەی کە کورد لەسەر ئەم دەوڵەتبوونە پێداگری بکات، رێبەر ئاپۆ پرۆگرام و ستراتیژێکی جیاوازتر لە پێناو گەیشتن بە جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ، جۆرێکی دی لە چارەسەری پێشنیار دەکات کە لەگەڵ شەرت و مەرجی هەنووکەیی و تایبەتمەندی مێژوویی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد گونجاوە. ئەوەیش کۆمەڵگای دیمۆکراتی و سیاسەتی دیمۆکراتییە.
کە باس دێتە سەر دەوڵەت-نەتەوە و دەوڵەتی کوردی پێویستە ئاماژە بە حەقێقەتێکی مێژوویی بکەین. لە کوردستاندا تەنیا سێ سەرکردە و رێبەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان بەشێوەیەکی فەرمی و نووسراوەیی خستۆتە ناو پرۆگرامی خەبات و تێکۆشانی خۆیانەوە و لە پێناویدا تێکۆشانیان کردووە. ئەم سێ رێبەر و سەرکردەیەش شێخ مەحموود بەرزنجی، پێشەوا قازی محەمەد و عەبدوڵا ئۆجەلانن.  سەیری حزب و رێکخراوە دیارەکانی تر لە کوردستاندا بکەین، کەسیان لە پەیڕەو و  پرۆگرامی حزبی خۆیاندا باسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ناکەن یان لانی کەم کاریان بۆ نەکردووە. کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان باسی کوردستانی سەربەخۆ بۆ هەر چواربەشی کوردستانی دەکرد و لە پێناویدا تێکۆشانی دەکرد، ئەو کاتەش‌ هەر ئامانجی رەخنەکان بوو.  دەگوترا کە ئەمە شتێکی خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت. ئێستاش کە باسی کۆمەڵگای دیمۆکراتی و سیاسەتی دیمۆکراتی دەکات، دیسان هەر دەڵێین کە ئەمەش شتێکی گریمانەیی و خەیاڵییە و لەگەڵ واقیعی کوردستاندا ناگونجێت. کێشەی ئەم رەخنەگرانە لە گەڵ رێبەر ئۆجەلان ئەوە نییە کە بیرۆکەی جیاوازی هەیە، کێشەکەیان ئەوەیە کە رێبەر ئۆجەلان وجوودی هەیە. کێشەکە کێشەی هەبوونە. لە خۆیدا، ئامانجی فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلانیش چارەسەرکردنی کێشەی هەبوونە.
راستە، رێبەر ئۆجەلان بەردەوام لە ناو لێگەڕیندایە و لەسەر بنەمای رەخنە و خۆڕەخنەیی گۆڕانکاری لە هزر و پارادایمی خۆیدا کردووە.  رێبەر ئۆجەلان پێوایە ئەو کاتەی کە دەستی بە تێکۆشان کرد، هەرچەندە لە بواری هێز و ئیرادە و رێکخستندا سەربەخۆ بوو، بەڵام لە هەندێک بواردا لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی ئارایی (سۆڤیەت) دا بوو و هەندێک لە ستراتیژ و تاکتیکەکان لە ژێر ئەم کاریگەرییەدا داڕێژرابون. یەکێک لە کاریگەرییەکان ئەوە بوو کە دەوڵەت-نەتەوە وەک تاکە ئامراز دەبینرا بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی.  بەڵام زیاتر قاڵبوونەوەی فکری و فەلسەفی و لەهەمکاتیشدا کەڵەکەبوونی ئەزموونی سیاسی و کرداری رێبەر ئۆجەلانی گەیاندە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەت-نەتەوە تاکە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی نییە، چۆنکە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە لەلایەن گەلان و ئازادیخوازانەوە دانەنراوە، هەموو چوارچێوە و ناوەڕۆک و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەن چینی سەردەستەوە ە داڕێژراوە. دەوڵەت-نەتەوە رێکخسنتی چینی سەردەستە و ئامرازێکە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و دەسەڵات، لە سەر بنەمای  چەوساندنەوەی گەلان و ژنان. هەربۆیە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی کەوتە ناو لێگەڕینی نوێ، کە چۆن قەوارە و ستاتۆیەکی دیمۆکراتی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە وەک مۆدێلی چارسەری پێشکەش بکات. ئەم لیگەڕینە لە ١٩٩٣وە دەستی پێکرد و گەیشتە ئەمڕۆ کە وەک بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی" فورمیلە کراوە.
پێویستە ئەوە بزانین کە نەتەوە-دەوڵەت بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە فۆرمێکی دەسەڵاتدارییە. بە درێژایی مێژوو  زۆر شێوازی جۆراوجۆری دەسەڵاتداری دەرکەوتوون و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات  گۆڕانکاری بەسەریاندا هاتووە و لە سەردەمی جیاوازدا  فۆرمی جیاوازیان لەخۆوە گرتووە.  سەردەمانێک هێزی دەسەڵات خۆی وەک خودای سەر ئەرز پێناسە دەکرد. دوای چەند هەزارساڵ ئەمە بوو بە خودا-پاشا.  پاش چەن سەد ساڵێکی دی خۆی تەنیا وەک پاشا یان وەک ئیمپراتۆر پێناسە دەکرد. ماوەیەک خۆی وەک خەلیفە یان وەک قەشە و کەنیسە پێناسە دەکرد، ئێستاش خۆی وەک نەتەوە-دەوڵەت پێناسە دەکات. دەوڵەت-نەتەوە دوایین فۆرمی دەسەڵاتە کە دزەی کردووە ناو هەموو کایەکانی ژیان.  سبەی ئەمە دەگۆڕدرێت و هێزی دەسەڵات پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆی دروست دەکات. رەنگە ببێتە دەسەڵاتی کۆمپانیاکان، یان دەسەڵاتی ژیری دەستکرد. بەڵام گەوهەری هەموویان یەکە. ئەوە کەسەی کە ئەمڕۆ سەرۆککوماری بەهێزترین دەوڵەتی دونیایە، ئێستا خۆی بە ئاوێتەیەکی هەموو ئەم دەسەڵاتانە دەزانێت، جارێک دەڵێت من پادشام، جارێک دەڵێت من سەرۆککۆمارم، جارێک دەڵێت تەنانەت رێبەری ئایینی فڵان وڵات پێویستە من دەستنیشانی بکەم.
