سامانە سروشتییەکان وەڵامی نەوتی عێراقی دایەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
شارپرێس:
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەرونکردنەوەیەکدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە.

لەڕونکردنەوەکەدا هاتووە "وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بلاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

*ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق*
وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بلاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. بۆ ڕای گشتی ئەم خالانەی خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:
١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.
٢- حکومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی  نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.
٣-میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت وگاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.
٤- بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.
٥- بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.
٦- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بوچارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.
جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/3/15

بەپەلە