جه‌لاده‌كه‌ى عه‌درا له‌ئه‌مریكا چى به‌سه‌رهات؟

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1827 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی مێژوییدا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، دەستەی سوێندخواردنی فیدراڵی لەشاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا، سەمیر عوسمان شێخ (تەمەن 73 ساڵ)، بەڕێوەبەری پێشوی بەندیخانەی (عەدرا)ی لەسەردەمی بەشار ئەسەد، بەتۆمەتی ئەشکەنجەدانی دڕندانەی زیندانیان‌و ساختەکاریی لەبەدەستهێنانی ڕەگەزنامەی ئەمریکی تاوانبارکرد.


سەمیر شێخ کە ڕۆژانێک یەکێکبوو لەپیاوە بەهێزەکانی دەزگا ئەمنییەکانی سوریاو لەساڵی 2011دا وەک پارێزگاری دێرەزور دەستنیشانکرا، وایدەزانی دەتوانێت لەئەمریکا مێژوە خوێناوییەکەی بشارێتەوە، بەڵام وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، ناوبراو بەیەک تۆمەتی پیلانگێڕیی بۆ ئەشکەنجەدان‌و سێ تۆمەتی دیكه‌ى ئەشکەنجەدانی ڕاستەوخۆ، تاوانبارکراوە.

به‌گوێره‌ى بەڵگەکانی دادگا، لەماوەی نێوان 2005 بۆ 2008 کە شێخ بەڕێوەبەری بەندیخانەی عەدرا بوە، نەک هەر فەرمانی بەئەشکەنجەدانی زیندانییە سیاسییەکان کردوە، بەڵکو خۆیشی ڕاستەوخۆ بەشداریی لەهەندێک لەوکارە نامرۆڤانەدا کردوە، ئامانجی ئەوکارانەش تەنها یەک شت بوە، "تۆقاندنی هەرکەسێک کە بیر لەدژایەتیکردنی ڕژێمەکەی ئەسەد بکاتەوە".

ئەو بەرپرسە سورییە لەکاتی چونە ئەمریکا، ڕاستییەکانی سەبارەت بەمێژوی خۆی لەدەسەڵاتدارانی کۆچ شاردوەتەوەو بەفێڵ (گرین کارت)ی وەرگرتوە، ئێستا جگە لەتۆمەتەکانی ئەشکەنجە، بەتۆمەتی درۆکردن‌و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە بەشێوەیەکی نایاسایی ڕوبەڕوی سزای زیندانی دەبێتەوە.

ئەو پیاوەی کە ساڵانێک بڕیاردەری ژیان‌و مردنی زیندانیان بوە، ئێستا ڕوبەڕوی ئەم سزایانە دەبێتەوە، تا 20 ساڵ زیندانی بۆ هەر تۆمەتێکی ئەشکەنجەدان، تا 10 ساڵ زیندانی بۆ تۆمەتەکانی ساختەکاریی لەمامەڵەی کۆچدا.

ئەو بڕیارە وەک پەیامێکی بەهێز بۆ هەموو ئەو بەرپرسانە دەبینرێت کە دەستیان لەتاوانی جەنگدا هەبوە، کە کات ناتوانێت تاوانەکانیان بشۆرێتەوەو هیچ پەناگەیەکیش لەسەر زەویدا پارێزراونییە بۆ بکوژان.

بەپەلە