 لە دونیا ئەمڕۆدا باسی هەبوونی ١٩٥ دەوڵەت دەکرێت. ئەمانە خۆیان وەک دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و یەکپارچەیی نیشتمانی پێناسە دەکەن. پێویستە ئەوە بزانین کە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ تەنیا چیرۆکێکە و بەس. دەوڵەتی سەربەخۆ، سەروەری نیشتمانی و شتی لەم شێوەیە، لە راستیدا بوونی نییە. تەنیا یەک دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی هەیە، دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی دی دونیا هەموویان لقێکی ئەو دەوڵەتە ناوەندییەن. هیچ هێزێک ناتوانێت بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە دەوڵەتی ناوەندی دەوڵەتۆکێک بۆ خۆی دابمەزرێنێت. ئەگەریش دایمەزراند، یان گوێڕایەڵی دەوڵەتی ناوەندی نەبوو، ئەوا بە شێوازی جیاواز دەیڕۆخێنن، دەیخنکێنن. دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموویان لە لایەن ئینگلیز و فەرەنساوە دامەزرێنراون، تاپووەکەیان لە گیرفانی ئەم وڵاتانەدایە. ئێستا دەبینین کە ئەمریکا بووە بە دەوڵەتی ناوەندی جیهان،  داوای ئەو تاپووانە دەکات و دەیەوێت لە گیرفانی  ئینگلیز و فەرەنسا دەردیانبهێنێت و ئەو سیستەمە دەوڵەتییەی کە لە سەر بنەمای پەیمانی سایکس-پیکۆ دامەزرابوو دەیرۆخێنێت. رووداوەکانی جیهان و بەسەرهاتی ڤێنیزوێلا و عێراق و سوریا و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا ئەم راستییە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخاتە بەرچاومان.
هەروەها کاتێک کە لە مێژووی دەوڵەت-نەتەوە دەکۆڵینەوە و شەن و کەوی دەکەین دەبینین کە زۆربەیان جینۆسایدێکیان لە کارنامەدا هەیە. دەوڵەت–نەتەوە لە سەر جینوساید دامەزراوە. بە دیمۆکراسی دانەمەزراوە. بۆ نموونە دەوڵەتی ناوەندی  ئەمڕۆی جیهان کە ئەمریکایە لە سەر گۆڕی ئەو سوورپێستانە دامەزراوە کە جینوساید کران و ئەوەی لێیان ماوەتەوە وەک کەرەستەی موزەخانە سەیریان دەکرێت. ئەگینا خەڵکی رەسەن ئەمریکا، ئینگلیزی زمان نەبوون. هەروها وڵاتانی ئەمریکای لاتین ئێستا هەموو بە ئیسپانی قسە دەکەن. بۆ؟! چۆنکە هەموو خەڵکە رەسەنەکەی لە لایەن دەوڵەتی ئیسپانیاوە کۆمەڵکوژ کران. دەوڵەتی تورکیاش لە سەر مەزاری کورد و ئەرمەن و رۆم و ئاسووری و ئێزیدی دامەزراوە. خەڵکی تورکیا ئێستا هەموو بە تورکییەک قسە دەکەن کە ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش نەبوو.  هیتلەر کاتێک کە کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان دەکات، ئیلهام لە مستەفا کەمال ئاتاتورکەوە وەردەگرێت. ئەمە بە بەڵگەی مێژوویی هەموو سەلمێنراون. چیرۆکی روسیا و ژاپۆن و فەرەنسا و پۆرتۆگال و بریتانیا و هۆڵەند و هێند و پاکستان و هتد زۆر جیاواز نییە.
هەربۆیە ناتوانین لە ناو دەوڵەتدا لە دیمۆکراسی بگەڕێین. دەوڵەت جێگای دەسەڵاتپارێزییە، نەک دیمۆکراسی.  دیمۆکراسی لە هەناوی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگاکان بە درێژایی مێژوو بە پشتبەستن بە دیمۆکراسی خۆیانیان بەڕێوەبردووە. رەنگە بە شێوەی ئەمڕۆ سندووقی دەنگدان نەبووبێت، بەڵام هەمیشە جۆرێک لە بڕیار و کاری هاوبەش و هەرەوەزی  هەبوووە. دیمۆکراسیش هەر ئەوەیە. داینامۆی پەرەسەندن و پێشکەوتنی مێژووش ناکۆکی نێوان سیستەمی دیمۆکراسی کۆمەڵگا-کۆمینە لە گەڵ دەسەڵاتداری و دەوڵەت. ناکۆکی چینایەتی تەنیا بەشێکە لەم ناکۆکییە سەرەکییە. دەوڵەت کاتێک دیمۆکراتیزە دەبێت کە کۆمەڵگای لە دژی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە تێکۆشانی دیمۆکراتی بکات. ئەو تۆزە دیمۆکراسی و حقوقەش کە لە ناو هەندێک لە دەوڵەتاندا هەیە، نەک لەبەر لوتف و دڵڕەحمبوونی دەسەڵاتدار و دەوڵەتمەدارەکان، بەڵکۆ لە سایەی تێکۆشانی کۆمەڵگادا هاتۆتە ئاراوە، تێکۆشانی کۆمەڵگا سنورێکی بۆ دەسەڵاتی ئەوان داناوە، لەغاویانی کردووە و تا ڕادەیەک هاوسەنگی هێزی گەڕاندۆتەوە، ناچاریان کردووە دەستور و یاسا دابنێن. هەموو سیمبۆلەکانی تێکۆشانی ئازادی و دیمۆکراتی لە هەناوی کۆمەڵگاوە دەرکەوتوون نەک لە ناو دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەوە. دەوڵەت هەمیشە هەوڵیداوە ئەم سیمبۆلانە پاکتاو بکات. 
