کەنداڵ جودی- شارپرێس:
سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکاو ئیسرائیل، شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن، تاران بەئەنقەست خۆی لەبەئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکانی ناو خاکی سوریا دەپارێزێت، لێکۆڵەران هۆکارەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی شامو دورکەوتنەوە لەشەڕێکی هەرێمیی گشتگیر دەگێڕنەوە.
سەرەڕای شەڕی ئاشکرای ئیسرائیلو ئەمریکا دژی ئێران، بەڵام تائێستا بنکەکانی ئەمریکا لەسوریا نەکراونەتە ئامانج، لێکۆڵەرو شارەزایانیش لهوبارهوه قسهیان بۆ شارپرێس كردو ئاماژه بهپێنج هۆكارى سهرهكى دهكهن، وهكو ئهوان جهختى لهسهر دهكهنهوه، گرنگترین هۆكاریان ئەوەیە، ئێران لەڕوی ستراتیژییەوە دەیەوێت ڕژێمی نوێی سوریا لەخۆی نزیکبکاتەوە.
لە 28ی شوباتى ئهمساڵ، ئەمریکاو ئیسرائیل بەشێوەیەکی هاوبەش هێرشیانکردەسەر ئێران، لەئەنجامی ئەو شەڕەی تائێستا بەردەوامە، ئێران چەندین وڵاتی تۆپباران کرد کە بنکەی ئەمریکییان تێدایە، بەتایبەتی دەوڵەتانی کەنداو.
ئەوەی جێی سەرنج بوو ئهوهیه، تائێستا ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو بەفراوان سوریای تۆپباران نەکردوەو بنكهكانى ئهمریكاى بهئامانج نهگرتوه، سەرەڕای ئەوەی بنکەی ئاشكراى سهربازیى ئەمریکی تێدایەو حکومەتی دیمهشقیش هەڕەشە لەشیعەکانی عێراقو لوبنان دەکات.

سەرکیس قەسەرجیان ڕۆژنامەنوسو لێکۆڵەر
ئەو پرسەی ئێستا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە، بۆچی ئێران بنکەکانی ئەمریکای لەسوریا نەکردە ئامانج وەک ئەوەی لەدەوڵەتانی کەنداو کردیو بینرا، لهوبارهیهوه سەرکیس قەسەرجیان ڕۆژنامەنوسو لێکۆڵەر دەڵێت، "پێنج هۆکاری سەرەکی هەن؛ یەکەمیان، بنکەکانی ئەمریکا لەسوریا ئامانجی سەرەکیو گرنگی تاران نین، دوەمیش، ئێران دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، ژێرخانی سەربازییو گروپە لایەنگرەکانی خۆی لەسوریا لەدەستداوە، بۆیە کردنە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکا لەدورەوە لەڕوی لۆجیستییەوە قورسە، سێیەمیش، ستراتیژی درێژخایەنی تاران ئەوەیە ڕژێمی نوێی سوریا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت".
وهكو قهسهرجیان دهڵێت، "ڕژێمی نوێ وەک تاران خاوەن پاشخانێکی ئیسلامی سیاسییە، هەرچەندە لەڕوی مەزهەبەوە جیاوازبن، خاڵى چوارەمیش ئهوهیه، ئێران نایەوێت ڕژێمی نوێی سوریا تەنگهتاو بکات بۆ ئەوەی نەبێتە پێشەنگی شەڕی لەناوبردنی گروپەکانی سەر بەئێران لەلوبنان یان عێراق، پێنجەمیش، ئێران ئێستا گرنگی بەئامانجە هەرە ڕەمزییەکان یان ئامانجە خاوەن ستراتیژییەکان دەدات".
لهسهر ههمان پرس لامارا ئەکەندی ڕۆژنامەنوسو شارەزای کاروباری تیرۆر بۆ شارپرێس قسهیكردو بۆچونى وایه، "بنکەی ڕانەگەیەندراوی ئەمریکا لەسوریا هەن وەک لەلازقیە، فڕۆکەخانەی دمێرو مەزە، جگە لەبنکەکانی لەڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئێران نەیکردونەتە ئامانج، چونکە ئێستا گرنگی بەگۆڕەپانی سەرەکی شەڕ دەدات کە ئێرانو ناوچەکانی نزیک لەئێرانی تێدایە".
بهبڕواى لامارا، "ئێران نایەوێت خاکی سوریا بکاتە ئامانج تا ناوچەکە لەشەڕێکی گشتگیر بەدوربگرێت، بەتایبەت بەهۆی بونی تورکیاو ڕوسیا لەسوریا، جگەلەوەش ئێران پشت بەگروپە چەکدارەکانی دەبەستێت بۆ ناردنی نامەی ناڕاستەوخۆو ستراتیژیی بۆ ئەمریکا".
چاودێران بۆچونیان وایه، ئەگەر شەڕهكه فراوانترو گەرمتربێت، ئەگەری هەیە ئێران بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاش بکاتە ئامانج، بۆ ئهوهش قەسەرجیان باس لهوهدهكات، "ئەگەر ئێران خاکی سوریا بکاتە ئامانج، ئەوە دوای شەڕی دەسەڵاتی دیمهشق دێت دژی حزبوڵڵا لەلوبنان یان حەشدی شەعبی لەعێراق، بۆیە ئەگەر ئهوه ڕویداو دیمهشق بهفهرمى پهیوهست بوو بهشهڕهكهوه، ئهوا لهبهرامبهریشدا تاران لەژێر ناوی بونی هێزەکانی ئەمریکا، سوریا بهئامانجدهگرێتو بۆردومانى دەکات".

لامارا ئەکەندی ڕۆژنامەنوسو شارەزای کاروباری تیرۆر
لهسهر ههمان پرس لامارا ئەکەندی ڕایدهگهیهنێت، "ئەگەری هەیە ئهوه ڕوبدات، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوەسەر دۆخی شەڕو هەڕەشە ستراتیژییەکانی سەر ئێرانو هاوپەیمانەکانی".
وهكو ئهو وتى، "ئەگەر شەڕەکە ببێتە شەڕێکی هەرێمیی گشتگیر، ئەگەری هەیە تاران بۆ فشارخستنەسەر ئیسرائیلو ئەمریکا، بنکەکانی ئهمریكا لهسوریاش بکاتە ئامانج، هەرچەندە ئێستا سوریا بۆ ئێران گۆڕەپانێکی سەرەکی نییە".
ئێستا کە تاران وەک یاریزانێکی بەئارام لەگۆڕەپانی سوریادا دەردەکەوێت، ئایا ئەم بێدەنگییە تەنها تاکتیکێکی کاتییە بۆ ڕاکێشانی دڵی دەسەڵاتی نوێی شام، یان ئارامیی پێش زریانەو لەگەڵ یەکەم چەخماخەی شەڕی هەرێمی، بنکەکانی ئەمریکا لەسوریاش دەبنە سوتەمەنیی ئاگری تۆڵەکردنەوەکانی ئێران؟.