شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەبارەی هەناردەکردنی نەوت وردەکاری خستەڕوو

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

 

شارپرێس:

لەڕاگەیاندراوێکدا شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکارى حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم – جەیهان.

شاندەکە ڕونیکردەوە، بۆ ئەم مەبەستە، هەردوو حکومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکیی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ، هەروەها، هەردوو لا ڕێککەوتن لەسەر گرتنەبەری ڕێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت.

دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ هاوبەشیی و پشتیوانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.