نووسەری بەڕێز پێ وایە کە دیمۆکراسی لە دەوڵەت-نەتەوەدایە. دەڵێیت: “دەوڵەت-نەتەوە ئەو چوارچێوە دامەزراوەیی و سیاسی و مێژووییە بووە دیمۆکراسی تیایدا گەشەی کردووە و پیادە کراوە…… لە مێژووی هاوچەرخدا لە دەرەوەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بیرکردنەوە لە دیموکراسی و ئەگەری پیادەکردنی لە وەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.” ئەمە لە کاتێکدایە گەورەترین وەهم ئەوەیە کە دیمۆکراسی لە چوارچێوەی  دەوڵەت-نەتەوەدا گریمانەی بۆ بکرێت. مێژووی دەوڵەت و مێژووی دیمۆکراسی لێک جیاوازن. مرۆڤ بە بێ دەوڵەت دەتوانێت بژیت، بەڵام بە بێ دیمۆکراسی و بە بێ کۆمەڵگا ناتوانێت بژیت. چۆنکە دیمۆکراسی و بڕیار و کاری پێکەوەیی مرۆڤەکان خودی شێوازی هاتنە بوونی کۆمەڵگایە. ٩٨%ی کۆی مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی بە بێ دەوڵەت تێپەڕ بووە. سیستەمی دەسەڵاتدار لە جیهاندا، لە هەموو شوێنێکدا، لە رێگەی دەزگاکانی وەک پەروەردە و میدیاوە وەهمێکی وەهای دروست کردووە کە گوایە بەر لەوەی دەوڵەت-نەتەوە بێتە کایەوە، لە نێوان گەلان، قەبیلەکان، عەشیرەتەکان، خێڵەکان شەڕ هەبووە و یەکترییان قەتڵوعام کردووە. لە کاتێکدا رێک پێچەوانەکەی راستە. گەلان زۆربەی کات بە ئاشتی پێکەوە ژیاون. ئەوەی کە لێیانی تێکداوە، دوژمنایەتی لە نێوان گەلاندا و تەنانەت لە ناوخۆی یەک گەلی دیاریکراویشدا دروست کردووە دامەزراوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی خۆسەپێنی دەوڵەتە. شەڕی یەکەم و دووەم و سێهەم جیهانی و بۆمبی ئەتۆم و کوژرانی بە دەیان ملیۆن کەس بەرهەمی دەسەڵاتی دەوڵەتەکانە.  با بێینە سەر باشوری کوردستان. ئارەزووی بوون بە دەوڵەت و ئارەزووی دەستبەسەردا گرتنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، کۆمەڵگای باشوری کوردستانی تا چ رادەیەک لە سەر فڵان رەنگ و فڵان زۆن دابەش کردووە؟! با لە نەوەدەکان گەڕێین، ئایا ئێستا هەموو رۆژێک رەهەندەکانی ئەم دابەشبوونە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییەوە بگرە تا دان و دەخڵ و دەرمانی دەواجینەکان نابینین؟ ئەی باشە ئەم کۆمەڵگایە کە ئاوا بە سەر جۆمگەکان و جەمسەرەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا دابەشکراوە بۆ لەسەر بابەتی رۆژئاوا هەموویان بە هەموو رەنگەکانەوە  یەک دەگرن و یەکدەنگن؟! بۆ ئەو هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە لە باشوردا بۆ بابەتی رۆژئاوا هەیە، لە پێناو خودی باشوردا نییە؟!  هۆکاری سۆسیۆلۆژی  و مێژویی ئەم هەڵوێستە چییە؟!
بۆ ئەوەی گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە بە باشی بناسین، پێویستە سەیری دوورگەکەی جێفری ئێپستین بکەین. دوورگەکەی جێفری ئێپستین تاقیگەی دەوڵەت-نەتەوەیە لە سەردەمی مۆدێرندا. پوختە و کورتکراوەی دەوڵەت-نەتەوە دوورگەکەی جێفری ئێپستینە. ئەم دوورگەیە نیشان دەدات کە سەرۆک و دەسەڵاتداری دەوڵەت-نەتەوەکان پێویستە چ جۆرە کەسایەتی و  ئەخلاقێکیان هەبێت. زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان، بە یەهوودی و مەسیحی و موسڵمان و کافریەوە، یان بوون بە میوانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین و دەستدرێژییان کردە سەر کچانی منداڵ،  یان کەرەستەی ماددی و مەعنەوییان بۆ ئەو دوورگەیە ناردووە (وەک ناردنی فەرشی کەعبە لە لایەن دەسەڵاتدارانی خەلیجەوە، ناردنی منداڵی کچ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە) و یان بۆ خۆیان دوورگەیەکی لەو شێوەیان هەیە،  یان وەک مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین گوتی باخێکیان هەیە. هەر کەسێک کە بیەوێت لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە تێبگات، ئەگەر کاتی خوێندنەوەی پەرتووکی نەبوو، تەنیا لە سەر دوورگەی ئێپستین تێڕامان بکات بەسیەتی، هەموو شتێکی بۆ روون دەبێتەوە.  پارادایمی دوورگەی ئێپستین ئەمەیە: کۆیلەکردنی مرۆڤ، کۆیلەکردن و دەستدرێژی کردنە سەر ژن، خاپورکردنی ژینگە. 
