شارپرێس:
وەزارەتی داراییو ئابوری حکومەتی هەرێم بڕیارێکی نوێ بۆ بردنەدەرەوەی پارەی دۆلاری کاش لەدەروازە سنورییەکانەوە دەردەکاتو لەمڕۆوە ڕێگە بەبردنە دەرەوەی دۆلار دەدرێت لەلایەن بارزگانانەوە بەچەند مەرجێک کە ئەمەش ڕەنگە ببێتە کێشەیەکی نوێ لەنێوان حکومەتی هەرێمو بەغدا.
دوای ئەوەی لەسێ مانگی ڕابردودا بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بۆ گومرگی هاوردەی کاڵاو شمەک لەدەرەوەی وڵات کێشە بۆ بارزگانانی هەرێم دروستبوو بەهۆی ئەوەی خۆیان لەسیستمەکە تۆمارنەکردوەو لەدەروازەکانی هەرێم جێبەجێناکرێت، حکومەتی عێراق هیچ بڕە دۆلارێکی بەبەهای بانکی ناوەندیی نەداوەتە بازرگانانی هەرێمو داهاتی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوەو بەشێک لەبازرگانیی لەهەرێم گرفتی بۆ دروستوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە حکومەتی هەرێم لەڕێگەی وەزارەتی داراییو ئابورییەوە بڕیاریداوە لەمرۆوە ڕێگەی بدرێت بەبازرگانان لەبری حەواڵە، دراوی دۆلار بەکاش ببەن دەرەوەو مامەڵەکانیانی پێبکەن.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم چەند مەرجێکی دیاریکردوە بۆ ئەنجامدانی کارەکەو بردنە دەرەوەی دۆلار کە بریتین لەبونی بەڵگەنامەی فەرمیو ڕێگەپێدانو پەڕاوی پێویستی مامەڵە داراییو بازرگانیەکانی بازرگانان بۆ هاوردەی کاڵاو شمەک ئینجا ڕێگەیان پێبدرێت بۆ بردنەدەرهوەی دراوی دۆلار.
لەنوسراوەکەی وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێمدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵەوە، کێشەی گەورەی دارایی بۆ هەرێم دروستبوەو داهاتی ناوخۆ بەتەواوی کەمیکردوەو تا چارەسەرکردنی ئەو بڕیارەش، ڕێگە بەبازرگانان دەدرێت لەدەروازەکانەوە دۆلار بەکاش ببرێتەوە دەرەوە.
ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، ماوەی سێ مانگە بازرگانانی هەرێم بێبەشن لەوەرگرتنی دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندییو مامەڵەو جوڵەی بازرگانیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.
لەبەرامبەر ئەو بریارەدا بەشێک لەشارەزایانی بواری دارایی پێیانوایە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارە نەکاتو کۆنترۆڵی نەکات، ئەگەر هەیە ببێتە گرفتێکی گەورەی دارایی بۆ هەرێمو کاریگەریی لەسەر نرخو بەهای دراوی دۆلار لەبازارەکانی هەرێم بەجێبهێڵێتو بەرزی بکاتەوە.
