شارپرێس:
لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر گوشاری هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدایە، دەسەڵاتدارانی تاران هەڵمەتێکی فراوانی سەرکوتکردنیان دژی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان دەستپێکردوە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەکان بەهەڕەشەی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدانو بڵاوکردنەوەی چەکداری دەمامکدار، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی شەقام دەدەن.
دانیشتوانی تارانو شارە گەورەکان باس لەوەدەکەن، پیاوانی چەکدار بەجلی مەدەنیو دەمامکەوە، بەماتۆڕسکیل لەشەقامەکاندا دەسوڕێنەوەو بازگەی پشکنینی زۆریان داناوە، بهگوێرهى وتەی چالاکوانان، ئەم هێزانە تەنها بۆ ترساندنی خەڵک بڵاوکراونەتەوە نەک بۆ پاراستنیان، هاوکات پۆلیسی ئاسایی لەشەقامەکان کەمبونەتەوەو جێگەیان بەهێزەکانی بەسیجو سوپای پاسداران دراوە.
ئەحمەد ڕەزا ڕادان فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران ڕایگەیاندوە، "لانیکەم 500 کەس دەستگیرکراون بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ میدیا بیانییەکانو ناردنی زانیاری بۆ لایەنی دوژمن، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا چالاکوانی دیاری وەک (لەیلای میر غەفاری) هەن، جگە لەدەستگیرکردنی دایکو کوڕێک بەتۆمەتی دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ کوژرانی بەرپرسانی باڵا".
دەسەڵاتدارانی ئێران تەنها بەڕێگەی مەیدانی نەوەستاون، بەڵکو لەڕێگەی نامەی مۆبایلەوە هەڕەشەی تەقەکردن بەمەبەستی کوشتن لەخۆپیشاندەران دەکەن، هەروەها هەڵمەتێکی توند دژی بەکارهێنەرانی ئامێری ئینتەرنێتی ستارلینک دەستیپێکردوە بۆ ئەوەی خەڵک نەتوانن سانسۆری ئینتەرنێت بشکێننو پەیوەندیی بەجیهانی دەرەوە بکەن.
سەنەم وەکێل بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە(چاتام هاوس)، پێیوایە، ئێران ڕوبەڕوی قەیرانی بون بوەتەوە، بۆیە ئامادەیە هەموو ئامرازێکی توندوتیژ بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەهەرجۆرە جوڵەیەکی جەماوەریی کە هاوشێوەی ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2022 بێت.