لەم دونیایەدا دوورگەیەکی دی هەیە کە رێک پێچەوانە و دژی دوورگەکەی ئێپستینە، لە پارادایمدا، لە سیاسەتدا، لە ئەخلاقدا پێچەوانەیە. ئەو دوورگەیەش دوورگەی ئیمرالییە و خاوەنی ئەو پارادایمەش رێبەر ئۆجەلانە. کێ رێبەر ئۆجەلانی دەستگیر کرد و بردی بۆ ئەم دوورگەیە؟! بێگومان خاوەن پشکەکانی دوورگەکەی جێفری ئێپستین، واتە دەسەڵاتدارنی دەرەجە یەکی  ئەوکاتەی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەریتانیا. ئەمانە کێین؟! سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا "کلینتۆن"، شازادەی بەریتانیا "ئاندرو" و سەرۆک‌وەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل. گرنگە بزانین کە رێبەر ئۆجەلان بە گەلەکۆمەی ئەم کەسانە ڕفێنرا، وەک بارمتەیەک رادەستی تورکیا کرا و ئەوە ٢٧ ساڵە زیندانی و  گۆشەگیر کراوە. بەڵگە و دۆکیومێنتەکان ئاشکرای دەکەن کە لە هەمان ساڵدا بە سەدان کچی منداڵ لە باکووری کوردستان و تورکیا رفێندراون و رادەستی دوورگەکەی جێفری ئێپستین کراون. رێبەر ئۆجەلان لەبەرامبەر ئەم زۆڵمە چۆن بەرخوەدانی کرد و چۆن دوورگەی ئیمرالی کردە قەڵایەکی بەرخوەدان لەبەرامبەر دوورگەی ئێپستین؟ ئەو بەرلە هەموو شتێک بەرخوەدانێکی فکری و فەلسەفی کرد. پارادایم و مەنزوومەیەکی مەعریفی دروست کرد رێک پێچەوانەی پارادایمەکەی دوورگەی ئێپستین. وەک خۆی دەڵێت "فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی، وەک فورمیلەیەکی سیحراوی" لەم دوورگەیەدا داڕشت. دوورگەی ئیمرالی کردە شوێنی داهێنانی مۆدێرنیەتی دیمۆکراتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی دژ بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. 
شۆڕشی کوردستان شەڕ و ململانێ نێوان پارادایمی دوورگەی ئێپستین و پارادایمی دوورگەی ئیمرالییە، شەڕ و ململانێ نێوان قوتابیانی دوورگەی ئێپستین و قوتابیانی دوورگەی ئیمرالیە. لە رۆژئاوای کوردستان هەڵگرانی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دژی هەڵگرانی فەلسەفەی دەستدرێژی و کۆیلایەتی ئیپستین لە ناو شەڕ و بەرخوەداندان. شەڕ و بەرخوەدانی شەهید زیاد حەلەب و شەهید دەنیز چیا پێویستە لەم چوارچێوەیەدا واتادار بکرێت، واتاکەشی هەر ئەوەیە. "زیاد حەلەب" و "شەهید دەنیز" قوتابی دوورگەی ئیمرالین، ئەوانەی دژبەریش قوتابی دوورگەی ئێپستینن، چەتەی سەر بە تیرۆریستێکن بە ناو جۆلانی. جۆلانی کێیە؟ ئەو کەسەیە کە ترامپی هاوڕێ دێرینی ئێپستین جل و بەرگی جیهادی لەبەر داکەند، تاقم و بۆینباخی کردە بەر و هێنایە سەر دەسەڵات، لە بەر چاوی هەموو دونیاوە.  لە کارنامەی جۆلانیدا بە سەدان رووداوی ئێپستین‌ئاسای کوشتن و دەستدرێژی هەیە، لە شەنگالەوە بگرە تا حەلەب، لە مۆسڵەوە بگرە تا ئێدلێب. ئەو کەسەی کە شەهید دەنیز چیای لە نهۆمی چوارەمی بینایەک لە حەلەب فڕی دایە خوارەوە، ئەو کەسەی کە کەزی کچە شەرڤانێکی شەهیدی لە بازاردا دەفرۆشت، هەموویان سەر بە فەلسەفە و بیر و باوەڕ و سیاسەت و کرداری دوورگەی ئێپستینن. شۆڕشی کەزی کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" پەرەیسەند بەرخوەدانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی بوو لە دژی چەتەکانی سەر بە دوورگەی ئێپستین. 
شەڕ و ململانێ نێوان دوورگەی ئێپستین و دوورگەی ئیمرالی کاریگەری لەسەر هەموو جیهانیش دادەنێت. لە لایەکەوە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" سنوورەکانی کوردستان تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دوونیادا بڵاو دەبێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دیمەنی فەزاحەتی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵکرن بە کچان سنووری دوورگەی ئێپستین تێدەپەڕێنێت و لە هەموو دونیادا بڵاو دەبێتەوە. 
رەخنە و تێڕوانین و بیر و بۆچوونەکانی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە گەوهەری دەوڵەت-نەتەوە لە لایەن هەندێک کەسەوە بە ئەنقەست وا لێکدەدرێتەوە کە ئەو لە دژی قەوارەیەکی کوردییە، لە دژی ستاتۆیەکی کوردییە. تەنانەت هەوڵدەرێت وەک دوورکەوتنەوە لە نەتەوایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. گوایە رێبەر ئاپۆ دەستی لە نەتەوایەتی و کوردبوون بەرداوە.
با شیکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی بۆ چەمکی دەوڵەت-نەتەوە لە ناو کورددا بکەین. کورد لە بەر ئەوەی کە لە لایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە و لە سەر ناوی نەتەوەیەکی دیاریکراو بەردەوام چەوسێنراوەتەوە، ئەو قەناعەتەی لا دروست بووە کە ئەگەر ئەویش خاوەن دەوڵەت بێت، کەس ناتوانێت ئێدی زۆڵمی لێبکات. ئەم قەناعەتە قابیلی تێگەیشتنە. چۆنکە تاکە مۆدێل و قەوارەی بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتداری کە لەبەر چاو بووە تەنیا مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەیە. داخوازکردنی دەوڵەت لە بنەڕەتدا داخوازکردنی قەوارە و ستاتۆیەکی گەرەنتیکراوە کە ماف و ئازادییەکانی تیادا دەستەبەر بکرێت و زوڵم و چەوسانەوە نەمێنێت. بەڵام کە لە نزیکەوە سەیری دەوڵەت-نەتەوەکان دەکەین دەبینین کە راستە دەوڵەتێک لە سەر ناوی نەتەوەیەک دامەزراوە، بەڵام ئەو دەوڵەتە بەر لە هەموو شتێک زۆڵم لەو نەتەوەیە دەکات کە لە سەر ناوەکەی دامەزراوە. دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق بە درێژایی مێژوو چ زوڵمێکیان لە نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب کردووە هەموو لەبەر چاوە. ئەو دەوڵەت نەتەوەی کە ناوی ئێرانی و فارسی لەسەرە دوو مانگ لەمەوپێش لە ٢ شەودا ٣٢هەزار فارسی نەکوشت؟! رێبەر ئۆجەلان کە ئەم کێشە گەوهەرییەی دەوڵەت-نەتەوە و قەیرانە هەنووکەیەکەی دەبینێت، جۆرێکی دی لە قەوارە و ستاتۆ بۆ چارەسەری پێشکەش دەکات کە کورد خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆی بێت، هەموو مافەکانی دەستەبەر کرابێتن بەڵام لە نەخۆشییەکانی دەوڵەت-نەتەوە وەک نەتەوەپەرستی، رەگەزپەستی، ئایینپەرستی دوور بن، پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوەکان و ئایینەکان بە بنەما بگیردرێت.  
نووسەر ئەم بۆچوونەی رێبەر ئۆجەلان وەک شتێکی خەیاڵی و وەهمی و گریمانەکراو و ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بە گروپێکی پەراوێزی دیاریکراو وێنا دەکات و پێی وایە کە ئەم فەلسەفەیە نامۆیە بە نەتەوەی کورد، لە رۆژئاوای کوردستان شکستی هێناوە و ئەوەی کە رۆژئاوای رزگار کرد کوردایەتییەکی ترە کە دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما دەگرێت. الحق و الانصاف!!! 
ئەگەر فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلان وەهم و پەراوێزخراو و گریمانەکراوە، ئەی بۆ لێدوان و هەنگاوەکانی دەبنە مانشێتی هەواڵەکان لە سەرتاسەری جیهان؟ ئایا ئەمە نیشانەی پەراوێزبوونە یان ناوەندبوون؟! با نووسەر لە خۆی بپرسێت تا ئێستا لە سەر ئەم شتەی کە  پێدەڵێت  "خەیاڵ و وەهم و گریمانە"، بۆ خۆی چەند گوتاری نووسیوە و چەن وتار و لیدوانی داوە و کۆڕ و کۆبوونەوەی کردووە؟ لە چەند تی‌ڤی‌دا قسەی لەسەر کردووە؟ بۆ پێویست دەکات مرۆڤێک لە سەر شتێکی وەهم و گریمانەکراو هێندە قسە بکات و بنووسێت؟
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ئەدەبیاتەی کە خودی نووسەر قسەی پێدەکات، زۆربەی ئەو دەستەواژانەی کە بۆ بابەتی نەتەوەیی بەکاری دەهێنیت بەرهەمی هەمان ئەو رێباز و ئایدیۆلۆژیایەن کە ئەو بە "خەیاڵ،  وەهم  و گریمانە" ناوی دەبات. ئایا بەر لە دەرکەوتنی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە کێ باسی قەوارەیەک بە ناوی "رۆژئاوای" دەکرد؟ تەنانەت کاتێک کە بۆ یەکەم جار باسی "باکور"، "باشور"، "رۆژهەڵات" و "رۆژئاوا" دەکرا، زۆر کەس گاڵتەی پێدەهات، دژایەتی دەکرد، دەیگوت ئێوە شێتن، بە وەهم و گریمانە ناوی دەبرد. ئێستا هەموو بوون بە واقیع و بوونەتە چەقی ئەدبیاتی سیاسی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان. ئەو کاتەی کە هێشتا هیچ ناونیشانێک لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە نەبوو، ئەدەبیاتی سیاسی حزبەکان  پڕ بوو لە "کوردستانی سوریا"، "کوردستانی تورکیا"، "کوردستانی ئێران" و "کوردستانی عێراق”. زۆربەی حزبەکان یان پاشگر و داشێکی عێراقی و ئێرانی و تورکی و سوری‌یان پێوە بوو، یان لە سەر ئەم داش و پاشگرە شەڕیان بوو.  ئەوەی کە "رۆژئاوا" و "رۆژهەڵات" و "باشور" و "باکوری" وەک چەمک، وەک واقیعی سیاسی خستە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و جیهان، خەبات و تێکۆشانی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەیە. بەڵام لای نووسەر ئەم تێکۆشانە هێشتا وهمە! تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ٥٠ ساڵی رابردوودا گوتاری نەتەوایەتی کوردی لە هەر چواربەشی کوردستان لە پەیوەندی و دۆستایەتی یان لە دوژمنایەتی و دژایەتی لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان و پەکەکەدا گەشەی کردووە. ئەو نەتەوایەتییەی کە بەڕێز نووسەر مەبەستییەتی ئەگەر تەنیا شتێکی لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد زیاد کردبێت "مووچە"یە و “تەیف سامی". 
 با پرسێکی پێچەوانە بکەین. دوژمنانی کورد لەم ٥٠ ساڵەی دواییدا تا ئێستا زۆرترین کۆبوونەوە، پەیمان و رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و گەلەکۆمەیان لە دژی کێ کردووە؟ کێ زیاتر لە هەمووان بووە بە چەقی گفتوگۆکان و ئامانجی هاوبەشی پەلامارەکانی ئەم دوژمنانە؟ ئەم هەموو دەوڵەتە، کە هەموو واقیعی داسەپاوی سەر ئەرزن، بۆ بێن لە دژی شتێکی وەهم و خەیاڵ و گریمانەکراو و پەراوێزخراو رێککەوتن بکەن؟ رێککەوتنی ئادانا، رێککەوتنی ئاستانا، رێککەوتنی سووچی، لەم دواییانەش رێککەوتنی پاریس.  با زۆر دوور نەڕۆین، هەر بە زوانی شیرینی کوردی لەم فواد حسێنەی خۆمان بپرسین، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، تا ئیستا لە گەڵ هاکان فیدان چەند رێککەوتنی و لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی پەیمانی جەزایری لە دژی رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە واژۆ کردووە؟! ئەگەر تۆزێک بە ویژدانەوە وڵام بداتەوە مسۆگەر  دەڵێت "بە دەیان”. 
راستە، خۆپشاندانەکانی باشوری کورستان و هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی  دەوری چارەنووسساز و مێژوویی گێڕا لە پاراستنی دەسکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا. بەڵام نە بەو شێوەیە کە نووسەر فۆرمیلەی دەکات کە گوایە "ئایدیۆلۆژیای گریمانەیی" رۆژئاوا شکستی هێنا و کوردایەتییەکی دی رزگاری کردووە. بەڵام خەڵک وا ناڵێت، حەقێقەتەکە باشتر دەبینێت. خەڵک دەڵێت کە رۆژئاوا هەموو کوردی زیندوو کردەوە و یەکی خست. با بپرسین مەگەر هەمان هەست و هەڵوێست و بیری نەتەوایەتی و کوردبوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ناو گەلی باشوری کوردستاندا نەبوو؟! بێگومان هەبوو و زۆریش بە هێز بوو. ئەی بۆ لە دژی هێرشکردنی حەشدی شەعبی لە سەر کەرکووک و خانەقین و شەنگال، گەلی باشوری کوردستان سەفەربەری رانەگەیاند و گەنجان بە خۆبەخشانە نەچووەنە بەرەکانی شەڕ؟! ئایا ئامادە نەبوو قوربانی بدات؟! بێگومان ئامادە بوو. ئایا ئەو کاتەش کەسی وەک شەهید ئەحمەد کەرکووکی و مورید گیان نەبوون؟! بێگومان هەبوون بە دەیان و سەدان هەزار هەبوون و ئامادەی هەموو جۆرە فیداکارییەک بوون.  ئەی بۆ نەکەوتنە جۆڵە؟! خۆ ئەو کوردایەتییە زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات، پێشەنگایەتی هەموو شتێکی دەکرد. ئەی بۆ شەقام نەجۆڵا!؟ نە لە باشور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان؟! چۆنکە لە ناو ئەو کوردایەتییە ناوەندی و زۆرینە و ناوەندییەی کە نووسەر باسی دەکات کەس نەبوو بڵێ "نا".
کەسێک دەتوانێت بڵێت "نا" کە پشت بە کۆمەڵگا ببەستێت.  نەتەوەپەرستی سەرەتایی لەبەرامبەر نەتەوەپەرستی ناوەندی ناتوانێت بڵیت "نا”. کۆپی لە بەرامبەر ئەسڵەوە ناتوانێت بڵێت نا. فەلسەفەی "نا" ناسنامە و داینامۆی کۆمەڵگەی دیمۆکراتی و نەتەوەی دیمۆکراتییە، فەلسەفەی نەتەوەبوون و کوردبوونە. ئەم فەلسەفەیە بووە بە عەقڵی ستراتیژی کورد. کورد بە دەیان ساڵە موتابعیەی ئەم فەلسەفەیە دەکات و لە ناخی خۆیدا هەست بە حەقێقەتەکەی دەکات. لە گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا بینوویەتی، لە شەنگال و لە کۆبانێ بینیویەتی، لە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بینیوویەتی. هەربۆیە لە کاتی چارەنووسساز دا لەم عەقڵە بە خاوەن دەردەکەوێت. ئەگەر ئەو فەلسەفە و عەقڵەی کە لە پشت رۆژئاوای کوردستانەوە  لە بەرامبەر دوژمن نەیگوتبایە "نا"، یەک تاقە کەس نە لە باشور و نە لە بەشەکانی دی کوردستان و هەندەران نەدەهاتە سەر شەقام. یەک کەس جۆڵەی نەدەکرد. ئەگەر هاتبایە سەر شەقامیش هەر زوو دەستگیر دەکرا. هەموو کەس بێ ئۆمێد دەبوو و دەشکا. بەڵام هەموو کەسێک هێزی لە ئەو "نا"یەوە وەرگرت. هەموو کورد قووڵایی ستراتیژی خۆی لە رۆژئاوا و لە فەلسەفەی پشت خۆڕاگری رۆژئاوادا بینیەوە. بۆیە کاردانەوەیەکی وەها توندی نیشاندا. هیچ دەوڵەت-نەتەوەیەک ناتوانێت لەو ئاستەدا خۆپشاندانێکی وەها ملیۆنی رێکخستن بکات. ئەمە هێزی کۆمەڵگای دیمۆکراتی کورد نیشان دەدات.
نموونەیەکی دی بۆ ناتەوانی دەوڵەت-نەتەوە لە پاراستنی نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگادا، لە پاراستنی خودی نەتەوەدا، لە بابەتی غەززە دەردەکەوێت. کورد هێشتا نەبووەتە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوە، بەڵام توانی بە پشتبەستن بە هێز و فەلسەفەی کۆمەڵگای دیمۆکراتی و بە خۆپشاندان لە هەموو کوردستان و چوار لای جیهان رۆژئاوای کوردستان رۆژئاوای کوردستان لە چارەنووسێک وەک چارەنووسی غەززە بپارێزێت. عەرەب ٢٢ دەوڵەت-نەتەوەیان هەیە و هەژماریان ٧ بەرامبەری کوردە، نیوەی نەوت و پارەی هەموو دونیا لای ئەوانە، چ چەکی پێشکەوتوو هەبێت کڕیویانە، بەڵام نەیانتوانی رێگە لە خاپوورکردنی غەززە و کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی بگرن. هەموویان لە بەرامبەر ئیسرائیل دوش داماون. دەیان هەزار منداڵ کۆمەڵکوژ کران، ئایا لە مەککە و مەدینە و شام و قاهیرە و دوبەی و ئەبوو زەبی و کوەیت و عەممان سەرهەڵدانێکی کاریگەر وەک خۆپشاندانەکانی سلێمانیمان بینی ؟ هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت-نەتەوە رۆحی ئازادیخوازی و دادپەروەری لە ناو کۆمەڵگادا کوشتووە. بەرژەوەندیخۆازی و تاکپەرستی و دەسەڵاتپەرستی تا ئەو ڕادەیە پەرەی پێدراوە کە کەس ئامادە نییە بچووکترین قوربانییەک لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا بدات. ئایا عەرەب بەرلەوەی ببن بە دەوڵەت-نەتەوە ئازاتر و ئازادتر نەبوون؟
نووسەری بەڕێز سەبارەت بە بیرۆکەی برایەتی گەلان تێڕوانینی خۆی لە‌ چەند شوێندا هێناوەتە سەرزمان و پێشنیاری گۆڕینی ئەم بیرۆکەیە بۆ "برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی" کردووە. لێرەدا پێویست ناکات مرۆڤ وەک دۆگمایەک سەیری دەستەواژەکان بکات. بیرۆکەی برایەتی گەلان بە شێوازی جۆراوجۆر دەتوانرێت پێناسە بکردرێت، دەتوانرێت وەک "برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەویی"ش فۆرمیلە بکرێت. لەمەدا هیچ کێشەیەک نییە. گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ ناوەڕۆکی ئەو دەستەواژانە پڕ بکاتەوە و لە کار و خەباتدا پێویستییەکانیان پێک بێنێت. هێنانی نموونەیەک لە باکوری کوردستانەوە دەتوانێت ئەم خاڵە زیاتر روون بکاتەوە. لە باکووری کوردستان هەندێک پارت و رێکخراو هەن کە دروشمەکانیان لە هەدەپە و دەم پارتی زۆر رادیکاڵترن. بۆ نموونە داوای فیدراڵی دەکەن، داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، تەنانەت لە هەندێک گوتار و سێمیناردا باسی سەربەخۆیی کوردستانیش دەکەن. هەر جی هەدەپەیە تەنیا داوای دیمۆکراسی دەکات و مافی پەروەردە بە زمانی دایک.  دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جیاواز هەڵوێست لەبەرامبەر  ئەم دوو ئاراستەیە دەگرێت.  بە هەزاران لە ئەندامانی هەدەپە دەخاتە زیندانەوە و بە ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵ و ٣٠٠ ساڵ سزایان دەدات. بەڵام کە دێتە سەر فیدراڵیخوازەکان و سەربەخۆخوازەکان، لە گوڵ کاڵتریان پێ ناڵێت. بۆ؟! چۆنکە دەزانێت ئەوانەی کە فیدراڵی و سەربەخۆییان دەوێت، دێن لێدوانێک دەدەن و کۆبوونەوەیەک دەکەن و دەچنەوە ماڵی خۆیان دادەنیشن و پاڵی لێدەدەنەوە، ئێدی بە تەمای خۆا. بەڵام هەدەپە وا نییە، لە ماڵ دانانیشێت، رێپێوان و میتینگ و شتی هاوشێوە دەکات، خەڵک پەروەردە دەکات، بۆ دیمۆکراسی و بۆ مافی پەروەردە شەو و رۆژ کار دەکات. واتە چی دەڵێیت هەوڵ دەدات ناوەڕۆکەکەی داگرێت و لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت. هەربۆیە‌ چەندە دروشمەکان نەرمیش بن، هەر دەیانگرن و زیندانییان دەکەن.  لێرەدا مەبەست ئەوەی کە لە پێناو"برایەتی نەتەوەکان و نێوماڵی نەتەوەیی" پێویستە کار بکەین.
نووسەری بەڕێز لە پاشخانێکی ئایینیەوە دێت. بۆ برایەتی گەلان مرۆڤ دەتوانێت لە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد نموونە بهێنێتەوە. لە ئایینی ئیسلامدا چەمکی ئوممەت هەیە، واتە هەر کەسێک لە هەر نەتەوەیەک بێت، ئەگەر بە ئیسلام ئیمانی هێنابێت، بەشێکە لە ئۆممەتی ئیسلام و هیچ جیاوازییەکی لە گەڵ عەرەبێک نییە. ئایەتی پیرۆز هەیە دەڵێت " یا ایها الناس، انا خلقناکم من ذکر و انثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا ان اکرمکم عند اللە اتقیکم ان اللە علیم خبیر".
هەروەها پەیمان مەدینە هەیە، ئەم پەیمانە پەیمانی برایەتی و پێکەوەژیانە لە نێوان موسوڵمانی عەرەب و هەموو کەمە ئایینی و کەمە نەتەوەکانی دی. ئەم پەیمانە نزیکەی نیوەی ماددەکانی سەبارت بە پەیوەندی نێوان موسڵمانانن (مهاجرین و انصار) و و نیوەی زیاتری ماددەکانیش پەیوەستن بە رێکخستنی پەیوەندی نێوان موسڵمانانە لە گەڵ پێکهاتەکانی دی. واتە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد هێندە گرنگییان بە پێکەوە ژیان و برا و خۆشکایەتی لە نێوان گەلان و ئایینەکان داوە. 
چەمکی نەتەوەی دیمۆکراتی،  برایەتی گەلان یان، برا و خۆشکایەتی گەلان، فۆرمێکی ئاپدەیتی هەمان چەمک و بۆچوونە بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان و شەرت و مەرجی سەردەم. ئایەتی “ …. ان اکرمکم عنداللە اتقیکم… " باس لە کەرامەت و تەقوا دەکات. نەتەوەی دیمۆکراتیش دەیەوێت کەرامەت و تەقوا بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. کەرامەتی وەک کەرامەت و ئازادی ژن، کەرامەت و ئازادی مرۆڤ، کەرامەت و پاراستنی ژینگە.  تەقوا و خۆپارێزی لە ستەمکردن لە مرۆڤ، ستەم کردن  لە ژن و ستەم کردن لە ژینگە.
نەتەوەی دیمۆکراسی لەجیاتی ئەوەی کە خوێن و ‌DNA و رەنگی پێست و چاو بە بنەما بگرێت، ئەم زیهنییەت بە بنەما دەگرێت. واتە ئەگەر کەسێک بڕوای بە ئازادی ژن و ئازادی کۆمەڵگە، ئازادی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە هەبێت، لە چ نەتەوەیەک دەبێت با بێت، دەتوانێت ببێت بە ئەندامێکی نەتەوەی دیمۆکراتی و بە گوێرەی برایەتی گەلان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت. کەسێک کە ئەم زیهنییەتەی نەبێت، نە وەک برا یان خۆشک، نە وەک کورد یان عەرەب و هتد، تەنانەت پێویستە وەک هەڕەشە و  مەترسییەک بۆ سەر ژن و بۆ کۆی مرۆڤایەتی و  بۆ ژینگە حیسابی بۆ بکرێت.
 لە کۆتاییدا، بزووتنەوەی ئاپوویی چ قوربانیدانێکی بۆ گەل و بۆ مرۆڤایەتی کردبێت، بە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی سەرشانی خۆی بەرامبەر بە مێژوو و گەل دەزانێت و منەت بە سەر هیچ کەس و لایەنێکدا ناکات و هەموو ئەندامانی، لە رێبەر ئۆجەلانەوە بگرە تا ئەو گەریلایەی کە دوێنێ بەشدار بووە، چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک و بەرژەوەندییەک و هیچ ژیانێکی تاکەکەسی نە لەم دونیا و نە لە قیامەتدا ناکەن. بە پێجەوانەوە وەک شەهید "خەیری دوورموش" دیڵێت بەردەوام "قەرزاری گەلن" و رەخنە لە خۆ دەگرن کە پێویست بوو زۆرتر خزمەتمان بکردایە. بەڵام ئەگەر هەوڵدانێکی بەلارێدابردن یان چەواشەکردنی دەسکەوتەکان هەبێت، پاریزگاریکردن لە دەسکەوتەکانیش ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە نووسەری بەڕێز بە ئەنقەست چەواشەکاری کردبێت. خەمخۆری و هەڵوێستی نەتەوەیی و ویژدانی‌ بەڕێزیان لەبەر چاوە. بەتایبەت لە دوای بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوبات یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی کە زۆرترین هەوڵی هەبوو بۆ تێگەیشتن و بۆ هاوبەشی کردنی ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ رای گشتی کوردستان. ئەم نووسینەی ئێستا تەنیا هەوڵدانێکە بۆ وەڵامدانەوەی کۆی هێرش و چەواشەکاری رێکخراو بۆ نکۆڵی کردن لە رۆڵی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە کوردستاندا. چۆنکە نموونەی ئەمە زۆرن. 
سەیری چیرۆک و گێڕانەوەی "فەرمییەکان" بۆ کۆبانێ و شەنگال بکەین. نکۆڵی لە رۆڵی پەکەکە دەکرێت. کەس باسی شەهیدبوونی ١٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی رزگارکردنی کۆبانیدا،  کەس باسی شەهید بوونی زیاتر لە ٢٠٠ گەریلا ناکات لە شەڕی پاراستنی ئێزیدییەکاندا. ئەم عێراقەی کە ئەو سەردەمە بە فەرمی لە زمانی سەرۆکوەزیرانەوە سپاسی پەکەکەی کرد لە بەر ئەوەی کە "نامووس و کەرامەتی مرۆڤایەتی پاراستووە"، و فەرماندەکانی سوپای عێراق لە گەریلا دەپاڕانەوە بۆ ئەوەی حەرەسی سەربازەکانیان بگرێت و تۆزێک ورەیان پێببەخشێت، ئێستا دەستی خستۆتە ناو دەستی هاکان فیدان و پەکەکەی قەدەخە کردووە، گوایە مەترسییە بۆ عێراق! لە سەردەمی راپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادیدا" هەندێک لایەن هەبوون شەن و کەوی هەموو ئەرشیف و پەرتووک و شیعر و هەڵبەستی کوردی ١٠٠ ساڵی رابردوویان دەکرد (پێم وانییە بە حەیاتیان هێندە پەرتووکیان خوێندبێتەوە) بەو هیوایەی بەڵکم لە شوێنێک ڕستەیەک بدۆزنەوە هاوشێوەی "ژن ژیان ئازادی" بێت و بتوانن بە پشتبەستن بەمە ئەم دروشمە لە رێبەر ئۆجەلان و پەکەکە بدزن. ئاساییە، مێژووی دەسەڵاتخوازی مێژووی دزینی چیرۆکەکان و گۆڕینی گێڕانەوەکانە.

بەپەلە